سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران كرد و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پتەوکردن و پێشخستنی پەیوەندییەکان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 6/6/2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازيی لە شاندێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرۆکایەتیی محەمەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری ورمێ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئیسماعیل زارعی کوشا، پارێزگاری کوردستان و محەمەد تەیب سەحرایی، پارێزگاری کرماشان و ژمارەیەکی دیکەی بەرپرسانی ئێران ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەنديی دوولایەنە و هاریکاری و هاوئاهەنگی لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئاسانکاری بۆ هاتوچۆ و گەشتیاران لە نێوان هەردوولادا کرا، بە تایبەتی ئامادەکارییەکانی پێشوازیکردن لە زیارەتکارانی ئێرانی بۆ شوێنە پیرۆزەکانی باشووری عێراق.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پتەوکردن و پێشخستنی پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش.