بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر روونکردنەوەیەکی لەبارەی روودانی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لە نێوان شۆفێریکی تەنکەری گواستنەوەی سووتەمەنی و کارمەندێکی تیمی (پاسەوانی/سکویریتی) کۆمپانیای کار بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 9/7/2024، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە روونکردنەوەیەکدا بڵاوی کردەوە: “سەبارەت بە روودانی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لە نێوان شۆفێریکی تەنکەری گواستنەوەی سووتەمەنی و کارمەندێکی تیمی (پاسەوانی/سکویریتی) کۆمپانیای کار، کە بە داخەوە بووە هۆی کوژرانی پاسەوانێکی کۆمپانیای کار و شۆفێری تەنکەری سووتەمەنییەکە و برینداربوونی دوو کەسی تر.”
ئاماژە بەوەش دراوە: “لە گرتە ڤیدۆییەکانی کاتی ڕووداوەکە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی دەردەکەوێت، لە زۆرێک لە سایت و پەیجەکان وا بڵاو کراوەتەوە کە گوایە ئەو ئۆتۆمبیلە سەربازییە سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بێت، بەڵام لە راستیدا ئەو ئۆتۆمبیلە لە لایەن کارمەندانی پاسەوانی کۆمپانیای کار بەکار دەهێنرێت و پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان نیە، لێکۆڵینەوەش لە ڕووداوەکە بەردەوامە.”