ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە، بەهۆی تەقینەوەی كۆگایەكی چەك لە نزیك دیمەشقی پایتەختی سووریا، 11 كەس كوژران.
ڕوانگە ڕایگەیاندووە: كۆگاكە لە ناوچەی پیشەسازیی عەدرا بووە، كە 30 كیلۆمەتر لە دیمەشق دوورە و پێدەچێت ئیسرائیل بۆردومانی كردبێت. بەڵام سەرچاوەیەكی سەربازیی ئیسرائیلی بە ئاژانسی فرانسپرێسی ڕاگەیاندووە، ئیسرائیل بەو هێرشە هەڵنەستاوە.
ڕامی عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری، دەڵێت: بەهۆی تەقینەوەكە، لانیكەم 11 كەس كوژراون.
لە دوای كۆتاییهاتنی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا، ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەكانی بۆ سەر كۆگا و جبەخانەكانی چەك لە سووریا فراوانتر كردووە و ڕۆژانە و شەوانە هێرش دەكاتە سەر ژێرخانی سەربازیی سووریا كە ئێستا دەستەی تەحریر شام دەستی بەسەردا گرتووە و حوكمڕانیی وڵاتەكە دەكات.