کاریگەریى هۆکارە نادیارەکانی سەر پرۆسەى دەنگدان..

992

ئاشنا بابان
کاتێک وادەی هەڵبژاردن نزیک دەبێتەوە، بەزۆری کەش و هەوا پڕ دەبێت لە وتاری سیاسەتمەداران، بەو شتانەی کە خەڵک دەیبیستن لەبارەی بیرۆکە و سیاسەتی ڕکابەرەکان لەو هەڵبژاردنەدا. هەڵبژاردن یەکێکە لە جۆرەکانی بەشداریکردن لە سیستمە سیاسییە دیموکراتیەکاندا پەیڕەو دەکرێت، بەشداریکردن لەو هەڵبژاردنانە، پەیوەستە بە کۆمەڵێک فاکتەرەوە، کە گرنگترینیان: ژینگەی هەڵبژاردنە، کە یەکێکە لەو هۆکارانەی کاریگەری لەسەر ژیانی سیاسی کۆمەڵایەتى هەیە، ژینگەی هەڵبژاردن ڕێکارەکانی پێش هەڵبژاردن لەخۆدەگرێت، بەڵام درێژدەبێتەوە بۆ ڕێکار و ڕێساکان، کە لە لایەن پارت و ڕیکخراوە پەیوەندیدارەکان لە کاتی ڕەوایی هەڵبژاردنەکان هەڵدەستن بە گرنگترین گۆڕاو لە ژینگەی هەڵبژاردنەکاندا ئەدای دەسەڵاتە هەڵبژێردراوەکان دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان ڕۆڵی هەیە لە بەدەستهێنانی متمانە بە ژینگەی هەڵبژاردن و سیستەمی هەڵبژاردن، کە لە بەرامبەردا بەشدارە لە گواستنەوەیەکی دیموکراسی ڕاستەقینە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا.

وەک ئاشکرایە هەڵبژاردن یەکێکە لە گرنگترین ئامرازەکانی سیستەمی دیموکراسى، پرۆسەیەکی فەرمیە لە هەڵبژاردنی کەسێک بۆ وەرگرتنی پۆستێکی فەرمی. گرنگە جیاوازی لە نێوان فۆرم و ناوەڕۆکی هەڵبژاردنەکاندا بکرێت. لە هەندێک حاڵەتدا فۆڕمی هەڵبژاردن بوونی هەیە، بەڵام ناوەڕۆکی هەڵبژاردنەکە غیابی هەیە، وەک نەبوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد یان هەڵبژاردنی لانیکەم دوو بەدیل. هەڵبژاردن بەو پرۆسەیە پێناسە دەکرێت کە خەڵک بە شێوەیەکی فەرمی هەڵدەبژێردرێن بۆ وەرگرتنی پۆستی گشتی، یان بۆ ڕەتکردنەوە یان قبوڵکردنی بڕیارێکی سیاسی بە دەنگدان لەسەری، هەڵبژاردن بریتیە لە پرۆسەی دیموکراسی کە هەر هاوڵاتییەک لە تەمەنی هەژدە ساڵ زیاتر دەتوانێت نوێنەرێک بۆ خۆی و بەرژەوەندییەکانی لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا هەڵبژێرێت مەبەست و ئامانج لە هەڵبژاردن هەر وەک کۆفی ئەنان سەبارەت بەم بابەتە دەڵێت: هەڵبژاردن هاندەرێکە بۆ بەهێزکردنی حوکمڕانی و ئاسایش و گەشەپێدانی مرۆیی، کاتێک دەنگدەران پێیان وایە ئازاد و دادپەروەرانەن، بەڵام لە غیابی هەڵبژاردنی باوەڕپێکراودا، مەحاڵە هاووڵاتیان بتوانن گۆڕانکاری سیاسی بەدەست بهێنن بە ئاشتیانە”.

