خەبات – ڕۆشنا عەلی:
بۆ ساڵی دووەم قوتابییانی بازنەی یەكەم بەبڕیاری وەزارەتی پەروەردەولەسەر ڕۆشنایی سیستەمی قوتابخانە بنەڕەتییەكانی سالی 2009 دەگوازرینەوە قۆناغێكی بەرزتر هەرچەندە پیوەرەكانی ئاستی قوتابی دیاریكراوە، بەڵام دەبێت بثەڕنەوە ئەگەر لەو پێوەرانەش لاوازبن، بەشێك لە مامۆستایان وپەروەردەكاران و دایكان و باوكانیش نیگەرانن و پێیان وایە كاریگەری ئەم ئەم بڕیارە ئەگەر ئێستا ئاسایی بێت لە قۆناغەكانی دواتردا دەردەكەوێت لاپەڕەی پەروەدە ئەم بەدواداچوونەی لەم بارەیەوە ئامادەكردووە:
*پرسیارە سەرەكییەكەی ئەم بەدواداچوونە ئەوەیە بۆچی قوتابییانی ئەو بازنەیە بە تێكڕا دەردەچن كە دەردەچن هەڵسەنگاندنییان بۆچییە وكاریگەری دەچوونییان لە داهاتووداچییە؟ بۆئەم پرسیارە وەڵامەكانمان لە مامۆستا ئازاد ئیسماعیل ئاشور بەڕێوەبەری قوتابخانەی پێشمەرگە وەرگرت ئەو بۆ خەبات گوتی: كاریگەرییەكەی ئەوەیە نەوەیەكی نەخوێندەوار دروست دەبێت و تەنانەت فێری پابەند بوونیش نابن چونكە پێیان وایە هەر دەردەچن خوێندنییان لا بێ بەها دەبێت و ئەمەش دەبێتە هۆی گرفت لەبەردەم پڕۆسەی پەروەردەو فێركردن جگە لەوەی دایكان و باوكان ئەگەر پێشتر وانەیان بە منداڵەكانییان دەگوت و لە خەمی ئەوەبوون دەربچن ئێستا وازیان لێهێناون و وانەیان پێناڵین و دەزانن كە هەر دەردەچن و تەنانەت ئەوانیش متمانەیان نەماوە جگە لەوەی گرفتی تر بۆمامۆستایان لە بازنەكانی تردا دروست دەكات.
*دەربارەی ئەو كێشانەی ڕوبەڕوی قوتابییان لەبازنەكانی تر دەبێتەوە لەسەر ڕۆشنایی ئەم بڕیارە مامۆستا ئازاد پێی وایە قوتابییان لەبازنەكانی دیكە نەخوێندەوار دەبن و ئەمەش كێشە بۆ وانەكانی ئاین و كۆمەڵایەتی و كوردی دروست دەكات و بێ بنەما دەگەنە ئەو قۆناغانەی بازنەی دووەم ئەوە جگە لەوەی گرفتی دەروونی بۆ دروست دەكات كە دەبینێت لە تەواوی وانەكان ئاستی لاوازە ڕەنگە لە كۆتایی واز لە خوێندن بهێنیت.
*مامۆستای قۆناغی بنەڕەتی بۆچوونییان وایە كە بنەمای فێربوونی پیت بازنەی یەكەم پۆلی یەكە قوتابی ناكرێت بێ ئەم بنەمایە سەركەوێت لەم بارەیەوە مامۆستای قۆناغی بنەڕەتی و بازنەی یەكەم بەهییە سەرتیپ محەمەد ئەمین لە قوتابخانەی 18 ی شوباتی بنەڕەتی لەشاری هەولێر بۆ خەبات گوتی: لە ڕاستتیا ئەو دەرچوونە بڕیارێكی نادروستە،چونكە قوتابی كاتێك لە پۆلی یەكە تەنها پیتەكان دەخوێنێت ئەگەر پیتەكان فێرنەبێت ئەوا ناتوانێت لە پۆلی دوو فێربێت، هەروەها دایكان و باوكانیش هاوكار نین لەم ڕووەوە پێم باشە لە پۆلی یەك مانەوە هەبێت بۆئەوەی باشتر فێری پیتەكان ببن.
