وەزیری پەروەردە: ئەمڕۆ هەنگاوێكی گرنگ دەنێین، بۆ ئەوەی گرنگی بدەین بە وانەی شەتڕەنج لە ناو ناوەندەكانی خوێندن
سەرۆكی یەكێتی شەتڕەنجی عێراق: ئەم هەنگاوەی وەزارەتی پەروەردە، مانای خۆی هەیە لە نێو كۆمەڵگا پێشكەوتووەكانی جیهاندا
خەبات: هاوار مورتكەیی:- دوای چەندین سیمینار و كۆبوونەوە، وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پرۆسەی خوێندنی وانەی شەترەنجی لە ناوەندەكانی خوێندن پەسند كرد، و بڕیاردرا لەوەرزی نوێی خویندن، وانەی شەترەنج وەك هەر وانەیەكی دیكە لە ناوەندەكانی خوێندن بخویندرێت، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی پەروەردە بەهەماهەنگی لەگەڵ یانەی شەتڕەنجی خانزاد، خولێكی ڕاهێنان و فێركردنی بۆ 150 مامۆستای وەرزشی لە سنووری پەروەردەكانی پارێزگای هەولێر كردەوە.
گرنگیی وانەی شەتڕەنج بۆ قوتابی
لە ڕێورەسمی كردنەوەی ئەو خولەدا هەر یەك لە د. ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە و زافر عەبدولئەمیر سەرۆكی یەكێتی ناوەندی شەتڕەنجی عێراق و بورهان ئەرگوشی راوێژكاری وەزارەتی پەروەردە و د. دلزار حەمەساڵح سەرۆكی یانەی شەتڕەنجی خانزاد و بەڕێوەبری گشی پەروەردەی هەولێر و بەڕێوەبەری چلاكی وەرزشی لە وەزارەتی پەروەردە ئامادەبوون، لەو ڕێولاەسمەدا هەریەك لە وەزیری پەروەردە و سەرۆكی یەكێتی شەترەنجی عێراق لەمبارەیەوە وتەیەكیان پێشكەش كرد و تیایدا جەختیان لە گرنگیی بوونی وانەی شەتڕەنج لە ناوەندەكانی خوێندن كردەوە.
دەستپێشخەرییەكی گرنگە لە لایەن یانەی شەتڕەنجی خانزاد
سەرەتا د. ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە گوتی: شەتڕەنج بەیەكێك لە چالاكییە هزریە گرنگەكان دادەنرێت، كە سوودێكی زۆری بۆ قوتابیان هەیە، بەپێی هەموو ئەو توێژینەوانە، دەركەوتووە ئەو قوتابیانەی لە شەتڕەنجدا كارامەیی و توانایەكی باشیان هەیە، توانای بیركردنەوەی زیاتریان بۆ ڕەخساوە، بەتایبەتیش لە وانەكانی بیركاری و زانست، هەروەها بۆ ئەو وانانەی كە پێویستە قوتابیان تێڕوانینی زیاتریان لەسەر هەبێت.
وەزیری پەروەردە زیاتر گوتی: بابەتی شەتڕەنج گرنگییەكەی لەناو ناوەندەكانی خوێندن پەیوەندی بەبابەتەكانی دیكەشەوە هەیە، لێرەدا ڕۆڵی مامۆستای وەرزش لەنا ناوەندەكانی خوێندن دەردەكەوێت، كە ڕۆڵێكی زۆر گرنگ و كاریگەرە، مامۆستای وەرزش تەنها وەرزشێك پراكتیزە ناكات، بۆ ئەوەی ئەو بەشە وانەیەی كە بۆی داندراوە بیڵێتەوە، بەڵكو ئەتوانێت لە ڕێگای بابەتی وەرزشەوە، بەتایبەتیش لە ڕێگای شەتڕەنجەوە، دەتوانێ كارامەیی و توانایی قوتابی زیاد بكات لە بابەتی بیركاری و زانستی، بۆیە لێرەوە هەنگاوێكی گرنگ دەنێین، بۆ ئەوەی گرنگی بدەین بە وانەی شەتڕەنج لە ناو ناوەندەكانی خوێندن، ئەمەش دەستپێشخەرییەكی گرنگە لە لایەن یانەی شەتڕەنجی خانزاد، كە ڕؤلێكی گرنگیان هەیە بۆ ئەوەی مامۆستایانی ئێمە ڕابهینن لەسەر وانەی شەتڕەنج.
