هۆزانڤان ئیمان یادەوەر
خەبات: وریشە عومەر:- ئیمان یادەوەر ،خوێندكار و شاعیر، خەڵكی كەركووك، لەشاری هەولێر دەژی ،ساڵی 2000 لەگوندی، كارێزەی خاڵخاڵان لەدایكبووە، براوەی خەڵاتی دووەمی فیستیڤاڵی شەن بوو بۆ شیعر لەساڵی 2022، هەروەها براوەی خەڵاتی یەكەمی هاوبەشی، فیستیڤاڵی مەلای جەباری بوو لە ساڵی 2023، براوەی خەڵاتی دووەمی ڕوانگەش بوو لەسەر ئاستی عێراق ساڵی 2024، خاوەن 12 بڕوانامەی ڕێزلێنانە، وەرگێڕانی بەشێك لە شیعری بۆ سەر زمانی عەرەبی و فارسی و گۆڕینی بۆ سەر زارەوەی كرمانجی ژووروو کردووە،ئەم شاعیرە لە دیمانەیەکدا وەڵامی چەند پرسیارێکی خەباتی دایەوە.
*شیعر بەرهەمی بیركردنەوەیە ئایا دەتوانین لەڕێگەی شیعرەوە خوێنەری بیركەرەوە درووست بكەین؟
شیعر یان هەر ژانەرێكی دی و داهێنانێك بەرهەمی بیركردنەوەیە، بەپێی تایبەتمەندییەكان و ئەو میتۆد و پەیام و ناوەڕۆك و وێنە شیعریە، ئیستاتیكای خەیاڵ و جوانییەی تێیدا دەبینینەوە و دەیهێڵێتەوە، بەڵام پرسیارەكە لەسەرخوێنەرە ئایا كێ دەیخوێنێتەوە؟ بێگومان بۆ خوێنەری ڕژد و جدی ڕوونە هەمیشە تووشی گەڕان و پرسیار و گومان و دوو دڵی دەكات، بۆیە دەگەڕێتەوە سەر خوێنەر كەچۆن ئەم شیعرە لەگەڵ دونیایدا دێتەوە، ڕەنگە خوێنەرانێكمان هەبێت تەنها بۆ چێژێكی ئاسایی بەرخوێندنەوە بكەوێت، بۆیە شیعر بەرپرسیارنییە لەوەی مرۆڤێكی بیركەرەوە درووست بكات، ئەگەر خوێنەر خۆی لەو ئاستی تێگەشتنە مەعریفییەی شیعردا نەبێت كە بۆچی دەبێت بخوێنێتەوە و وەك پێویستییەكی ئەقڵانی و ڕۆحی نەیبیێێت.
*پێگەی ژن لەناو دونیای نووسین و خوێندنەوەدا چۆن دەبینن؟
لەڕاستیدا ئازارەكانی ژیان ئێستا بە چەشنێك زۆر و گەورەبوون پێموایە مرۆڤ ناپـڕژێتە سەر ڕەگەزگەرایی. بەڕێژەیەكی بەرچاو لە شیعری ئێستای ژناندا دەبینرێ كە ئەو قۆناغەمان تێپەڕاندووە، كە نووسین تەنها بۆ خزمەتی بەرگریكردن لە ڕەگەزی خۆی و مافە سەرەتایی و ئازارەكانی خۆیبێت، چونكە دواجار ژنی ئێمە دەتوانێت لەڕێگەی نووسینەوە پرسیار و گرێ دەروونییەكانی خۆی سەبارەت بەو دۆخ و ژینگەیەی تەواوی مرۆڤایەتی تێدایە بێنێتە بەر باس. پێگەی ژن هەر لەسەرەتاوە بەڕەچە شكێنی و بەرزەوە هاتووە و تادێت زیاتر بەرز و هەنگاوی گەورەتر دەنێت بۆ ئەوەش نموونەی شاعیرانی نوێخوازمان زۆرن.
*لەڕوانینی زۆرێك لە خوێنەران و گوێگرانەوە شیعر تەنیا بۆ چێژە ئایا جگەلە چێژ شیعر ئامانجێكی دیکەی هەیە؟
دەكرێت بڵێین چێژ زمانی باڵای دەقە، ڕیچارد هێرد دەڵێت: شیعر هونەرێكە بە مەبەستی ئەنجامدانی گەورەترین چێژ بەخشین بەگوێگر، چونكە ئەوە چێژە پانتاییەكی گەورەی لەدەقدا داگیركردووە كە هەواڵ و وتار و زانیاریی و هەر نووسینێكی دیکەی پێ جیابكەینەوە، بەڵام تەواو بەهەڵەدا دەچین ئەگەر شیعر تەنها بەو مەبەستەدا بخوێنینەوە و بنووسین و بەو ڕێگەیەیدا ببەین، چونكە شیعر خۆی چەمكێكی گەردوونی هەیە بۆیە هەرگیز پێناسەناكرێت و ناخرێتە چوارچێوەیەك خۆی لەدونیایەك خەیاڵ و پرسیار و گومان و كۆد و وێنە و خاسییەتی جیاجیا دەبینێتەوە.
*لە ئێستا نووسەران چەندین سەكۆ و ماڵپەڕی بڵاوكردنەوە و دەزگەی زۆریان هەیە توانیزویانە كاریگەریان لەسەر ئاڕاستەكردنی كۆمەڵگە و هۆشیار كردنەوەیان بۆهەبێت؟
ئێمە سوود دەبینیین لەدونیای خێرای سۆشیال میدیا و ئەو ماڵپەڕانە بۆ گەیاندنی دەنگی خۆمان و ئاشنابوونی دەنگی ئەوانیتر، بەڵام شیعر پێگەیەكی ئێجگار بەرزی هەیە، ئەوە تاكە دەتوانێت پێی ئاڕاستە بكرێت نەك دەستەجەمعی، چونكە هەمیشە زۆرینە بە بەراورد ئەو كەمینەیەی دەخوێننەوە و بیردەكەنەوە ڕێژەیەكی كەمترن، ئەما ئەگەر شیعر ئەو توانایەشی نەبێت بێگومان كاریگەری جێدەهێڵێت.
*خاسییەتەكانی شیعری ئەمڕۆی كوردی بەچی دەناسرێنەوە؟
ئاشكرایە لەڕابردوودا بەكارهێنانی كێشی پەنجەی خۆماڵی لە شیعردا وردە وردە بەرەو كێشی عەرووزی و یەكێتی بابەت خۆ نەبەستنەوەی زۆر بە قافییە كێشەوە تا.. ، ئەوەی مەبەستمە بیڵێم شیعری نوێ خۆی لەهەموو ئەمانە لادەدات و بەرەو مانای قووڵ و بیركردنەوەی گەورە و داهێنان بەشێوەیەكی ئازادانە دەربڕین و نووسین، دەتوانین بڵێین پەیام و زمان و ناوەڕۆك و ئەو وێنە و مێتافۆڕ و پاڕادۆكس و هەموو ئەو چەمك و وردەكاریانەی پێكهاتەی شیعرێكی باشن شیعری ئەمڕۆیان پێ جیا دەكرێتەوە.