مومتاز حەیدەری
ئهم وتارهی مامۆستا مومتاز حهیدهری، ساڵی 1998 بۆ خوێندنهوهی له كۆڕێكدا له پیرمام نووسراوه، وهك نامیلكه به چاپێكی سنووردار و ژمارهیهكی كهم بڵاوكراوهتهوه، له هیچ گۆڤار و ڕۆژنامهیهك بڵاو نهبۆتهوه، تهنانهت له كتێبه چهند بهرگییهكانی مامۆستا مومتازیشدا بڵاو نهبۆتهوه، وهك پێی ڕاگهیاندین هۆیهكهشی ئهوهبووه، له نێو ئهرشیف و كتێبخانهكهیدا، لێی بزر بووه و بهردهست نهبووه، دوای ئهوهی كتێبخانهكهی ڕێكخستۆتهوه، جارێكی دی ئهم بابهتهی كهوتۆتهوه بهرچاو، بۆیه یهكهم جاره له ڕۆژنامه بڵاودهبێتهوه. (خهبات)
* بیرەوەری تێكڕای شەهیدانی كوردستان هەمیشە زیندوو بێ…
* گیانی كوردایەتی راستەقینە هەردەم رێبازمان بێ…
(… گرنگیدان بەسیاسەت، چ وەكو فیكر، یان بەكردەوە، بەر لەهەموو شتێ، پێویست بەخوێندنەوەی مێژوو دەكات، چونكە ئەوانەی بەر لەدایك بوونیان نەزانن چ روویداوە…؟ ئەوە (مەحكومن) كەبەدرێژایی تەمەنیان هەر بەمنداڵی بمێننەوە…)
محەمەد حەسەنێن هەیكل
یادكردنەوە و پێداچوونەوە بەژیان و هەڵوێست و هەوڵ و كۆششی نیشتمانی، سیاسی، نەتەوەیی، كۆمەڵایەتی، رۆشنبیری كوردان، كەهەریەكەیان، لەبوارێكی رەوتی خەباتی كۆمەڵایەتی، سیاسی، نەتەوەیی، رۆشنبیری، لەرۆژگارێكی شەوە زەنگدا، دەوری بەرچاو و مەزنییان هەبووە، بەگشتی خۆی لەخۆیدا، سەرەڕای ئەوەی كارێكی ئەمەك و رەوشت بەرزییە، دیاردەیەكی شارستانی هاوچەرخە، جا بۆیەكە بەپێی دەرفەت و بەرنامەیەكی پێشوەخت، لەسەر ئاستێكی نیشتمانی و نەتەوەیی، پێویستە بەشێوەیەكی شیاو جێبەجێ بكرێ.. هەرچەند ئێمەی كورد، لەئەنجامی چەندین هۆكار و فاكتەری زێدە دژوار، ئەم جۆرە ئەركە شارستانی- نەتەوەییانە بەگوێرەی گەورەیی خۆیان بەئەنجام نەگەیاندووە، بەهەرحاڵ، لەمەودوا پێویستە باشتر و زیاتر بەئەنجام بگەیەنین، تاكو زیاتر بەمێژووی هەڵسوكەوت و خەباتی دوێنێ ئاشنابین، بۆ ئەوەی رەوشی ئەمڕۆ كە لەپێناو وەدەستهێنانی سەركەوتنی سبەینێ گرێ بدەین..
بەكورتی، زۆر خۆشحاڵم، بەبۆنەی یادی (95) ساڵەی لەدایكبوونی بارزانیی نەمر، واتە لەدایكبوونی مرۆیەكی مەزن، بگرە بەواتایەكی وردتر، لەدایكبوونی سەركردەیەكی كەم وێنەی نەتەوەی كورد بەتایبەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی، هاوبەشی ئەم كۆڕە بەچەند قسەیەك دەكەم، واتە باسەكەی من، لەژێر سەردێری: (بارزانیی نەمر و چەند قسەیەك) كەدەڵێم، چەند قسەیەك، چونكە من ناتوانم لەو ماوە كەمەدا، بەمێژووی پەنجا ساڵەی پڕ خەبات و هەوڵ و كۆشش و نەسرەوتن مرۆیەكی مەزن، كە لەتەمەنی سێ ساڵیەوە، لەبەندیخانەی داگیركەران، فرچكی بە ئێش و ئازار و دەربەدەری گرتووە و تا سەری ناوەتەوە، لێی بدوێم، تەنانەت ناتوانم وەكو ژمارەش ئاماژەیان بۆ بكەم، كە چۆن بووە؟ چی كردووە…!! تەنها زۆر بەپەلە، دەمەوێ، وەك مرۆیەكی كوردپەروەر، باسی ئەوە بكەم، كە پێویستە لەسەر ئاستی باشووری كوردستان بەتایبەتی، سەرتاپای كوردستانی گەورە، تەماشای بارزانیی نەمر وەك سەركردەیەكی نەتەوەیی بكرێ… تەنانەت برادەرانی پارتیش وا بیر بكەنەوە، كە بارزانی پێشتر سەرۆكی كورد بووە، پاشدان هی پارتی، چونكە بەر لە هەموو شتێ بارزانی موڵكی رەوای كورد و كوردستانە، جا لەو روانگەوە، بەمێژووی بارزانی دا بچینەوە، واتە لەبەر رۆشنایی ئەم بۆچوونە، بە ژیانی بارزانی، بە جووڵانەوەی كوردایەتیدا بچینەوە و لەدەرەوەی چەمكی حزبایەتی و دڵسۆزی شەخسی هەڵبسەنگێنین… ئەوسا ئەو دەرس و پەندانە لەو رەوتە شكۆدارە وەردەگیرێ، لەخزمەت پتەوكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بەتایبەتی و بەهێزكردنی جوڵانەوەی رزگاریخوازی كوردستان بەكاربێنین. بەواتایەكی دیكە، بكرێنە ئامرازێكی شارستانی- نەتەوەیی، بۆ ئەوەی ئاواتەكانی بارزانیی نەمر بێتەدی.
