گرینگیی ناوەندە هزرییەکان لە هەرێمی کوردستان

674
د.سامان سۆرانی*
ناوەندە هزرییەکان یان دامەزراوەکانی بیرکردنەوە و توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی ستراتیژی، کۆڵەکەیەکە لە کۆڵەکە گرینگەکانی هەر دەوڵەتێک، چونکە ڕۆڵی بەرەوپێشبردنێکی داهاتووئامێز دەگێڕێ، بۆ پاراستنی تاکەکان و دەوڵەت و نەوەکانی ئایندە، ئەگەر چی هەندێ دەوڵەت هەیە، گرینگی بە ناوەندە هزرییەکان نادات، یان هەر ڕێگر دەبێت لە دامەزراندنیان. بە تایبەتی ئەو دەوڵەتانەی، کە لە ڕێگەی سیستەمێکی داپڵۆسێنەر و پاوانخواز و دیکتاتۆرییەوە بەڕێوەدەچن، سەرچاوەی گرینگیدان بە ناوەندە هزرییەکان تایبەتمەندە بە قەوارەی دیموکراسی و ئازادی لە وڵاتان، چونکە ئەم ناوەندانە بازنەیەكن یان بەشێكن لە قۆناغەکانی داڕشتنی سیاسەتەکان و درووستکردنی بڕیاری سیاسی.
بە واتایەکی تر دەتوانین بڵێین، ئەم ناوەندانە دامەزراوەی ئەکادیمی و زانستی ڕەهان، جێگرەوە و بژاردەی ئامادە و گونجاو پێشکەش بە بڕیاربەدەست دەکەن، بەمەبەستی پاراستنی بەرژەوەندیی دەوڵەت و حوكمڕانی باش، لەگەڵ ئەوەی هەرێمی كوردستان وەکو نموونەیەكی بێ وێنە لەسەر ئاستی جیهان، کە دەوڵەتێکی دانپێنراو نییە، بەڵام قەوارەیەکی دەستووری گرینگە، کەش و هەوایەكی دیموکراسی و فەزایەکی فراوانی بۆ ئازادییەکان فەراهەم کردووە و لە چەند ساڵی ڕابردوو لە ڕووی ستراتیژیی ئابووریی زانیاری هەنگاوی زۆر باشی بەرەو پێشەوە ناوە، بۆیە بە دەرفەت دەزانرێ لە ڕێگەی ئەم وتارەمانەوە پێشنیاری دامەزراندنی ناوەندێکی هزری بۆ پەرەپێدانی هەرێمی كوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە بکەین، کە تەنها پسپۆڕی زۆر بە توانا و شارەزای بواری ئابووری لەخۆ بگرێ و ئەو پسپۆڕ و شارەزایانە داڕێژەری ستراتیژیی ئابووری بن، نەوەك سیاسەتمەداران و بازرگانانی کەرتی تایبەت. چونکە ناوەندە هزرییەکان ناوەندی زانستی و ئەکادیمین و کار لەسەر توێژینەوە و دیراساتی ستراتیژی و خوێندنەوە بۆ ئایندە دەکەن، بە مەبەستی گەیشتن بە ڕاستییە بێ گەرد و ئەبستراکتەکان و پێشکەشکردنی بژاردە و ڕاسپاردەی گونجاو لە بابەتە ئابوورییەکان، بەڵام ناوەندی هزری تر دەتوانن لە بوارەکانی سیاسەت و فەلسەفە و کۆمەڵناسی یان هەر بوارێکی ژیاری تر بە ڕاسپاردە و بژاردە و پێشنیارەکانیان جومگەکانی دەوڵەت دەوڵەمەند بکەن و لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە ئامۆژگاری بدەن بە بڕیاربەدەست، تا بڕیاری گونجاو بدات.
دەستەواژەی «Think Tanks»، کە لە ماوەی جەنگی جیهانی دووەم لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاماژەیەك بوو بۆ ژینگەیەکی لەبار، تیایدا شارەزایانی کاروباری بەرگری و داڕێژەرە سەربازییەکان کۆدەبوونەوە، بۆ تاوتوێکردنی بابەتە ستراتیژەکانی پەیوەست بە بەرگری. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا ئەو دەستەواژەیە بەکاردەهێنرێ بۆ وەسفکردنی ئەو دامەزراوانەی، کە سەرقاڵی چالاکیی سیاسی و شیکردنەوەی بنەما سیاسییەکانن.
