ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان رەتی كردەوە ئاگاداری پڕۆسەی رادەستكردنی بێهزاد خوسرەوی بێت بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران، جەختیشی كردەوە كە ماوەیەكە یەكێتی دامودەزگا حكوومییەكانی سلێمانی بە بڕیاری حزب بەڕێوە دەبات.

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەمشەو یەكشەممە لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە “یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بێهزاد خوسرەوی ئەندامی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی بە ناوی ئاسایشی سلێمانی و بە فەرمانی سەرۆکی یەکێتی ڕادەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە”.

بڵاویشی كردەوە ” ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەهیچ شێوەیەك ئاگاداری ئەم کارەی یەكێتی و ئاسایشی سلێمانی نییە”.

هەروەها بڵاوی كردەوە “ماوەیەکە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دامودەزگا حکوومییەکانی سلێمانی بە بڕیاری حزب بەڕێوە دەبات”.

جەختیشی كردەوە “دەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان بەرپرسیار نین لە هەڵسوکەت و ڕەفتارە نایاساییەکانی سەرۆکی یەکێتی و دامودەزگاکانیان”.