ئارام سهعید
ئەم بەرپرسانەی کە ساڵانێکە سلێمانییان لە شارێکی جوان و قەشەنگ و ڕۆشنبیرەوە کردووهتە زبڵخانە و چەقۆکێشخانە و لە جوانترین شاری عێراق و ههرێمهوه ئێستا بووەتە کاولگە و بێ سەروبەری و ترس و تۆقاندن بووەتە هێمای باڵای ئەو شارە کە سەرمایەدار و پارەدارانی بە لێشاو لێی هەڵدێن و بەجێیدەهێڵن، چونکە هیچ متمانەیەکیان بە دام و دەزگای ئاسایش و دژەتیرۆر و چی و چی نەماوە و کەس لە سەروماڵی خۆی دڵنیا نییە، هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زۆربەی هەرە زۆری بەرپرسانی ئەمڕۆی ئەو شارە خەڵکی ڕەسەنی ئەو شارە نین، بۆیە بەوجۆرە مامەڵە لەگەڵ شار و خەڵکەکەی دەکەن.
ئەو شارە دێرینە جوانەی نموونەی شاری شاران بوو، ئەمێستا لە هەموو شتێک دەچێت، لە شار نەبێت، مەگەر لەگەڵ شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەراوردی بکەیت بۆ بێ خزمەتی و بێ ئامانی.
بڕۆ سەیری بەر دەرکی سەرا و شەقام و شۆستەکان و کۆڵانەکانی دەورووبەری بکە، ئەوسا دەزانی ئەمانە چییان بەو شارە کردووە.
ئێوە جارێ بڕۆن خەمی ئەو شارە بخۆن و ئاو و داو و دەرمان و پاک و خاوێنی و ئاسایشیان بۆ دابین بکەن و خەمی هەولێر مەخۆن.
خۆتان ئەوکاتەی دەستتان گرتبوو بە تۆپزی بە سەر هەولێردا، بۆ خەڵکەکەی کردبووتانە دۆزەخ و کەس لە سەروماڵی خۆی دڵنیا نەبوو، ساڵانی نەوەدەکان کاسبکارانی تەیراوە ئێواران بە عەرەبانە کاڵا و کەلوپەلی دوکانەکانیان لە ترسی تاڵانی و دزی دەبردەوە ماڵێ و ڕۆژی داهاتوو دەیانهێنایەوە دوکانەکانیان.
ئەم پرۆسە سەختەش تا وەدەرنانیان لە هەولێر بەردەوام بوو. ئیدی پێویست ناکات باسی هەولێر بکەن، بەم نزیکانە هەڵبژاردن دەکرێت کە خۆتان چەندین جار، بە بێ پاساو، دواتانخست، بەپێچەوانەی وتەبێژەکەتانەوە کە دەڵێت، ئەوە ئێمە بووین. نا ئەوە ئێوە بوون، چونکە تەنگژەی ناوخۆتان و ململانێ لەسەر داهات و دەستکەوت هێندە سهرقاڵی کردبوون کە نەتاندەپرژایە سەر ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن. هەموو خەڵکی هەرێم ئەو ڕاستییە دەزانێت.
لێگەڕێن با خەڵکی وشیاری هەولێر خۆی بڕیار بدات، چونکە ئێستا هەموو ڕاستییەکانی لەبەر چاوە.
خەڵک ویژدان و چاوی هەیە، ئەوە ئێوە بوون به هەولێرتان دەگوت،» گوندی گەورە».
دە فەرموو ئێستا سەیری هەولێر بکەن.