یاریدەدەری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەڵگەیەكی تر بۆ رای گشتی بڵاو دەكاتەوە لەبارەی ئەوەی هەرێم هۆكاری دواكەوتنی مووچە نییە، هاوكات لای پسپۆڕانی كارگێڕی، ئەمەی بەغدا كردوویەتی، نوكتەیە نەك هەر بەڵگە، بە جۆرێك ئەو پارەیەی ئەمڕۆ نێردراوە بۆ مووچە، تایبەتە بە مووچەی مانگی هەشت “ئاب” لە كاتێكدا هێشتا هەرێم لیستی مووچەی مانگی ئابی رەوانە نەكردووە و چاوەڕوانی تەموویلی مانگی حەوتە.

ئەمڕۆ 27ی ئابی 2024، لە روونكردنەوەیەكی رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆكی حكوومەت بۆ كاروباری داراییدا هاتووە، ئەمڕۆ 27ی ئابی 2024، بڕی 549 مليار و 572 مليۆن ديناری خستە سەر حسابی وەزارەتى دارايى و ئابوورى کە تايبەته به مووچەى مانگى هەشت “صرف رواتب الاقليم لشهر آب”.

حەملان روونی كردووەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم چاوەرێیی تەموویلی تەواوی مووچەخۆران بوو بۆ مانگی تەمووز “حەوت”.

یاریدەدەرەكەی سەرۆكی حكوومەت ئاشكرای كردووە كە وەزارەتی دارایی هەرێم هێشتا لیستی موچەی مانگی هەشت “ئاب”ی رەوانەی بەغداد نەکردوە چۆن وەزارەتی دارایی عێراق موچەی مانگی “هەشت”ی نارد کاتێک پرسیاریان لێکرا وەزارەتی دارایی گوتوویانە، ئێمە لەسەر لیستی مانگی حەوت مووچەی مانگی هەشتمان بۆ ناردوون.

رێباز حەملان روونی كردووەتەوە كە ئەمە باشترین بەڵگەیە لەبارەی ئەوە، ئەمەی بەغداد بەرانبەر هەرێم دەیکات تەواو سیاسییە و هیچ بنەمایەکی هونەری و کارگێری و یاسایی نییە.

حەملان لە روونكردنەوەكەیدا كە بۆ رای گشتی داویەتی، پرسیاری كردووە، لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی عێراق تێبینیان هەبوو لەسەر لیستی مووچەی مانگی حەوت، کە تێبینیتان هەیە ئەی چۆن لەسەر هەمان لیستی موچەی مانگی حەوت مووچەی مانگی هەشتی نارد؟ بێ ئەوەی هێشتا هەرێم داوای کردبێت.

لەكۆتایی روونكردنەوەكەی رێباز حەملاندا هاتووە، سبەی 28ی ئاب وەفدێکی هونەری و دارایی لە هەردوو بەرێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری و بودجە و چاودێری دارایی هەرێم بۆ بابەتی موچەی مانگی حەوت دەچنە بەغداد.

پێشەنگ مەلا زادە كە چاودێری سیاسی و هاوكات پسپۆڕی كارگێڕییە، لەبارەی ئەو هەڵسوكەوتەی بەغدا بەرانبەر بە هەرێم بە “وشە”ی گوت، بەڕاستی نوكتەیە و فەنتەڵۆسە ئەو سیستمەی عێراق، هەرێم لیستی پوخت و رێك دەنێرێت بۆ بەغدا، تەموویلی بۆ نانێرێت، بەڵام هێشتا لیستی مووچەی هەشتی نەناردووە تەموویلی ناردووە.