بەپێی ڕاپۆرتێكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی  لە ماوەی ساڵێكدا (مانگی 1 تاكوو 12ی 2024)، سێ ملیۆن و 229 هەزار و 561 كەس كە لە سەر ئاستی خێزان 433 هەزار و 257 خێزان بووە، سوودمەندی پرۆژە و چالاكییە خێرخوازییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بوون .

لە ساڵی 2024، دەزگاكاكە 121 پرۆژەی بە بودجەی 10 ملیار و 448 ملیۆن و 140 هەزار دینار جێبەجێ كردووە، كە سوودمەندانی ئاوارە، پەنابەر، خەڵكی خۆجێیی و هاووڵاتیی وڵاتانی تری گرتووەتەوە.

ئەو بوارانەی دەزگاكە هاوكاریی مرۆیی تێدا بەخشیوە، بریتین لە كەلوپەلی ناخۆراكی، پاراستن، ئاو و ئاوەڕۆ، ژیانەوانی، بەڕێوەبردن و هەماهەنگیی كەمپەكان، پەناگە، تەندروستی، یارمەتیی نەختینە، ئاسایشی خۆراك و پەروەردە و پەرەپێدان.

هاوكات یارمەتییەكان لە ڕووی جوگرافییەوە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و نەینەوا و دیالە و بەغدای گرتووەتەوە و لەسەر ئاستی دەرەكییش، وڵاتانی سووریا و لوبنانی گرتووەتەوە.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دەزگایەکی ناحکومی و ناسیاسی و قازانجنەویستە، لە ساڵی 2005 لە ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان دامەزراوە. مەسرور بارزانی، سەرۆکی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگاكەیە و ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی کارەکانی دەکات.