ئاگرێكی گەورە لە دەروازەی پەروێزخان كەوتەوە و بەوهۆیەوە كەسێك گیانی لە دەست دا و 7 كەسی دیكەیش بریندار بوون، تا ئێستا هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكەش نەزاندراوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 26ی 8ی 2024، ئاگرێكی گەورە لە دەروازەی پەروێزخان كەوتەوە و زیانێكی زۆری مادی و گیانیشی لێكەوتەوە.

ئیبراهیم محەممەد، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی گەرمیان رايگەیاند، “ئێوارەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی راگرتنی تانکەرەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی لە دەروازەی سنووریی پەروێزخان بەهۆی گڕگرتنی تانکەرێک و تەقینەوەی، ژمارەیەک تانکەر سووتاون”.

بەپێی زانیارییەكان  لەو ئاگرەدا، كەسێك گیانی لە دەست دا و 7 كەسی دیكەیش برینداربوون، جگە لەوەش 14 تانكەری گواستنەوەی سووتەمەنی سووتان.

بۆ چارەسەركردنیان، بریندارەكان بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە.

لەگەڵ كەوتنەوەی ئاگرەكە، تیمەكانی بەرگری شارستانی گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكە و توانیان ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ بكەن.