*دەربارەی ئەوەشی كە ئایا ئەگەركەوتن هەبووایە ئەوان وەك مامۆستایەك چەند قوتابییان دەكەوت لە پۆلەكەدا؟ مامۆستا بەهییە گوتی: من وەك خۆم لەگەڵ قوتابییەكان دەڕۆم ساڵانە ژمارەی قوتابییانمان زۆر نییە بۆیە تەنها شەش قوتابیم ئاستییان لاوازەو ناكرێت بپەڕنەوە ئەوانەش بە زۆری ئەوانەن كە نەهاتنییان زۆرە یان كیشەو نەخۆشییان هەیە فێر نابن، یان منداڵانی سوری كێشەیەكی دیكەی قوتابخانەكانە كەئەو منداڵانە هیچ قسە ناكەن و فێر نابن تەنانەت ژمارەشییان زۆرە.
*وەك چارەسەریش بۆ ئەم بابەتە ئەو مامۆستایە پێشنیار دەكات ئەو قوتابییانە كە ئاستییان لاوازە باشترین چارەسەرئەوەیە ڕێگا بە قوتابخانەكانی خۆیان بدرێت هاوینان خولیان بۆ بكرێتەوە ئەگەر ئەن بڕیارە بەردەوام بێت بۆ ساڵانی داهاتووش.
*بەڕێوەبەری قوتابخانەی یەكی شوباتی بنەڕەتی ئاماژە بەوەدەكات كە هیچ هەل مەرجێك ڕەخساو نییە بۆئەم بڕیارە ئەگەر بڕیارەكە باشیش بێت پێشی وایە ئەم بڕیارە دوو لایەنی هەیە مامۆستا ڕەحیم فەرەج گوتی:پەڕینەوە دوو لایەنی هەیە لایەنێكی ئەوەیە ئەگەر مامۆستاكانت زۆر بەتواناو شارەزا بن وكاریگەرییەكەی كەمە لایەنی دووەم ئەگەرمامۆستای باش نەبێت بە بۆنموونە قۆناغی یەكەم فێربوونی پیت و ژمارەكانە قۆناغی دووەم نوسین و ناسینەوەی وشەو پیت و خوێندنەوەیە قۆناغی سێیەم ئامادەكاری بۆ تاقیكردنەوەیە ئەم مامۆستایانەی كە هەیە ئاستییان وەك یەك نییە جا چ لەبەر ئەوە بێت خولیان نەبینیوە یان لەبەر ئەوەی ڕینمایی ناكرێن، چونكە سەرپەرشتیارەكان هەمووی بوون بە كارگێڕی و سەرپەرشتیاری پسپۆڕی نەما ئەمە گەورەترین هەڵە بوو كرا دەبێت سەرپەرشتیاری پسپۆڕی بگەڕیتەوە تەنانەت ڕاهێنەرەكانیش بە پسپۆڕی مامۆستا هەڵسەنگێنن ڕاهێنەرهەیە لە قوتابخانەیەك 42 مامۆستا هەڵدەسەنگێنێت كە خۆی پسپۆڕی كوردییە چۆن لە زانست و بیركاری تێدەگات و بەچی مامۆستاكە هەڵسەنگێنێت، ئەگەرمیتۆد جێبەجێبكات یان نا ڕەنگە لە مامۆستاكە نەگات، بەڵام ئەگەر پسپۆرییەكان بگەڕیتەوە هەموو سەرپەرشتیارێك سەرنجی خۆی دەبێت لەسەر مامۆستاكە و ئەو كاتەش ئەو مامۆستایە بە ئاسانی دەستنیشاندەكرێت كە پێویستی بە خولە.چواردەورو دایك و باوك بۆنموونە من دایك و باوكم بانگ كردووە ئاگادارم كردوون لە ئاستی منداڵەكەیان ،بەڵام پێیان وتووم مامۆستا ئەم بانگ كردنەی ناوێت منداڵەكە هەر دەردەچێت. ئەمە ئەوپەڕی بێباكی نواندن و دوورە پەرێزییە لە بەرپرسیارێتی وهەمووشی ئەم بڕیارە دروستی كردووە لەبەر ئەوە هۆكارەكان هاوكارنین من پێم خۆشە تا پۆلی شەشیش بەڕیبكرێن ،بەڵام بەم دۆخەوە نا كە ئێستا هەیە.