زانراوە کە ئەو بڕیارانەی کە ویژدانمان پێیان دەدەین، کاریگەری ئەو پرۆسانەی بیرکردنەوەیان لەسەرە کە لە مێشکی نائاگاییماندا ڕوودەدەن، هەروەها بەهۆی هەست و سۆز و لایەنگرییەکانی پێشووەوە، (جۆن کرۆسنیک)مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی ستانفۆرد دەڵێت: “ئەوەی ئەمڕۆ لە دەروونناسیەوە دەیزانین ئەوەیە کە مێشک دابەشکراوە بەسەر دوو بەشدا، بەڵام پرۆسەی بڕیاردان لە غیابی هۆشیاری دەروونیدا ڕوودەدات, گرنگی بەشداری هەڵبژاردن لە گرنگیی هەستکردن بە ڕادەی کاریگەری دەنگدانی هەڵبژاردنەکانی دەنگدەر لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردندایە و تا دەنگی دەنگدەر بەهێزتر بێت لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن، ئەم کاریگەرییە زیاتر پشتڕاستی دەکاتەوە کە پرۆسەی دیموکراسی بەرەوپێش دەچێت لەسەر ڕێگایەکی تەندروست لەو وڵاتەی کە هەڵبژاردنەکانی تێدا بەڕێوەدەچێت، جا هەڵبژاردنی پەرلەمانی بێت یان شارەوانییەکان.

یەکیک لە هەرە ترسناکترین هەستەکان ترسی بەهێز لە کاتی پرۆسەى هەڵبژاردن دا ،توێژینەوەیەک کە لەسەر کاریگەری “هەستیاری ترس” لەسەر بیرۆکە سیاسییەکان ئەنجامدرا، گەیشتە هەمان ئەنجام. لەو لێکۆڵینەوەیەدا پرسیار لە 46 کەسی ویلایەتی نەبراسکای ئەمریکا کرا سەبارەت بە بۆچوونەکانیان سەبارەت بە کۆمەڵێک بابەتی سیاسی کە ترس زاڵە بەسەر هەستەکانیان و هۆکاریک دەبێت بۆ هەڵبژاردنى یان خۆبەدوورگرتن .هەروەها ئەو خەڵکەی بەدەست نەبوونی دڵسۆزی نوێنەر و نوێنەرەکانیانەوە دەناڵێنن بەدەست هەستی بێزارییەوە دەناڵێنن، کە پاڵیان پێدەنێت بۆ هەستکردن بە بێهودەیی لە بەشداریکردن لە بڕیاردانی سیاسیدا، چونکە درک بەوە دەکەن، کە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا واقیع ناگۆڕێت، هیچ گۆڕانکارییەک ڕوونادات و ئامانج و پێداویستییەکانیات نایەتە دی . واتا کۆمەڵێک هۆکارى شاراوە هەیە، کە پێویستە لە کاتى پرۆسەى هەڵبژاردن و دەنگدان بە هەند وەربگیرێت، بە ئامانجى سەرکەوتن و بەدەست هێنانى دەستکەوتەکان.

لیرەوە گرنگە ئاماژە بە کۆمەڵە هۆکارێک بدەین، کە پێویستە پارتە سیاسیەکانن بە گشتی ڕەچاوی بکەن لە ستراتیجیەتی پلان و داڕشتنی سیاسەت و پەیڕەو پرۆگرامەکانیان جیاواز لە هەر کاتێکی تر، چونکە قاعدەی جەماوەری بە گشتی لە ژێر فشاری گۆڕانکارییە و سایکۆڵۆجی جەماوەر بەهۆى پێشکەوتنى تەکنەلۆجیاو ئامێرەکانى زیرەکى دەستکرد وسۆشیال میدایەوە، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەری نەرینییان کردۆتە سەر هەست و نەستى جەماوەر دەکرێت لە هۆکارە گرنگە شاراوەکان بێت، جگە لەوەش کاڵبوونەوەى ئینتیما و کەمبوونەوەى متمانە، دروستبوونى لامبالاتی سیاسی، کە ئاماژەیەکی ترسناکە بۆ داهاتوو، کە لە پرۆسەى دەنگدان و هەڵبژاردن دەردەکەوێت..

مامۆستای زانکۆ