خەبات: هێمن ئاری:- هونەرمەندی گەورەی کورد ناسڕی ڕەزازی، دوای 52 ساڵ گۆرانی گوتن و کارکردن لەناو بواری هونەر و بڵاوکردنەوەی چەندین بەرهەمی جوان لەتەمەنی هونەریی خۆیدا، بەنیازە بە یەکجاری واز لەکاری هونەری بهێنێت و ماڵئاوایی لە گوێگرانی بکات، هونەرمەند ناسڕ ڕەزازیی، لەئێستادا تەمەنی 69 ساڵە، ئامادەکاریی بۆ ئەوە دەکات چوار سیدی نوێ تۆماربکات کە لە 45 بەرهەم پێکهاتووە، دوای بڵاوکردنەوەی ئەو بەرهەمانە و گەیشتن بە تەمەنی 70 ساڵی بە یەکجاری لەکاری هونەریی و هەوادارانی دوور بکەوێتەوە.

بۆ ئەم مەبەستەش ناسڕی رەزازی دەڵێت: لە ئێستادا تەمەنم 69 ساڵە، چەند مانگێکم ماوە تەمەنم ببێتە 70 ساڵ و بە یەکجاری واز لەکاری هونەری دەهێنم، بەتایبەت سەرشانۆ، نامەوێت دەنگم گڕ بێت و نەتوانم گۆرانی بڵێم. هەروەها دەشڵێت: ئەوە 52 ساڵە گۆرانی دەڵێم و ئیتر بەسە، هونەرمەند ناسڕی رەزازیی لەدایکبووی ساڵی 1955ی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، ساڵانێکی زۆرە خزمەت بەبواری گۆرانی و میوزیک دەکات و دەیان بەرهەمی جوان و ڕەسەنی پێشکەش کردووە، لە ئێستادا بڕیارە ئەو چوار سیدییەی بۆ داهاتوو کاری تێدا دەکات، دووانی لە ڕۆژهەڵات کاری بۆ بکرێت، دووانەکەی تریشی لە تورکیا و کوردستان.