خەبات: کاروان کاوە:- بە پارچە میوزیکێک و سازەکەی هونەرمەند «ئاراس کۆیی» چەپکێک لە شیعرە ناسکەکانی «موحسین ئاوارە»ـی شاعیر لە چوارچێوەی کۆڕێکی شیعری دەزگای ڕۆشنبیریی زانکۆکانی جیهان و ساڵۆنی ڕۆشنبیریدا خوێندرایەوە، له کۆڕەکەدا شاعیر، چەند تێکستێکی نوێی وەک گوڵبژێرێک لە شیعره ناسکەکانی ئامادەکردبوو، جگە لە خوێندنەوەیان بە وردی باسی لە ناوەڕۆکی بەرهەمەکانی کرد، کە هەریەکێک لەو پارچە شیعرانە ڕەنگدانەوەیان هەیە لەسەر ژیانی تاکی کورد و لەگەڵ میوزیک و ئامێرە سازەکەی شاعیردا ئاوێزانی یەکتر کران. جێگەی باسە، چەند وتارێک لە بارەی دەق و هەڵبژاردنی تێکستەکان خوێندرایەوە و بە قەڵغانی ڕێزگرتن لە تەمەنی شیعری «ئاوارە» لە لایەن ئەندازیار «بورهان سابیر»ـەوە کۆڕەکە بە کۆتا هات و ئەدیبان و هونەرمەندە ئامادەبووەکانی نێو ساڵۆنی ڕۆشنبیری جیهان، بە چەپکێک گوڵی خۆشەویستی و وەفا پێشوازییان لە دێڕە شیعرییە نوێیەکانی شاعیر کرد.