پارەكانی یەكێتی چی لێ بەسەرهات؟

401

مامۆستا جەعفەر
رۆژانە لە سەر رێگای سلێمانی – كەلار ، یان قەڵادزە و رانیە ، هەواڵی وەرگەڕان و پێكدادانی ئۆتۆمۆبێل لە كەناڵە ئاسمانییەكانەوە بڵاودەكرێنەوە . رۆژانە هەواڵی مردن و برینداربوونی ئازیزانمان دەبیستین . دەسەڵات نە چاوی دەبینێت و نە گوێی دەزرنگێتەوە . ساڵی ٢٠٠٦ رەوانشاد مام جەلال هەواڵێكی لە (كوردسانی نوێ) دا بڵاوكردەوە : مەكتەبی ئیدارە و دارایی گشتی رێگای سلێمانی – كەلار قیرتاودەكاتەوە . لەوساوە تا ئەمڕۆ چوار كۆمپانیا پچڕ پچڕ كار دەكەن، پاش ماوەیەك دەست لە كار هەڵدەگرن . هێشتا ئەو ” پڕۆژە ستراتیجیە گەورەیە ” نەتەواو بووە و نە دەستی لێ هەڵدەگیرێت.

رۆژانە دەیان بەڵگە و دەنگۆ و هەواڵ ، لە سەر دزی و دەستبەسەراگرتنی سەدان ملیۆن دۆلاری ئەم حزب و ئەو حزب لە ئەمریكا و ئیمارات و لوبنان بڵاودەكرێنەوە، سەركردایەتی حزبەكان مێش میوانیان نییەناوە ناوەش دەبیستین لە فڵان دەوڵەت دەست بەسەر ( ٣٥٠ )ملیۆن دۆلاری یەكێتی دا گیراوە ! من وەكو هاووڵاتییەك ئامراز و دەسەڵاتی لێكۆڵینەوەم نییە، بتوانم لێپێچینەوەی زانستی لە راستی و ناڕاستی هەواڵی سەر تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان بكەم، كاك ئارام ئەحمەد ماڵی ئاوا بێت، ناوە ناوە، ناوی دزە مەزنەكان و بڕی پارەی دزراو ، بە بەڵگەوە بڵاودەكاتەوە دزەكان، كە هەندێكیان بەرپرسی گەورەن ، ئەوەندە ترسنۆك و بوودەڵەن، ناوێرین بەرانبەر بە ئەو دەم هەڵبهێنن.

ئەگەر نیوەی قسەكانی كاك ئارام ئەحمەد راست بێت ، كە من دڵنیام سەد لەسەد راستن و لە سەرچاوەی باوەڕپێكراوەوە زانیاری هەڵدەگۆزێت ، دەیانتوانی بە بڕە پارەی دزراوی یەك مانگ ، سەرجەم رێگاكانی كەلار – سلێمانی، سلێمانی – رانیە و …..هتد. قیرتاو بكەن، مانگ نییە لە تونێلی دەربەندیخاندا كارەساتێكی گەورە روونەدات، ئایا مەكتەبی ئیدارە و دارایی گشتی، كە ئێستا هیچیان لا نییە و بە خڕی بۆ سكرتاریەتی دەباشان دەڕوات، ناتوانێت كونێكیتر لە نزیك كونە كۆنەكەوە لێدات؟

هەر ئەمڕۆ رووداوێكی پێكدادانی دوو ئۆتۆمۆبێل روویداوە و قوربانی لێی كەوتۆتەوە، دروست كردنی تونێلێكیتر ، بە داهاتی یەك رۆژی بڕیاربەدەستان جێبەجێ دەكرێت.. من داوا لە تێكۆشەر و پێشمەرگەی دێرین و كەسوكاری شەهیدان و كەمئەندامانی سەنگەر و چالاكوانانی رۆشنبیر و لاو دەكەم ، بێدەنگ نەبن، تكایە ئەم زوڵموزۆرە لەم دەسەڵاتە نابەرپرس و كەڕولاڵە قبوول نەكەن . تەنیا بە داهاتی یەك مانگی مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان چوار تونێل دروست دەكرێت بەڕێپێوان، مانگرتن و خۆپیشاندان ، بەشێوەیەكی قانونی و مۆدێرن داوای مافی خۆتان بكەن، كەس ناتوانێت بەرانبەرتان بگرێت، ئازادی مافێكە دەستوور دەستەبەری كردووە . بە دەسەڵات بڵێن: بە ڕۆنی خۆمان با سمێڵمان چەور بكرێت.

ئەندامی یەكێتی نووسەرانی جیهان PEN
24.08.2024