دیمانە: هاوار مورتكەیی
ئۆكیدە سومەییە یەكێكە لە خانمە ناوبژیوانە لاوەكانی شەتڕەنج لە جەزائیر، لە ئایاری 2021 لە سیدی عەباس لە جەزائیر لە دایك بووە، بەر لەوەی ببێتە ناوبژیوان چەندین جار لە ئاستە جیاوازەكاندا لە جەزائیر پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە، ئەو جگە لە ناوبژیوانی، مامۆستای سەرەتاییە، لە دیمانەیەكدا بۆ لاپەڕەی وەرزشی ڕۆژنامەی خەبات، وێڕای ئاماژەدان بە ناوبژیوانیی، ئاماژە بەخەونەكەی دەدات كە خوازیارە ببێتە ناوبژیوانی سەرەكی لە پاڵەوانێتی شەتڕەنجی جیهانی.
پاڵەوانی زانكۆكانی جەزائیر
سەرەتا سومەییە گوتی: بەوپێیەی خانەوادەكەم هەموویان لە ئەهلی شەتڕەنجن، منیش یەکێکم لەوان و هەر لە منداڵییەوە فیری شەتڕەنج بووم، بەشێوەیەك لەگەڵیدا تێكەڵ بووم، كە نەتوانم بێ ئەو وەرزشە هەڵبكەم، سەرەتا وەك یاریزان لەگەڵ شەتڕەنج بەردەوام بووم، لە خوار تەمەنی 12 ساڵان توانیومە پلەی یەكەم لەسەر ئاستی كچانی جەزائیر بەدەست بهێنم، هەروەها لە ئاستی زانكۆكانی جەزائیریش، چەند جارێك پلەی یەكەمم بەدەستهێناوە.
تووشی هیچ ئاستەنگێك نەبوومە
دواتر ئەو لەبارەی بوونی بە ناوبژیوانی شەتڕەنج، خاتوو سومەییە دەڵێب: سەبارەت بە بڕوانامەی ناوبژیوانی، ئێستا من ناوبژیوانێکی فیدراڵی نێودەوڵەتیم و هەموو ستانداردەکانم تەواو کردووە بۆ ئەوەی ببم بە ناوبژیوانی نێودەوڵەتی، سوپاس بۆ خوا كە تا ئێستا لە كاروانی ناوبژیوانیمدا لە هیچ پاڵەوانێتییەکدا
ڕووبەڕووی هیچ ئاستەنگییەک نەبوومەتەوە، هەروەها گوتی: یاساکانی شەترەنج بەردەوام لە گۆڕاندان، بۆیە هەموو ناوبژیوانێک دەبێت بەردەوام پێداچوونەوە بە یاسا و ڕێنماییەكانی ناوبژیوانیدا بکات، منیش بەبەردەوامی ڕەچاوی ئەوە دەكەم، چونكە زوو زوو ڕێنمایی و یاسای تازەی تایبەت بەشەتڕەنج دەردەچێت.
ناتوانم لە شەتڕەنج جیاببمەوە
لە كۆتاییدا خاتوو ئۆكیدا سومەییە ناوبژیوانی جەزائیری گوتی: شەتڕەنج دنیایەكی جوانە، كاتێك تێكەڵ بەو یارییە دەبی، ناتوانی لێی جیاببیتەوە، چونكە شەتڕەنج، زۆر شتی جوانت فێر دەكات، لە ژیانی ڕۆژانەتدا یارمەتیدەرت دەبێت لە بڕیاردانی درووست، هەروەها گوتی: لە ڕاستیدا خەونەكەم لەم بوارەدا هاتۆتە دی كە بوومە ناوبژیوان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هیوادارم لە داهاتوودا ببم ناوبژیوانی سەرەکیی یەكێك لە پاڵەوانێتییەكانی شەتڕەنجی جیهانی.