ئەمڕۆ پێنجشەممە، 06-06-2024، تیمی پرۆژەی “هەژماری من” لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بـانـکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (IDB) بووە هەشتەمین بانک بەشداریی لە پرۆژەکەدا بکات.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەش کراوە، ئێستا لە کاتی خۆ تۆمارکردن، بەشداربووانی پرۆژەی “هەژماری من” دەتوانن بانکی دڵخوازی خۆیان لە نێو 8 بانکە بەشداربووەکەی پڕۆژەکە هەڵبژێن و “بانکی دیکەش لە ماوەیەکی نزیکدا بەشدار دەبن”.

به‌ گوێره‌ی ئامارەکانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، تاوه‌كو ئێستا زیاتر لە 400 هەزار مووچەخۆر، خۆیان لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار کردووە و 231 ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەردەستن و تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2024 ژمارەکە دەبێتە نزیکەی هەزار ئامێر.

ژمارەی بانکە بەشداربووەکانی پرۆژەی هەژماری من تاوەکوو ئێستا هەشت بانکە و هەریەکە لە بانکەکانی، ئاڕتی، جیهان، بەغدا، بی بی ئەی سی (بانكێكی لوبنانییه‌)، بانکی ئەهلیی عێراقی، بانکیی ئیسلامیی عێراقی، بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) و بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (IDB)  لەخۆ دەگرێت.