بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی کانوونی یەکەمی 2024، سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ڕێگرییان لە مووشەکێک کردووە کە بە ئاراستەی ئیسرائیل هەڵدراوە، هاوکات هێرشێکی چڕی بۆسەر پێگە سەربازییەکانی حووسییەکانی کردووە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە “بەهۆی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکە زەنگی ئاگادارکەرەوە لێ دراوە.”
لای خۆیانەوە مێدیای حووسییەکان ڕایانگەیاند “بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، فڕۆکە سەنعا و حودەیدەی بۆمباران کردووە.”
بەپێی هەواڵی مێدیای حووسییەکان، ئەو بۆمبارانە، وێستگەکانی کارەبای ناوەندیی حەزیز و زەهبان، باشوور و باکووری شاری سەنعایان گرتووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە پێگەی ئاکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە بڵاوی کردەوە ” ئەمڕۆ پێنجشەممە سوپای ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی کردووەتە سەر بەندەر و ژێرخانی وزەی سەنعا.”