جا من، لەو روانگەیەوە، وەك مرۆیەكی نەتەوەپەروەری بێ لایەن، واتە- غەیرە- حزبی، لێرەدا چەند سەرە باسێك، ئەویش زێدە بەكورتی و بەپەلە باس دەكەم… من پێخۆشحاڵم، ئەمڕۆكە گەیشتوومەتە ئەو رادەیە، كەبتوانم باسی بارزانی و بنەماڵەی نیشتمانپەروەری بارزانی بكەم، چونكە زۆر چاك وەبیرم دێ و پاش تێكچوونی كۆماری كوردستان، بەسەرۆكایەتی پێشڕەو قازی محمدی شەهید، بستە منداڵێك بووم، ئێوارەیەك لەرۆژئاوای تەكیەی شێخ محی الدین، لەشاری هەولێر، حەشاماتێكی زۆرم لەژن و منداڵ و پەككەوتە دی، تێلبهند كرابوون، گوتیان ئەوانە بارزانییە دەربەدەرەكانن…!! من ئەوكاتە لەباوەشی خێزانێكی نیشتمانپەروەری شیوعی بووم.. بەڵێ، ئەوكات هەر ئەوەندە تێگەیشتم ئەوانە زوڵمیان لێ كراوە، خەڵك بەرەمزی چەوساندنەوەیان دەزانی… واتە، بێ ئەوەی لەسیاسەت بگەم، بێ ئەوەی بزانم ئەوانە چ پەیامێكی پیرۆزیان هەبووە…؟ یان بۆ وایان بەسەر هاتووە…؟ بەڵام ئەمڕۆ دەزانم، كەلەبەر پەیامێكی پیرۆز، ئەو بنەماڵەیە ستەمدیدە، لەئەنجامی گەڕانەوەیان پاش روخاندنی كۆماری كوردستان و پێشتریش لەبەر شكستی شۆڕشی بارزان، لەناو سیم تەنراون…!! بۆیە كە لەوساوە، وەك مێردمنداڵێك، بیرم لەوە كردۆتەوە، كە بارزانی و بارزانییەكان، دیارە شتێكن..! هەڵبەت چەند هەستی نیشتمانپەروەریم زیاد بووە، نهێنییەكانی مەسەلەی بارزانی، لام رۆشنتر بووە، زیاتر لەگەڵیدا ژیاوم.
لەناوەڕاستی هاوینی 1949، بەناچاری خێزانەكەمان شاری هەولێری بەجێهێشت، لەگوندەكەمان- بیریات نیشتەجێ بووین، چونكە چوار برام زیندانی كرابوون، واتە ئێمەش دەربەدەر بووین… جا سەرەتای پەنجاكان بوو رۆژێك زەلامێك بەباری ترێوە هات، وەكو نموونەیەكی سوودبەخش و دەرس وەرگرتن باسی دەكەم، لاوێكی تەمەن 16-17 ساڵان بوو، تازە سمێڵی دادەنا، ئەوسا لەگوند وا عادەت بوو، ئەوانەی لەخۆشناوەتی دەهاتن میوەجاتیان دەفرۆشت، لەبن دیواری مزگەوت، یان دیوەخان باریان دەخست… ئەو خاوەن بارە كەگەیشت لەسێبەری دیوەخان دانیشتبوین، سەلامی كرد و وەڵامیان دایەوە، كە قسەیان لەگەڵ كرد، دەركەوت لەشێوەزارەكەی خەڵكی خودی خۆشناوەتی نییە، بۆیە كە لێیان پرسی خەڵكی كوێی..؟ گوتی بارزانیم، بۆیە كە یەكسەر لەدیوەخان دایان بەزاند، زۆر رێزیان گرت، جا مامۆستا صالح حەیدەری كاكم گوتی، ئەوانە- واتە بارزانییەكان- حكومەت زوڵمی لێ كردوون، دەربەدەرن، لەسەری رۆیشت بەشێوەیەكی سادە لەهەموومانی گەیاند، كە ئەو بارزانییانە لەنێو خۆیان زۆر بێ فەرق و جیاوازن، باوەڕیان بە پارە نییە، باوەڕیان بە موڵك نییە، واتە جۆرە سیستەمێكی ئیشتراكییان هەیە…هتد، ئەم قسانەی مامۆستا صالح حەیدەری، بۆ من و (ئەوانی دیكەش) وەك دەرسێكی قوتابخانە بوو… بەڵێ من ئەو قسانەم زۆر چاك لەبیر ماوە، كە بۆ فەلاحەكانی گوندەكەمانی دەكرد… ئەو برا بارزانییەش ناوی (محمد یونس) بوو خەڵكی گوندی هەمدلان بوو بەڵام لەگوندی كێشكی سەر بەناحیەی خۆشناوەتی دەژیان، بەڵام بەداخەوە پاش چەند ساڵێك جوانەمەرگ بوو، جا برا گەورەكەی (عبدالله یونس) ئەو دەهات، كە ئەویش لەنێو ئەو هەزاران بارزانییە لەكۆمەڵگەی قوشتەپە ئەنفال كرا…
