تاشان بەهار

خه‌بات: سه‌نگه‌ر حوسێن:- خانمه‌ هونه‌رمه‌ند تاشان بەهار وەکو دەرهێنەر، ڕۆژی یەکشەممه‌، ١٤ / ٠٧ / ٢٠٢٤، یەکەم فیلمی بە ناونیشانی (ئۆدری) لەشاری باس لە بەڕیتانیا نمایش دەکات، چیرۆكی فیلمه‌كه‌ باس له‌ ئافره‌تێك ده‌كات به‌ناوی (ئۆدری)، ماوه‌ی 45 ساڵ له‌ ساڵ ژیانی خۆی تەرخان ده‌كات بۆ خزمەتی پەرەپێدانی مۆزەخانەی پول و مێژووی پۆست، ئەم کارەش ده‌بێته‌ هۆی ئەوەی شاژن ئه‌لیزابێس، خەڵاتی میدالیای پێناسین بە ئۆدری ببەخشیت.

جێی باسه‌، تاشان ماوەی سالێکه‌ خەریکی فیلمکاری و پۆست-پڕۆدەکشن فیلمەکە بووه‌، کە ماوه‌كه‌ی پانزە خولەکە له‌گه‌ڵ سینەماتۆگرافەرەکەی ئەینزلی جۆنسن كه‌ به‌ ره‌گه‌ز بەڕیتانیە. ئێستاش تاشان خۆشحاڵه‌ کە لە شاری باس یەکەم نمایشی (ئۆدری) دەکرێت لە هەمان شار کە كاری وێنه‌گرتنی لێکراوە و ئۆدری تێدا دەژیا. له‌مباره‌یه‌وه‌ تاشان بۆ (خه‌بات) دەڵیت: به‌داخه‌وه‌ ئۆدری پار لە تەمەنی 94 ساڵی کۆچی دوایی کرد، بەڵام فیلمەکەم پێشکەشە بەو مرۆڤە بەرزە کە لە ڕاستیدا دەکاتە نەنکم.

خاتوو تاشان بەهار، تەمەنی 27 ساڵە، دانیشتووی شاری لەندەنە، کاری بەرهەمهێنان، نووسینەوەی چیرۆك و دەرهێنانی فیلم دەکات. باوکی کوردە – کەی بەهار، و دایکی ئینگلیزە، جۆزی بەهار. هەر لە تەمەنێکی ناسکەوە، بە سێ ساڵی تاشان لە ناو خیزانەکەیدا هەستی خۆ-نواندنی هەبوو، هەربۆیە دایک و باوکی پشتگیری بوون کە جگە لە باخچەی منداڵان، هاوتووچۆی خوێندنگای نواندن بکات، کە تایبەت دابین کراوە بۆ منداڵانی ساوا. سەرەتا لە (ستەیج کەوچ) بوو بۆ ماوەی چەند ساڵیک. لەتەمەنی پێنج ساڵی تاشان یەکەم هەڵپەرکێکار بوو کە دەستیدەکرد بە نمایشی هەڵپەرکێی (ئازادی و خۆشەویستی)، لە کۆریۆگرافەری کەی بەهار، کە بۆ ماوەی یەک هەفتە لە فێستیڤاڵی هونەری نێودەوڵەتی شاری ئێدنبرە، لەگەڵ گرووپی شانۆی کوردستان لە سکۆتلەندا بەشداربوون. دوابەدوای ئەمەش تاشان بەردەوام بوو لە کاری نواندن لە خوێندنگا، هەروەها وەکو ئەکتەری پڕۆفێشناڵ بووە ئەندام لە تیپی شانۆ-موزیکالی لاوانی زەنیس لە شاری باس بۆ ماوەی پێنج ساڵ چەندان شانۆگەریان پیشکەش کرد. ئەو کارانەی زیاتر خۆشەویستن لای تاشان کە ڕۆڵی تێدابینیوە، (گریس)، و (گوڵەکانی ئیم)، کە سەرکەوتووانە ڕۆلی ئافرەتێکی زۆر بە تەمەنی دەبینی.

شایانی باسە کە تاشان بەهار یەکەم کچە کوردە بە تەمەنی نۆزدە سالی لە ٢٠١٧، توانی سەرکەوێتە سەر چیای کلیمەنجارۆ لە وڵاتی تانزانیا کە ٥٨٩٥ مەتر بەرزە، بەرزترین چیای ئەفریقیایه‌، لەسەر لوتکەی چیاکەوە تاشان بە ڤیدیۆ پەیامی نارد بۆ بانگەوازی سەربەخۆیی و بە دەوڵەتبوونی کوردستان، لەگەڵ شەکانەوەی ئاڵای کوردستان.

