قادر كابان
خەبات: هێمن ئاری:- وەک دەزانین هەر گۆرانی و بەرهەمێکی هونەری یان شیعری چیرۆکێک یان زیاتر لەچیرۆک و بە سەرهاتێکی ڕاستەقینەی لەپشتەوەیە، گۆرانی (هەی شەمی شەوان ) لە مێژوویی هونەری کوردیدا بەیەکێک لەشاکارە هونەرییە جوانەکانی هونەرمەندی نەمر قادر کابان دادەنرێت، ئەو بەرهەمە پڕولەچێژە لە هەموو سەردەم و زەمانێک بەزیندوویی لە گوێی گوێگران و لە کاروانی هونەری کوردیدا دەمێنێتەوە. چیرۆکی ئەو گۆرانییە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی هەژدەهەم، ئەوکات کچێک بەناوی ( شەم ) توانیوویەتی عەشقی خۆی لەدڵ و ناخی ( وەلی دێوانەی ) شاعیر درووست بکات و ببێت بە ئیلهامی نووسینی ئەو شیعرە و دواتر ببێت بە یەکێک لە هۆنراوە جوانەکانی ئەم شاعیرە، پاشانیش لەلایەن هونەرمەندی نەمر قادر کابان و لە گەرووی پڕ لەسۆزی ئەم هونەرمەندە بە ئاوازێکی جوانەوە گوێبیستی ببین.
وەلی دێوانە، شاعیرێکی دیاری کوردە، کوڕی کێخوا مەحەمەدە، بە یەکێک لە شاعیرە بە تواناکانی سەدەی هەژدەهەم دادەنرێت و لەبواری نووسینی شیعردا لە لوتکە بووە. دێوانە، دوای ئەوەی دەکەوێتە داوای عەشق و خۆشەویستی کچێک بەناوی (شەم) سەر شێتانە خۆشەویستی ( شەم ) دەچێتە قوڵایی دڵییەوە و خۆشەویستی ( شەم ) دەبێتە هۆی خولقاندنی چەندین هۆنراوەی جوان لەلایەن وەلی دێوانەوە.
دوای ئەوەی خەڵکانێک لە دەورووبەری وەلی دێوانە بەو خۆشەویستییە دەزانن کە بۆ (شەم) هەیەتی، تیر و توانجی ئەوەی لێدەدەن کە ئەو بەو شێوەیە سووتاوە بۆ ( شەم )، کەچی ( شەم ) ئاگاداری ئەو نییە! وەلی دێوانە ئەو دەنگۆ و قسانە ڕەت دەکاتەوە کە قسەکەی ئەوان درووست بێت ( شەم ) ئاگادار نەبێت، بۆیە دوای گفتوگۆیەکی زۆر لەنێوانیان داوای لێدەکەن بە تاقیکردنەوەیەک بۆیان بسەلمێنێت کە ( شەم ) یش ئەوی خۆش دەوێت و بەهەمان شێوەی ئەو عەشقی ئەوبووە ، تا دڵنییابن لەوەی کە ( شەم )یش دڵی لای ئەوەو بەو خۆشەویستی و سووتانەی وەلی دێوانە دەزانێت.
ئیتر ڕۆژێک (شەم) لەگەڵ کچانی ئاوایی بە گۆزەی سەر شانیانەوە ڕێی کانی دەگرنەبەر بۆ هێنانی ئاو، لە ڕێگەی گەڕانەوەیان بۆ ماڵ، وەلی دێوانە و هاوڕێکانی لە شوێنێک خۆیان حەشار دەدەن، کاتێک ( شەم ) دەگاتە نزیکی ئەوان، وەلی دێوانە دەنگ هەڵدەبڕێت و بانگی دەکات، ( شەم ) یش تەنها بەتیلە چاوێک ئاوڕێکی لێدەداتەوە و دەڕوات بێ ئەوەی هیچ وەڵامێکی هەبێت، کاتێک هاوڕێکانی ئەوە دەبینن دەست دەکەن بە پێکەنین و گاڵتە پێکردن بە وەلی دێوانە، ئەویش لەتاو ئازاری ئەو عەشقەی لەناخیدا هەیە بە هۆنراوە دەڵێت: « بێ مروەتیت کرد ئەی ( شەم ) دەربارەم .. من بۆ تۆ قەیسی سیا ستارەم ..
وادەی من و دیوانەی خوا بێت .. مەگەر ئەو ڕۆژە دادم ڕەوا بێت .. » دوای ئەوە وەلی دێوانەی شاعیر گوێبیستی ئەوە دەبێت خێڵی ( شەم ) بەنیازن بۆ ( لەیلاخ ) کۆچ بکەن، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە چاوی بە ( شەم ) بکەوێت ڕێگە دەگرێتەبەر، بەڵام تا دەگات بە خێڵی ( شەم ) دەبینێت بارگەیان پێچاوەتەوە و لە هەواری خۆیان کۆچیانکردووەو ئیتر بۆ ئەبەد چاوی بە عەشقەکەی ناکەوێتەوە! ئیتر ئەو جارەیان لە شیعرێک پێی دەڵێت: « هاتمە ئەو شوێنەی باوان قیبلەم بوو .. ئەو جێگەی کە زوو جێ و ڕێی ( شەم ) بوو .. چیم دی هەواری چۆڵ و وێرانە .. بایەقووش تیایا کردبوو لانە .. ». ئەوە چیرۆک و سەربووردەی ئەو هۆنراوەیەی وەلی دێوانەی شاعیرە بە ناونیشانی « هەی شەمی شەوان.
دوای ئەوە لە ناوەڕاستی ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، واتە تێپەڕبوونی دوو سەدە بەسەر ئەو عەشقەی ( وەلی دێوانە بۆ شەم ) هونەرمەند عەبدولقادر جەلال مەحموود، ناسراو بە قادر کابان، ئاوازێکی جوان و ڕەسەنی کوردانە دەکات بە بەرگی ئەو هۆنراوە جوانەی وەلی دێوانە و بە گەرووە پڕ لەسۆزەکەی ڕووەکی جوان دەبەخشێتە هۆنراوەکە و تا ئێستاش گوێگر بەتامەزرۆییەوە گوێی لێدەگرێت. دوای ئەویش هەریەک لە هونەرمەندان (عەدنان کەریم و دانا عەبدولجەبار ) و چەند هونەرمەندی دیکەش ئەو گۆرانییەیان گوتووتەوە.
پەیامنێری خەبات لەسەر ئارامگەی وەلی دێوانەی شاعیر