ساڵی 1957، ئەوكاتە لایەنگیری پارتی بووم، بەتایبەتی پاش 14ی تەموز- پاش گەڕانەوەی بارزانیی نەمر لە یەكێتی سۆفیەتی پێشوو عیبادەتی بارزانیم دەكرد، بگرە تێكڕای ئەندام و لایەنگرانی پارتی وایان بیر دەكردەوە، واتە لە روانگەی سۆزێكی نەتەوەیی و بەس، بەواتایەكی دیكە، بێ ئەوەی بە وردی بزانم پاشخانی (خلفیة)ی ئەو بنەماڵە نیشتمانپەروەرە چۆن بووە، یاخود دەوری سیاسی و نەتەوەیی و سوپایی بارزانی لەچ رادەیەك بووە، چ جۆرە قوربانییەكیان داوە؟ یان یەكەم شەهیدی كوردستانی باشوور، كەڵە مرۆیەكی مەزنی ئەو بنەماڵەیە بووە، ئەویش شێخ عەبدولسەلامی بارزانییە، بەكورتی ئەو بنەماڵەیە لەماوەی یەك سەدەدا، بەچ رەوتێكی دژواری ژیان تێپەڕبوین؟…هتد بەڵام ئەمڕۆكە لەبەر رۆشنایی ئەو پاشخانە نیشتمانی و شۆرشگێڕییە دەوری بارزانیی نەمر، بە تایبەتی و خەباتی نەپساوەی ئەم بنەماڵەیە، بەدڵنیاییەوە هەڵدەسەنگێنم… بۆیەكە، داوا لە ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم، پێش ئەوەی پارتی بن، بەقەناعەتەوە، ئاشنا و دڵسۆزی خودی بارزانی و تێكۆشەرانی ئەم بنەماڵەیە بن… واتا وەك سەركردەیەكی سەرتاسەری نەتەوەیی تەماشای بكەن… زێدە بەكورتی دەڵێم، پێویستە زیاتر بەخۆماندا بچینەوە، لەروانگەی سۆزی حزبی و جۆشی نەتەوەیی گەرم وەخت، سەیری شوێن و پایەی نەتەوەیی بارزانی نەكەین، بەڵكو بەچاوێكی مێژوویی و نەتەوەیی لەبەر رۆشنایی لێكۆڵینەوەدا تەماشای بكەین، لەكاتێكدا بەداخەوە لەناو خۆماندا، خەڵكانێك، بەئەنقەست ئەو دەورە شكۆدارە دەشێوێنن… بۆیەكە پێویستە، بۆ پەرچدانەوەی ئەو جۆرە خەڵكانە، زیاتر هەقی رەوای بارزانی و بنەماڵەی نیشتمانپەروەری بارزانی لە دەوڵەمەندكردنی رەوتی جوڵانەوەی رزگاریخوازی كوردستان، لەبەر رۆشنایی بۆچوونێكی زانستی و نەتەوەییانە دەستنیشان بكرێ و پێشكەش بە نەوەی نوێی كورد بكەین، تاكو زووتر رێگای سەرفرازی كوردستان ببڕین…!
ئەوەی راستی بێ، كاتی ئەوە هاتووە، كە بەگیانێكی نەتەوەیی، بەمێژووی خۆماندا بچینەوە، بە مێژووی خەباتی كەڵە سەركردەكانی كورد لەسەر ئاستی كوردستانی گەورەدا، لەسەرووی هەموویانەوە بە وردی بەمێژووی ژیانی بارزانیی نەمردا بچینەوە، دەرئەنجامی ئەو پێداچوونانە، خزمەتی رەوتی كوردایەتی ئەمڕۆكە و سەركەوتنی یەكجارەكی سبەینێ مسۆگەر بكات… ئەو پەند و دەرسانەی لەو رەوتە مێژووییانە وەردەگرین، لەبەر رۆشنایی زانست، دوور لەسۆزی حزبایەتی، وەك ئامرازێكی شارستانی بەكاری بهێنین… لێرەدا، ئەوەش بگوترێ، هەر حزبێك، لایەنێك مافی خۆیەتی شانازی بەسەركردە و سەروەری خۆی بكات.. بەڵام لەسەر ئاستی نەتەوەیی، دەبێ لەسەرووی حزبایەتی بین… شایانی باسە، یەكێك لەسیما و خەسڵەتە دیارەكانی بارزانیی نەمر ئەوەبوو لەپێناو وەدەستهێنانی مافی رەوای كورد، سنوری حزبایەتی دەبەزاند، بەڵكو حزبی وەك ئامرازێكی خەبات بۆ مەسەلە گشتییەكە بەكاردەهێنا، بۆ نموونە، خودی پارتی لەخزمەت شۆڕشی ئەیلول بوو، نەك بەپێچەوانەوە.
ساڵی پارەكە، پەرلەمانی كوردستان بڕیاری دا، كەرێكەوتی 14ی ئادار، جەژنێكی نەتەوەیی كورد بێت، شتێكی زۆر چاكە، بەڵام بەلای منەوە، پێم باش بوو، كۆمەڵانی خەڵك، یان حزبە كوردستانییەكان، داوایان لەپەرلەمان بكردایە، ئەو رۆژە بكرێتە رۆژێكی نەتەوەیی… واتە زیاتر لەرێگای قەناعەتی خەڵكەوە، مێژووی شكۆداری سەركردەكانمان هەڵسەنگێنین.