بۆ خوێندنی زانکۆ تاشان لە شاری لەندەن بەکالۆریۆسی لە فیلمکاری تەواو کرد چونکە زیاتر عاشق بوو بەکارکردن لە پشت کامیرا. دوای سێ ساڵ لە خوێندن، تاشان دەستی بە کاركردن کرد وەکو یارمەتیدەری بەرهەمهێنەر، هەروەها بۆ دوو کاری ورد، بەخۆی بەرهەمهێانی کرد. دوابەدوای ئەمەش کارکردن لەگەڵ چەندان کۆمپانیای بەرهەمهێانی فیلم لە لەندەن لە ڕۆلی یاریدەدەر دەرهێنەر، ئەمە جگە لە نووسینی چیرۆك و دەرهێنانی فیلمەکانی خۆی. لەم کاتەدا تاشان خەریکی مۆنتاژە کردن کورتە فیلمێکی فیکشنە بە ناونیشان (پەنیر و نان)، و بەردەوامە لە کارکردن لە چەند فیچەر فیلمێکی سینەمایی بە هیوای ئەوەی بتوانیت شوێن په‌نجه‌ی خۆی لەناو بواری فیلمکاری بەڕیتانی بكاته‌وه‌.

تاشان دەڵیت هەر لە سەرەتاوە دەمویست چیرۆکبێژی بکەم، چیرۆکبێژیەک کە سینەما و پیشەی فیلمکاری دەتوانێت بە وێنە بگێڕێتەوە زیاتر چێژی لێدەبینم و دەبێتە هۆی بەهرەداریم. هەروەها هەر ڕۆژێک کارکردن لەو بوارە زۆر جیاواز و گرنگە، هەرچەندە کارێکی سەختە، بەڵام شادمانیەکی تایبەتم پێ دەبەخشیت کاتێک پرۆژەکانم بە ئەنجام ده‌گه‌یه‌نم.

ده‌شڵێت: جێی شانازیمه‌ کە خاوه‌ن دوو رەگەزی کورد و ئینگلیزیم و هەستدەکەم بەهۆی ئەم دوو کڵتورەوە ژیانم زۆر ڕەنگینترە و گەلێک شاد دەبم کە زیاتر کات لە کوردستان بەسەر بەرم بۆ ئەوەی زیاتر لە نزیکەوە هەست بکەم بەو بەشەی ژیانم. هیوادارم کە ماوە بڕوخسێت بۆ ئافرەتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان تاکو بتوانن بەشداری بکەن لە فیلم و زیاتر خۆیان بنوێنن لەسەر پەردەی سینەما بۆ پاراستن و یەکسانی ڕاگرتنی مافی ژن و پیاو لە ناو بەرهەمهێانی فیلم لە پێش و پشتەوەی کامیرا. هیوادارم بتوانم هاندەربم بۆ ئەوەی زیاتر ئافرەتی کورد بەژداریبکەن لە فیلمکاری وەکو بەرهەمهێنەر.

سه‌باره‌ت به‌ دوا كاری هونه‌ری، تاشان خان ده‌ڵێت: لەم دواییەدا لە دوو فیچەر فیلمی سینەمایی کارم کرد کە ئێستا لە پۆست-پڕۆدەکشنن، و ئەزموونێکی زۆر نازدار بوو بۆ من بۆ زیاتر فێربوون. یەک لە فیلمەکان بە ناونیشانی (هەڤی وەیت)، لە ده‌رهێنانی کریستۆفەر ئەنتۆنی و ئواندنی جۆردان بۆلگارو نیکۆڵاس پینۆک بوو. هەر لە ٢٠٢٤ کارم کرد وەکو پرۆدەکشن کۆردینەیتەر لە فیلمی سینەمایی (وایت) لە دەرهێنانی ستیڤ وادینگتن، و نواندنی ئەنێورین بێرنارد و ڕەی وینستۆن.

خەونی من ئەوەیە بەرهەمهێان و دەرهێنانی فیچەر فیلمی سینەمایی بکەم لە دواڕۆژدا بۆیە لەم کاتەدا خەریکی کارکردنم لە چەند کورتە فیلمێک تاکو سی ڤی خۆم پەروەردە بکەم. ئەزموونی کارم هەیە لە بەرهەمەکان بۆ ئەپڵ تیڤی، نێتفلیکس، دیزنەی پڵەس و بی بی سی. هەروەها لەگەڵ باوکم، کەی بەهار وەکو یاریدەدەری دەرهێنەر یەک لە فیلمی (من لە کوێ بووم؟) و لە فیلمی (سکاڵا) کارم کرد. و بە هیوای ئەوەم کە لە داهاتویەکی نزیکدا دووبارە لە کوردستان کار بکەم.