سەرۆك بارزانی ئومێدی پێكهاته‌كانی عێراق

1010

هۆزان موئەیەد
سەردانی بەڕێز سەرۆك مەسعوود بارزانی، مەرجەعی باڵای نەتەوەیی گەلی كوردستان بۆ بەغدا و، ئەنجامدانی زۆرترین كۆبوونەوە لەگەڵ بەشی زۆر پارت و لایەنە سەرەكییەكانی ناو پرۆسەی سیاسی عێراق و نوێنەر و باڵیۆزی وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپای و ئەمەریكا و توركیا و ئێران، گرنگترین رووداوی ئەمساڵ و ئەو دۆخە بوو، كە عێراق تێدایە. ئەمەش وای كرد سەردانی ئەمجارەی سەرۆك مەسعوود بارزانی بۆ بەغدا، خوێندنەوەی جیاوازی بۆ بكرێت و مایەی خۆشحاڵ بوونی زۆرینەی لایەن و كەسایەتییە سیاسییەكان بێت و چاوی میدیای عێراق و ناوچەیی و جیهان لەسەر ئەنجامەكانی ئەم سەردانە بێت.

سەرۆك بارزانی لای سیاسییەكان و وڵاتان بە كەسایەتییەكی سیاسی ئاشتیخواز و خاوەن پرۆژە بۆ چارەسەری كێشەكان ناسراوە، هەمیشە جیاواز لە سەركردەكانی تری عێراق زۆرترین پابەندبوون بۆ چارەسەر دەبەستێتەوە بە رێكارە دەستورییەكان، بۆیە ئەمجارەش لەم سەردانەیدا بە سەنگی سیاسی و ئاشتیخوازی خۆی، هەموو عێراقییەكانی ئاگادار كردەوە، ئەگەر نیەتی باش هەبێت و متمانەی كاركردن بێت، لە نێوان گرووپە جیاوازەكان و هەمووان پابەند بن بە دەستوری عێراق و جێبەجێكردنی ماددە و بڕگەكانی و پاراستنی شەراكەت لە بڕیاردان، ئەوا هیچ شتێك مەحاڵ نی یە، بۆ چارەسەركردنی كێشە و ململانێیەكان.

ئەم سەردانەی بەڕێز سەرۆك مەسعود بارزانی ئومێدی لای عێراقییەكان دروست كرد، كە ئەگەر كێشەكان لە هەر ئاستێك بن ئیرادە و هێزێك لە عێراق ماوە، هەمووان كۆبكاتەوە و بۆچوونە هاوبەشەكان بكات بە پاكێجی ئاشتەوایی و لەیەك نزیكردنەوەی هەموو لایەنەكان و، دەربازكردنی عێراق لە هەر شەڕێك كە ناوچەكەی پێوە گیرۆدە بووە، ئەگەر سەیری لێدوانی بەرپرسانی عێراق بكەین، دەزانین سەنگی سەرۆك مەسعود بارزانی بۆ چارەسەری كێشەكان، بەتایبەتی بۆ پێهاته‌كان، چەندە كاریگەر و جێ ئومێدە.