بەهەرحاڵ، ئەوەی من دووبارە دەكەمەوە، وەكو چەند قسەیەك و نمونەیەك، ئێمەی كورد نەتەوەیەكی ستەمدیدەین، نیشتمانەكەمان داگیركراوە، دوژمنان زێدە زۆرن، خاوەن كۆمەڵێكی دواكەوتووین، لەناو خۆشمان خراپە دەرهەق رەوتی كوردایەتیمان دەكرێ، بەتایبەتی سەبارەت بەمێژووی سەروەری بنەماڵەی بارزانی… شتێكی ئاساییە، هەر حزبێك، یان هەر كەسێك بۆی هەیە، رەخنە لەسەركردەكان بگرێ یان لەخودی حزبەكان، لەپێناو پێشكەوتنی كوردایەتی بێ، بەڵام بەداخەوە، بەتایبەتی لەم ساڵانەی دوایی جۆرە هێرشێكی ناڕەوا دوور لەرەوشتی كوردانە و نیشتمانی پەیڕەو دەكرێ، بێگومان ئەو جۆرە هێرشانە، زیاتر زیان بەخاوەنەكانیان دەگەیەنێ، پێش ئەوەی بەسەركردەیەك، یان رەوتی كوردایەتی..؟!
بارزانی، وەك مرۆ، تێكۆشەر، سەركردە، پاشخانێكی ئەوەندە دەوڵەمەند و دژوار و پڕ ئێش و ئازاری هەیە، بەدەیان ساڵی دیكە ناتوانین بەتەواوی هەمووی لەبەر رۆشنایی زانستی مێژوویی و بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی بەئەنجام بگەیێنین، هاوكات بەمێژووی جووڵانەوەی رزگاریخوازی كوردستاندا بچینەوە، كەمێژووی ژیانی بارزانی بەشێكی زیندووی ئەو رەوتە شكۆدارەیە… بۆ زیاتر سەلماندن، حەزدەكەم لێرەدا ئاماژە بەوە بكەم بارزانی لەكوێوە سەرچاوەی ئەو خەباتەیە، هەروەكو پێشتر گوتم، بارزانی یەكەم منداڵی كورد بووە، كە لەگەڵ دایكی لەشاری موسڵ، لەسەردەمی عوسمانییەكان زیندانی كراوە، جا بۆ زیندانی كرابوو؟، چونكە شێخ عەبدولسەلامی بارزانی لەدژی رژێمی عوسمانی لەخەباتدا بوو، بۆیەكە ساڵی 1914 لەسێدارەدرا، لێرەدا ئەوە دووپات دەكەمەوە، هەوڵ و كۆشش و راپەڕینی شێخ عەبدولسەلامی بارزانی بەهیچ جۆرێك ناوچەگەری و عەشیرەتگەری نەبوو، بەڵكو رێبازی ئایینی و نیشتمانی بووە، راستییەكەی تا ئێستا مێژووی خەبات و هەڵوێستی نەتەوەیی شێخ عەبدولسەلامی بارزانی بەچاكی لێی نەكۆڵراوەتەوە، من لێرەدا بۆ زیادە زانیاری نمونەیەكی تۆمارنەكراو دێنمەوە (مام ناصح حەیدەری) (1908-1916)- كەسایەتێكی ناسراوی بنەماڵەی حەیدەرییانە- بۆمی گێڕاوە، گوتی: (شێخ عەبدولسەلامی بارزانی لەبارزان دەبێ، دكتۆر ئەحمەد حەیدەریش لەشاری سلێمانی، ئەوانە جۆرە پەیوەند و رێكخراوێكیان هەبووە، بۆ ئەوەی دژی دەوڵەتی عوسمانی تێبكۆشن، بۆ ئەوەی هەقی كورد وەربگرن، جا لەپێناو بەیەكگەیشتنی ئەو دوو زاتە، شێخ عەبدولسەلامی بارزانی داوای لە والی موسڵ كردووە، كە نەخۆشە و پێویستی بەدكتۆر هەیە، پێی باشە دكتۆر ئەحمەد حەیدەری تەماشای بكات، جا هەموو جارێك بەو بیانووە بووە. لەنێوانیشیاندا پەیامنێر هەبووە، گوایە ناوی صۆفی حاجی بووە و خەڵكی گوندی ماوەران بووە، جارێكیان لە نامە بردندا لەرێگا گیراوە، لەئەنجامەكەیدا شێخ عەبدولسەلامی بارزانی و دكتۆر ئەحمەد حەیدەری هەردووكیان دەستگیر دەكرێن، جا شێخ ئیسلام ئیبراهیم حەیدەری هەوڵی بەردانیان دەدات، دیارە دكتۆر ئەحمەد حەیدەری ئازاد دەكرێ، بەڵام بەداخەوە شێخ عەبدولسەلام، كە سەركردەی جوڵانەوەكە بووە، ساڵی 1914 لەسێدارە دەدرێ..