دەكرێ ئەمە فراوان بكرێت بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی دیكەش
ئەم بابەتە لێرەدا كۆتایی نایەت، دەكرێت ئەو مامۆستا بەڕێزانە دوای بەشداری كردنیان لەمجۆرە خولانە، بەهەماهەنگی لەگەڵ یانەی خانزاد كە مامۆستایانی دیكەش سوودی لێوەرگرن، دەكرێ لەسەر دوو ئاست كار لەسەر ئەو بابەتە بكەین، یەكەم لەڕیگای ئەو مامۆستایانەوە كە دەبنە ڕاهێنەر بۆ مامۆستایانی دیكە، هەروەها كردنەوەی خولی دیكە بۆ ڕاهێنانی مامۆستایانی زیاتر، دەكرێ ئەمە فراوان بكرێت و تەنها لە سنووری پارێزگای هەولێر نەبێت، بەلكو بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی دیكەش بكرێتەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە دەبی هەموومان ئەوە بزانین گرنگیدان بە بابەتی شەتڕەنج، یەكێك دەبێت لە كارە پێشینەكانی وەزارەتی پەروەردە بۆ لەمەودوا.
یەكێتی شەترەنجی عێراق پشتگیری لە پرۆژەكە دەكات
دواتر زافر عەبدولئەمیر سەرۆكی یەكێتی ناوەندی شەتڕەنجی عێراق وتەیەكی پێشكەش كرد و ئەویش لای خۆیەوە ئەم پرۆسەیەی بەبەرزی نرخاند و گوتی: بەناوی یەكێتی شەتڕەنجی ناوەندی عێراق، پیرۆزبایی لەم هەنگاوە پیرۆز و گرنگەی وەزارەتی پەروەردە دەكەین، ئەم هەنگاوە گەورەیە، مانای خۆی هەیە لە نێو كۆمەڵگا پێشكەوتووەكانی جیهاندا، وڵاتانی ئەوڕووپاش پێش ئێمە ئەم هەنگاوەیان ناوە، ئەویش دوای درك كردن بەوەی شەتڕنج نەوەك تەنها یارییەكە و بەس، بەلكو یارییەكە یارمەتی نەوەكانی كۆمەڵگا دەكات لەبەرەو پێشبردن، بەتایبەتیش بۆ ئاستی تەمەنەكان هەر لە قۆناغی سەرەتایی تا ناوەندی و قۆناغەكانی دیكەی خویندن.
پرۆژەكە دەنێرینە پەڕلەمانی عێراق
هەروەها زافر عەبدولئەمیر زیاتر گوتی: سوپاسی وەزارەتی پەروەردە و یانەی خانزاد دەكەین بۆ گرتنەبەری ڕیزشوێنی كردەیی بۆ خوێندنی وانەی شەترەنج لە ناوەندەكانی خوێندن، ئەمە هانمان دەدات ئەو هەنگاوە لەسەرتاسەری عێراق جێبەجێ بكرێت و ئێمە كە گەڕاینەوە بەغدا ئەو هەنگاوە دەخەینە بەردەم پەڕلەمانی عێراق بۆ ئەوەی هاوشێوەی كوردستان، شەتڕەنج وەك وانەیەكی خوێندن لەسەرتاسەری ناوەندەكانی خوێندن لە بەغدا بخوێندرێت، ئێمە وەكو یەكێتی شەتڕەنجی عێراق، بڕوانامە دەدەینە بەشداربووان و ناسناوی مامۆستای نیشتمانیان پێ دەبەخشین.