دامەزراوەی ڕاند (RAND) بۆ توێژینەوە پێی وایە، ناوەندە هزرییەکان کۆمەڵە کەسانێ یان پەیمانگە ڕێکخراوەکان لەخۆ دەگرێ، کە ئامانجیان ئەنجامدانی توێژینەوەی چڕوپڕە و چارەسەر و پێشنیار بۆ گرفتەکان بە شێوەی گشتی پێشکەش دەکەن، چ لە بواری تەکنەلۆژی بێت، یان لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی و سەربازی و ستراتیژ و ئاسایشی نەتەوەیی.
گرنگی ناوەندە هزرییەکان لەوەدایە، کە پەیامێکی مرۆیی هەیە و بە شێوەیەکی زانستی کاری لەسەر کردووە بۆ بەرژەوەندیی تاك و دەوڵەت و مرۆڤایەتی بەگشتی، تاوەکو ژیانێکی سەقامگیر و ئاسودە دەستەبەر بێت. بۆیە بە پێویست دەزانرێ ئەم جۆرە ناوەندانە هاوکاری ماددی و مەعنەوی و ئاسایشی بکرێن، بە دڵنیاییەوە ئەم ناوەندانە ئاراستەی جیاجیا لەخۆدەگرن، هەندێ ناوەند هەیە توێژینەوەی بێ لایەنانە پێشکەش دەکەن و سەرچاوەی داراییان فرەییان پێوە دیارە، ناوند هەیە بە شێوەی گرێبەست کار دەکات، لەگەڵ حکوومەتە خۆجێی و نێودەوڵەتییەکان گرێبەست ئەنجام دەدات، لە بەرانبەردا دیراسە و توێژینەوە و ڕاوێژیان پێشکەش دەکات، ناوەند هەیە ئەرکی ڕیکلامکردنە و دیدگایەکی تایبەت پێشکەش دەکات، کە لایەنداری ئایدیۆلۆژی پێوە دیارە و ئەو لایەنەی پاڵپشتی دەکات ناسراوە.
بێگومان ناوەندی هزریی حزبی هەیە، کە دیراسە و ئەدەبیاتگەلی ئامادە دەکات، کە پاڵپشتی و پشتگیریی حزبێکی دیاریکراو دەکات و گرینگی بەوە نادات، وەکو ناوەندێکی زانستی و ئەکادیمی دەرکەوێ، ناوەندی هزری هەیە لایەنداری دەوڵەت و سیستەمی سیاسییە، بە پێچەوانەوە ناوەندی تر هەیە لە لایەن ئۆپۆزسیۆن و نەیاری سیستەمی سیاسی پاڵپشتیی دارایی دەکرێ و ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکانی دژایەتیی سیستەمی دەسەڵاتداری پێوە دیارە و زۆر جار ئەو جۆرە ناوەندانە لە ناوەوە یان لە دەرەوەی وڵات لە ژێر نازناوی جیاجیا کار ئەنجام دەدەن.
لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نزیکەی ١٢٠٠ تا ١٣٠٠ ناوەندی هزری بوونیان هەیە، کە کاریان داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکایە، ناسنامەی ناوەندە هزرییەکان کاریگەری لەسەر سەربەخۆییان هەیە، چ لە ڕووی ئەجێندای توێژینەوەکەیانەوە بێت، یان لە ڕووی سەرچاوە داراییەکانیان و بەردەوامی ئەو سەرچاوانەوە بێت. لەم چوارچێوەیەدا دامەزراوە هزرییەکان پۆلێن دەکرێن بۆ شەش گرووپ:
١- ناوەندە سەربەخۆکان (Autonomous Independent)، کە سەربەخۆن لە ڕووی کۆمەکی دارایی لە ڕێگەی حکوومەت یان گرووپەکانی بەرژەوەندی و بەخشێنەر.
٢- ناوەندە نیمچە سەربەخۆکان (Quasi-Independent)، کە سەرچاوەی داراییان لە لایەن گرووپەکانی بەرژەوەندی یان لایەنی بەخشێنەر و ئاژانسی گرێبەست Contracting Agency، ئەم لایەنانە کاریگەری ئاشکرایان هەیە لەسەر پڕۆسەکانی ناوەندە هزرییەکان.
٣- ناوەندەکانی سەر بە زانکۆکان (University Affiliated)، کە لە ناو حەرەمی زانکۆکان کار دەکەن.
٤- ناوەندەکانی سەر بە حزبە سیاسییەکان (Political Party Affiliated)، کە بە فەرمی سەر بە حزبەکانن.
٥- ناوەندەکانی سەر بە حکوومەت (Government Affiliated)، کە بەشێکن لە پێکهاتەی کاری حکوومەت.
٦- ناوەندەکانی نیمچە سەر بە حکوومەت (Quasi-Governmental)، کە مینحە حکوومی و گرێبەستی حکوومی لەگەڵ دەکرێ، بەڵام بە فەرمی سەر بە دەزگاکانی حکوومەت نییە.
ئامانج و ڕۆڵی ئەم ناوەندانە بە پێی سروشتی دامەزراندنیان و ئاراستەیان دەگۆڕدرێ، بەڵام خاڵی هاوبەش لە نێوانیاندا بریتییە لە پێشکەشکردنی ڕاوێژی نوێ و سەربەخۆ، دوور لە پاشکۆیەتی و سەرپێیی، یان بەرژەوەندی، بۆ لایەنەکانی تایبەتمەند و جێبەجێکار لە پێناو ژیانێکی باشتر لەسەر بنەمای زانستی و میتۆدی.
ڕەخساندنی دەرفەت بۆ زانا و بیرمەند و توێژەرە پسپۆڕەکان و کاراکردنی ڕۆڵیان و سوودوەرگرتن لە توانا هزری و زانستییەکانیان دەبێتە مایەی بەرەوپێشبردنی هەرێم و بەرزکردنەوەی ئاستی مەعریفی کوردستانییان و بەهێزکردنی بەرنامەکانی حکوومەت و نەهێشتنی هەڕەشەکان بۆ سەر کۆمەڵگە لە ڕووی ئاسایشی و تەندروستی و کەشوهەوا.
دەکرێ لە ئایندەدا ناوەندە هزرییەکان لە هەرێمی كوردستان گرێ بدرێن بە توڕە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە ناوەندە هزرییەکان، وەکو تۆڕی Global Development Network تۆڕی جیهانی پەرەپێدان و ناوەندی تر بۆ ئاڵوگۆڕی توێژینەوەی ئەکادیمی نێوان ناوەندەکان و لەسەر فەزای دیپلۆماسییەتی ڕێگای دووەم Second-Track Diplomacy، ئەم تۆڕە گرینگانە کاردەکەن بۆ پێکەوەگرێدانی ناوەندە هزرییەکان و حکوومەتەکانیان و کەرتی تایبەت و شێوە کەشێ فەراهەم دەکەن لە نێوان ئەو سێ کەرتە، تا بتوانن پێکەوە ئاڵوگۆڕی ئەزموون و وانە بەسوودەکان بکەن، بەتایبەت ئەوەی پەیوەست بێ بە تەواوکاریی نێوان سیاسەتە خۆجێییەکانی تایبەت بە بواری پەرەپێدان و درووستکردنی ئەڵتەرناتیڤ بۆ سیاسەتە پەیڕەوکراوەکان و شیکاری ئایندەیی و پاڵپشتیکردنی توانای توێژەرانی شارەزا لە هەرێمی کوردستان، ئەمەش دواجار بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هاوکار دەبێت لە دەرکردنی بڕیاری درووست و عەقڵانی سەبارەت بە جێبەجێکردنی سیاسەتی دەرەوەی هەرێمی کوردستان.
لە کۆتاییدا: ڕۆڵی ناوەندە هزرییەکان لە ناو کۆمەڵگەدا زۆر گرینگە و بێگومان کاریگەری دەبێت لەسەر نەوەکان لە داهاتوودا، چونکە دیراسەی زانستی قووڵ لە بوارەکانی ئابووری و سیاسی و هزری و ئاسایشی و بوارەکانی تر دەخاتە بەردەست و نموونەیەك پێشکەش دەکات، کە باشتر بێت لەو واقیعەی ئێستا ئێمە تیایدا دەژین.
توێژەران و بیرمەندان و زانایان و شارەزایانی ناوەندە هزرییەکان بە سوپای دووەمی دەوڵەت ناودەبرێن، کە نە تەنها لە کاتی جەنگ و قەیران کاردەکەن، بەڵکوو کارە هزری و زانستییەکانیان لەکاتی دوای جەنگ و قەیران و لەسەردەمی ئاشتی هەر بەردەوامی دەبێت، ئەوا جیاواز لە کەسانی ئاسایی بەردەوام سەقاڵی بیرکردنەوە و توێژینەوە بن، تا دەگەن بە ئەنجام و ڕاستییەك، کە دەبێتە مایەی خۆشی و سەقامگیریی بۆ مرۆڤایەتی، سەربەخۆبوونی ئەو ناوەندە هزریانە و دوورخستنەوەیان لە هەر گوشار و کۆت و بەند و ڕێگری کردن لە سەپاندنی بۆچوونی تایبەت بەسەریاندا پێویستە، تاوەکو زانیاری و بەرهەمە زانستییەکانیان ببنە مایەی متمانەی هەموو لایەك، بە هیوای كوردستانێکی شکۆدار و دەوڵەمەند لە ڕووی ناوەندەکانی هزر و مرۆڤانی نیشتمانپەروەر.
*دکتۆرا لە فەلسەفە، زانکۆی هایدڵبێرگ، ئەڵمانیا.