بۆ زێدە سەلماندن لەمەڕ قارەمانییەتی شێخ عەبدولسەلامی بارزانی نمونەیەكی دیكە دێنمەوە، ئەوەیش كتێبێكی نوێ لەئەوروپا دەرچووە، كە نووسەری ناسراوی كورد محمد رسول هاوار بڵاوی كردۆتەوە، لەژێر سەردێری سمكۆ- ئیسماعیل ئاغای شوكاك و بزوتنەوەی نەتەوایەتی كورد، حەفسەد لاپەڕەیە، لەلاپەڕە (229)دا، نووسەر دەڵێ: ساتێك سلێمان نهزیف لەلایەن حكومەتی عوسمانییەوە، كرا بە لێپرسراوی ویلایەتی موسڵ، دەستی كرد بەزەبر و زەنگ نواندن و چاو ترساندنی خەڵك، كە بەوە هەڵوێستێكی خراپتری هێنایە كایەوە، لەوەی كە جاران هەبوو و لەساڵی 1913دا هێزێكی گەورەی ناردە سەر شێخ عەبدولسەلامی بارزانی، كە ناچار بوو پەنا بەرێتە بەر خاكی كوردستانی ئێران و بوو بە میوانی سەید تەهای كوڕی شێخ محمد صدیق نەهری. (پێوەندی بنەماڵەی شەمزین و بارزانی لەوەدا زۆر بەهێزتر بووە، كە شێخەكانی نەهری و شەمزین، شێخی تەریقەتی نەقشبەندییەكان بوون و بارزانییەكان سەر بەنەقشبەندییەكان بوون و رێزیان لە سەرۆكایەتی ئەو تەریقەتە گرتووە، كە لەو رۆژانەدا سەید كه لەگوندی راژان بوو، لەنزیكی ورمێیە) و بابی عالی لەئەستەمبوڵ جائیزەیەكی زۆر بەنرخی دانا بۆ هەر كەسێك كەبتوانێت شێخ عەبدولسەلامی بارزانی بەمردوویی، یا بەزیندوویی بگرێت…)
جا ئەوە پاشخانێكی مرۆیەكی مەزنی، وەكو بارزانی لە ماوەی ئەو سەد ساڵەدا بێ، كە لە شێخ عەبدولسەلامی بارزانی دەست پێ دەكات و تا سەری نایەوە، هەر هەمووی خەبات بێ، هەمووی نەسرەوتن بێ، دەبێ چ مرۆیەكی گەورە بێ… نەك بەعاتیفە و سۆز تەماشای بكەین، بگرە بەتوێژینەوە، بەلێكدانەوە، بۆیە پێویستە ئێمە هەموومان دووبارە بەمێژووی رەوتی خەباتی نەتەوەكەمان بەگشتی و جووڵانەوەی كوردایەتی لەماوەی ئەو (50) ساڵەی بارزانی نەمردا بچیتەوە… بەشێنەیی و عەقڵێكی سارد و گیانێكی شۆڕشگێڕانە شی بكەینەوە.
هەروەها، لەمەڕ لێهاتوویی و گەورەیی بارزانی نمونەیەكی دیكە وەك بەراوردكردن دێنمەوە، پێشەكی دەڵێم، بەهیچ جۆرێك مەبەستم لە كەمكردنەوەی دەوری بەرچاوی مامۆستا رەفیق حلمی نییە… بەڵكو تەنیا بەراوردكردنە، كاتی خۆی حزبی هیوا، حزبێكی گەورە بوو، دیارە دەوری مەزنی لەجوڵانەوەی رزگاریخوازی كورددا چووەتە مێژوو سەرەڕای هاوبەشی كردنی حزبی هیوا لەشۆڕشی بارزان، بەڵام حزبی هیوا نەما، بەڵكو روخا… بۆ؟!
دووبارە دەڵێم، لەگەڵ ئەوپەڕی رێز و پێزانین بۆ تێكۆشانی مامۆستا رەفیق حلمی، كە رۆشنبیرێكی گەورە بووە، نەیتوانی حزبی هیوا راگری و چارەسەرە ناكۆكییەكانی وەك سەركردەیەكی سیاسی خاوەن دەسەڵات چارەسەرییان بكات، بەتایبەتی لە كۆمەڵێكی دواكەوتووی بێ قەوارەی كورد.. كە هەموو جەمسەرەكانی بەڕێوەبردنی حزبی هیوا و بەتایبەتی و بزاڤی رزگاریخوازی ئەو سەردەمە مسۆگەر بكات..
ئەوەتە، مامۆستا رەفیق حلمی چەند نیشتمانپەروەرێكی ناسراو بووە، رۆشنبیرێكی دیار بووە، راوێژكاری شێخی نەمر بووە، بە كورتی نەیتوانی تا سەر حزبی هیوا بەڕێوەببات، بگرە لەئەنجامی چەندین ناكۆكی فیكری و شەخسی توایەوە، ئەوەی شایانی باسە مەسەلەكانیش ئەوەندە ئاڵۆز و دژوار نەبوون، بەگوێرەی مەسەلەكانی سەردەمی بارزانیی نەمر، كەچی دەبینین، لەكاتێكا هێشتا پارتی دروست نەبووە، ئەو- واتە بارزانی- وەك نیشتمانپەروەرێكی شۆرشگێڕ و سەركردەیەكی سوپای گەورە ناسراوە، لەبەر رۆشنایی گۆڕانكارییەكانی جەنگی دووەمی جیهانی و ئەزموونی حزبی دیموكراتی كوردستان و كۆمارەكەی داوای دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كورد دەكات.. لێرە جێی خۆیەتی، باسی ئەوە بكەم، كەمەسەلەی دامەزراندنی پارتی و دەوری بارزانیی نەمر، بگرە جوڵانەوەی كوردایەتی چۆن دەشێوێندرێ…؟! لەگەڵ ئەوپەڕی رێزم بۆ مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد، كە نووسەرێكی گەورەیە، لە بەشێك لەبیرەوەرییەكانی دا- تەماشای گۆڤاری گزنگ ژمارە (13) چاپی سوید بكەن- مامۆستا دەڵێ: بارزانی دوو نامەی لە رێگای مامۆستا هەمزە عەبدوڵڵا بۆ سلێمانی رەوان دەكات، لە یەكەمیاندا، داوای دروستكردنی حزبێك دەكات، لە دووەمی دا بارزانی داوا لە حكومەتی عێراق دەكات بیبەخشێ و بەزەلیلی خۆ بەدەستەوە دەدات؟!..
مرۆیەك، واتا بارزانی مستەفا، بیر لەوە بكاتەوە حزبێكی دیموكراتی لەچوارچێوەی تەوژمی ئەنجامی جەنگی جیهانی دووەم و لەبەر رۆشنایی تاقیكردنەوەی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و كۆماری كوردستان دابمەزرێنێ..! چۆن نامەی دووەم بەم شێوەیە، ملكەچیە رەوان دەكات؟!
بە ڕژێمی كۆنەپەرستی عێراق رازی دەبێت.. كە هەردەم دوژمنەكی سەرسەختی جوڵانەوەی رزگاریخوازی كوردستان بەگشتی و شۆڕشەكانی بارزانی و خودی بارزانی مستەفا بووە… واتە هیچ كاتێك جێگەی متمانە و دڵنیایی نەبووە…؟! بەبڕوای من مەسەلەی شێواندنی رابردووی بارزانیی نەمر، لەگەڵ دروست كردنی پارتی سەری هەڵداوە، بەڵام سەرپۆشی بووە…! سەرپۆش كراوە..! بەتایبەتی 1946-1958 واتە بارزانی لەو ماوەیەدا، راستەوخۆ لەخودی پارتی وەك بوون و رێكخستن دوور بووە، واتە لە ئێران و سۆڤیەت بووە… بۆیە كە پێم وایە مەسەلەی دووبەرەكی 1964 دەستی پێ نەكردووە، بەڵكو بنەما دەروونییەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دامەزراندنی پارتییەوە، بەهەرحاڵ ئەمە باسێكی دیكە هەڵدەگرێ، لێرەدا جێی نابێتەوە..
بارزانی و شۆڕشی ئەیلول:
هەرچەند لەبارەی شۆڕشی مەزنی ئەیلولەوە، زۆر شت نووسراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا وەكو زانیاری دروست و لێكۆڵینەوەی زانستی بەهەقی رەوای خۆی نەگەیشتووە…؟! تا زیاتر دەوری سەرەكی بارزانی دەست نیشان بكرێ، جا من لێرەدا، زۆر بەپەلە ئاماژە بەوە دەكەم، كەخودی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەكۆبوونەوەیەكی خۆیدا، بەپێی بەڵگەنامەیەكی زۆر گرنگ، كە بەدەستی من گەیشتووە، ئەوە دەسەلمێنێ ئەگەر بارزانی سەركردایەتی سەرەتای شۆڕشی ئەیلولی نەكردبایە، ئەوە لەوانە بوو، ئەو راپەڕینە چەكدارییەی مانگی ئەیلولی ساڵی 1961، شۆڕشی ئەیلولی لێ دروست نەدەبوو…؟! بەپێی ئەو دیكۆمێنتە، كە راپۆرتی كۆبونەوەیەكی فراوانی دوو رۆژی (م.س)ە، وا نیشان دەدا، كە جۆرە ساردییەك لەنێوان (م.س) و بارزانیی نەمردا هەبووە، جا بۆیەكە لەراپۆرتەكە هاتووە، دەڵێ ئەگەر هاتوو خودی بارزانی و هێزەكەی بەشداری ئەو جووڵانەوەی چاكدارییە نەكات، ئەوە جووڵانەوەكە تووشی شكست دێت بگرە لەوانەشە سەرنەگرێ…؟! بەكورتی راپۆرتەكه ژمارەیەكی زۆر لەمەسەلە پەیوەندارەكان بەكێشەی كوردەوە باس دەكات، بەتایبەتی هەڵوێستی عەبدولكەریم قاسم دژی كورد و سەرهەڵدانی راپەڕینی چەكدارییەكەی 1961 جا لێرەدا بۆ سەلماندنی، چەند بڕگەیەكی كەبەزمانی عەرەبی بەدەستم گەیشتووە، وەكو خۆی دەخەمە بەرچاو…ثم یبین التقریر بأن أعمال عبدالكریم قد أخرج الزمام من قادة البارتي لمنع وقوع الثورة، وقد إقترح بعضهم من المكتب السیاسي جمع اللجنة المركزیة لدراسة الوضع من جدید ومعرفة رأي الرئیس (مەبەستی سەرۆك بارزانییە م.ح)، وقد بین الرئیس بأن البارتي سیبقی فی موقف الدفاع، وقد أراد الرئیس معرفة رأي الشیوعیین العراقیین فیما إذا تطور الموقف وطلب التعاون منهم لایقاف الحكومة، فأظهر قادة الحزب الشیوعي العراقي بأنهم فی الموقف الذي یقرون سوء سیاسة الحكومة تجاە الكرد ، فأنهم یرون مع ذلك ویطلبون عدم وقوع معارك وحدوث فوضی یستفید منها اعداء العراق وعملاء حلف السنتو الذین كان لهم (حسب رأیهم) فی أساس الحوادث ….. الخ.
هەروەها راپۆرتەكە دەڵێ: إن موقف ملا مصطفی و بارزان غیر واضح الی الان، وبدون قوة بارزان او بالاصح بدون تحریك القوی الثوریة في كردستان، لا یمكن إحراز النصر حتی فی الدفاع، ولن یكون المصیر أحسن من مصیر الثورات الكردیة السابقة….
لەشوێنێكی دیكە لەراپۆرتەكە هاتووە: (ویعاد الذاهبون إلی بارزان وهم لا یحملون فقط موافقة الرئیس التامة، بل ویحملون معهم خططا جدیدة لتحدید العمل ولاستمرار في النضال في جمیع مناطق كوردستان…).
راپۆرتەكە بەم چەند دێرە كۆتایی هاتووە:
(إن حزبنا الباسل بقیادة إبن الشعب الكردي النابغ البار مصطفی البارزاني یناضل ببطولة حسب مبادئه وبرامجه، كما ناضل لحد الان من أجل تحقیق الحقوق القومیة و من أجل عزة وسعادة و خلاص كوردستان، ویسیر فی تلك الطریق المقدسة، إلی أن یصل إلی أهدافه و سیصل الیها رغم اعداء الشعب والوطن وأعداء حزبنا).
المكتب السیاسي
پارتی دیموكراتی كوردستان
3-4/3/1962
لێرەدا، زێدە بەكورتی لەبەر رۆشنایی ئەو چەند بڕگەیە دەدوێین، كەئەوە دەسەلمێنی، بڕیاری بارزانیی نەمر مەسەلەی شۆڕشی ئەیلولی بڕیوەتەوە و سەری گرتووە، واتا (م.س) و پارتی وەكو رێكخستن بەتێكڕای كادیر و ئەندامەكانییەوە گومانی لەوە هەبووە، كە راپەڕینە چەكدارییەكەی ساڵی 1961، بەبێ بەشداری راستەوخۆی بارزانی و هێزی بارزان سەرناگرێ… هەر واش بوو.. كەئەوان لەساڵی 1964 لەناو شۆڕشی دەرچوون، هەرچەند شۆڕش زیانی پێ گەیشت، بەڵام لەئەنجامدا تێكڕای حكومەتەكانی عێراقی هێنایە سەر چۆك.. رێكەوتننامەی 11ی ئاداری 1970 لێی كەوتەوە.
هەروەها، كە لەراپۆرتەكە هاتووە، سەرۆك بارزانی داوای هەڵوێستی حزبی شیوعی عیراقی كردووە، ئەوەش بۆ دووربینی سەرۆك بارزانی دەگەڕێتەوە. لە مەسەلە چارەنووسسازەكان، واتا چۆنیەتی بیركردنەوەی بارزانی دووپات دەكاتەوە، كە هەمیشە دوور تەماشای كردووە. لەبارەی ئەو چەند دێرەی كۆتایی راپۆرتەكە، ئەوە دووپات دەكاتەوە، پاش ئەوەی وەڵامی بارزانیی نەمریان پێ گەیشتووە و لەپاڵپشتكردنی سەرۆك بارزانی و هێزی بارزان دڵنیابووینە، واتا سەركەوتنی خەباتی كورد و شۆڕش مسۆگەرە، بۆیەكە، بەو (حەماسەتەوە) كۆتایی بەراپۆرتەكە دێنن..
شایانی باسە، ئەم راپۆرتە پاش پێنج مانگ و بیست و پێنج رۆژ پاش سەرهەڵدانی راپەڕینی 11ی ئەیلول 1961 كە (م.س) كۆبۆتەوە، گەیشتۆتە ئەم ئەنجامانە، بەهەرحاڵ شیكردنەوەی خودی راپۆرتەكە، نامیلكەیەكی سەربەخۆی گەرەكە، بۆ دەرفەتێكی دیكە بمینێتەوە، دیسان، دووبارە، چاو بەدیكۆمێنتێكی دیكە دەخشێنین، كە گەورەیی و ژیری بارزانی دووپات دەكاتەوە، نەك هەر ئەوەندە، بەڵكو خودی مەزنی بارزانی، چ ترسێكی گەورەی خستۆتە دڵی دوژمنە دڕندەكانی كورد- ئەوەتە حردان عبدالغفار التكریتی- كە وەزیری بەرگری بەعسییەكان بووە، زێدە راشكاوانە، باسی گەورەیی شۆڕشی ئەیلول و بەرگری جەنگاوەرانی كورد بەسەركردایەتی بارزانی مستەفا لەیاداشتەكەی، لەمەڕ پرسیارێكی لێكراو، بەم جۆرە، وەڵام دەداتەوە:
(سؤال: كیف تری بیان 11 أذار ؟)
(جواب: في الواقع إن الاكراد استطاعوا بصمودهم البطولي خلال ربع قرن كامل أن یركعوا الحكم إلی درجة بتنا نخشی ان یؤدي استمرار الحرب الی سقوط بغداد بأیدي الملا مصطفی البرزاني… وقد بلغ عدد ضحایا الجیش العراقي قبل شهور من بیان اذار 325 بین قتیل وجریح أسبوعیاً.
وبعد أن قمنا بمحاولة أخیرة للقضاء علی المقاومة قبل 11 اذار بشهرین وفشلنا فیها قررنا اجراء مفاوضات مع الملا، لانهاء القتال لان ذلك كان سیعطینا فرصة طویلة للبقاء في الحكم.
وكان القصد من المفاوضات إعطاء الملا كل التنازلات التي یریدها، فی محاولة لاحتوائە أو القیام بانقلاب عسكري ضد، ولكنه كان أقوی وأذكی واكثر تمرساً بأسالیب المناورات السیاسیة والعسكریة، ولذلك فقط إشترط فی بند سري من بنود البیان بقاء (25) ألف جندی من جنود ال (پیش مەرگە) تحت السلاح، وقد أعط ما ذلك، ولكن قررنا أن نستغل فترة إنهاء الحرب لادخال عناصر من جماعة جلال الطالباني) وهو عدو تقلید للملا وجماعة الملا، والقیام بأغتیاله عند اللزوم.
فالحزب لا یمكن أن یطبق بیان 11 اذار بكامل بنودە، لان ذلك إعطاء أضخم حقول البترول العراقیة للاكراد، وهو حقل كركوك، و ذلك يعني افلاس الحكومة تقریباً.
من هنا ، فقد قرر الحزب القیام بأحدی الخطتین:
1 – إما إعلان إلغاء إتفاقیة أذار ضمن حملة عسكریة ضخمة تقوم بها القوات العراقیة وإنهاء قضیة الحكومة اللامركزیة التي یطلب الملا.
2 – أو القیام بتوطین عائلات عربیة فی المناطق الكردیة قبل إجراء إحصاء عام فیها، الامر الذي سیتمكن الحزب من إبقاء سیطرته قانونا في تلك المناطق.
ولحقیقة فان حكمنا لم یكن مخلصا للاكراد في أي یوم ولن یستطیع أن یصبح مخلصا لهم في المستقبل وسیكتشف الاكراد ذلك إن لم یكن قد إكتشفوه فعلا)..!
پێشەكی لێرەدا ئەو چەند دێرەی لەیاداشتی حەردان تكریتیم خستە بەرچاو، وەكو دەقێكی تۆماركراو وەرم گرتووە، كە بەگشتی باسی قارەمانیەتی پێشمەرگەی كوردستان و سەركردە مەزنەكەی، بە ڕاشكاوی دەكات، واتە مەبەستم لەگێڕانەوەی دژی هیچ لایەنێكی سیاسی نییە، بەتایبەتی لەم رۆژانەدا چەند لەناوهێنان دوور بكەوینەوە، ئەوەندە باشترە هەروەها، وەك كوردێكی لەدەرەوەی ناكۆكی سیاسی و شەڕی ناوەخۆ باس دەكەم بەهەرحاڵ، لەبەر درێژەدادڕی نەمتوانی بڕگە بەبڕگەشی بكەمەوە، تەنانەت دەقەكەشم وەرنەگێڕا سەر زمانی كوردی، بۆیەكە بەكورتی لەخوێندنەوەیدا، لەمەڕ دەوری بارزانیی نەمر و ئەو سەرنجانەی وەدەست دەهێنرێ بەكورتی ئاماژەیان بۆ دەكەم، بۆ ئەوەی زیاتر بۆچوونەكەمان لەمەڕ مەزنایەتی بارزانی بسەلمێنین:
1- كورد و شۆڕشی ئەیلول لە كەسایەتی بارزانی دا كۆبوەتەوە، كە دەڵێ (بارزانی دەگاتە بەغدایێ)؟!
2- بەرگری كوردان بۆ ماوەی چارەكە سەدەیەك هەردەم هەڕەشەی لە رووخاندنی حوكمڕانەكانی بەغدای كردووە.
3- گەیشتونەتە، ئەو بڕوایە، كە هێزی عەسكەرییان چەند بەهێز و گەورە بێ، بەڵام بەرامبەر خواستی پۆڵاینی كورد بەسەرۆكایەتی بارزانی هەر شكست دێنێ، بۆیەكە ویستویانە بەهەر شێوەیەك بێ بارزانی رازی بكەن تەنیا شەڕ رابگرێ و پێك بێ.
4- دووپات كردنی ژیری و توانای بارزانی لە مەیدانی مانۆڕی سیاسی و عەسكەریدا.
5- یەكێك لە داوا رەواكانی شۆڕش و بارزانی مەسەلەی كەركوك بووە.
6- ناپاكی خۆیان (واتە حزبی بەعس) بەرامبەر رێككەوتنەكەی 11ی ئادار ئاشكرا دەكات.
7- سیاسەتی تەعریب، زوو نەخشەی بۆ كێشراوە.
8- سوود وەرگرتن لەناكۆكی و دووبەرەكی ناو ریزی جووڵانەوەی سیاسی لەكوردستاندا.
9- بەهیچ جۆرێك باوەڕیان بەچارەسەركردنی مەسەلەی كێشەی كورد نەبووە.
10 – مەسەلەی هەڵگیرساندنی شەڕی 1974، ئەوان پێشەكی نەخشەیان بۆ كێشاوە..
لەكۆتاییدا، داوای لێبووردن لەمەڕ كەم و كوڕی ئەم چەند لاپەڕەیە، كە لەژێر سەردێری چەند قسەیەك یان كورتەی چەند سەرە باسێك، بەبۆنەی بیرەوەری (95) ساڵەی بارزانی مستەفا پێشكەشم كرد، هیوام وایە مایەی رەزامەندیان بووبێت.
ئیتر هەر خۆش بن
– یادی (95) ساڵەی ئەم ساڵ چرای رۆشن بیرەوەری سەد ساڵەی لەدایك بوونی بارزانیی نەمر بێ.
سوپاس
4/3/1998
تێبینی:
ئەم باسە بۆ خوێندنەوەی كۆڕ نووسراوە، بۆیەكە جیاوازی لەگەڵ نووسینی تایبەت بۆ گۆڤار و رۆژنامە هەیە، تەنانەت پەراوێزەكانیشی لەنووسینەكەدا نەهاتووە… جا تكایە ببوورن..
م.ح
سەرنج:
ئەم بابەتە كاتی خۆی، بەیادی (95) ساڵەی بارزانیی نەمرەوە ، لەسەر داوای سوپای پێشمەرگە لە پیرمام -مەسیف- پێشكەش كرد، كاتێ زادەی تەمەنەكەم ئامادەكرد، لەبەردەست نەبوو، تا كە لە بەرگی مرۆڤە نیشتمانپەروەرەكان بڵاو بكەمەوە، بۆیە لە (بەرگی 20)دا بڵاو دەكرێتەوە… سوپاس.
بارزانیی نەمر و ئیسماعیل حەقی شاوەیس
بارزانیی نەمر لەگەڵ جەماوەری سلێمانی
ساڵح حەیدەری