*دەربارەی پێشنیارەكانی خۆی مامۆستا رەحیم گوتی : باشترین چارەسەر کردنەوەی خولە بۆ مامۆستایانی پسپۆڕی کوردی و قۆناغی بازنی یەکەم دەبێت خولیان بۆ بکرێتەوە، دووەم پسپۆڕیەکان بگەڕێنەوە کە پسپۆڕی سەرپەرشتیاری و مامۆستای ڕاهێنەریش پسپۆڕی بۆ بگەڕێتەوە هەردووکی بکرێ بە پسپۆڕی ،چونكە ئەگەر ڕاهێنەرێک کە دێتە قوتابخانەكەی من دە مامۆستا هەڵسەنگێنێت ڕاهێنەرێکی تر دە مامۆستای ترهەڵسەنگێنێت بەپێی ئاستی مامۆستاكە دەتوانێت بڕیار بدات.
*مامۆستا ڕەحیم فەرەج هەر لەسەر كێشەی بازنەی یەكەم و كاریگەری لەسەر بازنەی دووەم ئاماژە بە كێشەیەكی تر دەكات و داوا دەكات لە لاپەڕەی پەروەردەو بگاتە بەردەم وەزیری پەروەردە وەك پێشنیارێك بۆ ئەو كێشەیە ئەو گوتی: داوا لە وەزیری پەروەردە دەكەم پۆلی چواركە بازنەی دووەمە لە هەردوو پۆلی پێنچ و شەش جیابكرێتەوە كاتیك قوتابییەك لەهەرسێ هەڵسەنگاندنەكە دا دەردەچێت ئاستی هەڵسەنگاندن بووەو نوسینەكی نەبووە تاقیكردنەوەكەی پەنجا بە پەنجا بێت نەك 80 بە بیست بێت لەشەستەكە 12 هەڵبژاردنە 48 ی نوسینەكییە ،بەڵام لە قۆناغی چوارەم بەبۆچوونی من بكرێت بە سی بەسی یان پەنجا بە پەنجا لەبەر ئەوەی پەڕینەوە لە ئاستی هەڵسەنگاندنەوە بۆ ئاستی نوسینەكی زۆر دۆخێكی خراپ دروست دەكات و ئەمساڵیش دەبینین لەقوتابخانەكان چەند قوتابی لە پۆلی چوار دەمێنێتەوەو ساڵیكی تر فەوزا لەپۆلی چوار دروست دەبێت ،چونكە زۆر قورسە 48 نمرە لەسەر نوسینەكی قوتابییەك بیت یەكەم جارە ئەم ئەزموونە دەكات دەكریت بكرێتەوە پەنجا بە پەنجا بۆ پۆلی چوار بەتەنها لە ئێستادا لە هەموو قوتابخانەكان كێشەی مانەوەی قوتابی پۆلی چوار بۆتە زەخت لەسەر قوتابخانەكان
*هەر دەربارەی ئەوەی كە ئایا بڕیاری پەڕینەوە تاچەند بۆ دۆخی پەروەردە لە كوردستان دەگونجێت مامۆستا ئیبراهیم چۆمانی شارەزای بواری پەروەردە بۆ خەبات گوتی: بێگومان ئەم بڕیارە بۆ كوردستان نە ئاساییەو نەگونجاوە،چونكە ئەم قۆناغە بە گرنگترین و سەرەكیترین قۆناغی فێربوون و فێركردن دادەنرێت ئەگەر بە شیوەیەكی سروشتی تواناو گەشە و قۆناغە جیاوازەكانی لەم بازنە هەستیارەدا ئامادە نەكرێت بۆ فێربوونێكی تەندروست ئەوا كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر قوتابی لە قۆناغەكانی داهاتوودا دروست دەكات ئەگەر بەدواداچوونێكی زانستییانە بۆ بەشێك لە قوتابخانە بنەڕەتییەكان بكەین بۆمان دەردەكەوێت ڕێژەیەكی زۆر لە قوتابییان گەشتوونەتە پۆلەكانی (4،5،6) كە نازانن وشە یاخود ڕستەیەك بنوسن و بخوێننەوە ئەمەش هۆكارە سەرەكییەكەی ئەوەیە كە فێر نەكراون لە بازنەی پێشتر.
*دەربارەی ئەوەشی كە ئایا هۆكار چییە فێر نابن مامۆستا ئیبراهیم گوتی:نەبوونی چاودێرییەكی وردی پڕۆسەی فێربوونە لەو بازنەیەدا و پێنەدانی ڕینمایی ونەهاتنی سەرپەرشتیاران هەروەها نەبوونی ڕاهێنان بە مامۆستایان لە بابەتەكانی زمانی كوردی وبیركاری وە زۆرینەی ئەو مامۆستایانەی لەم بازنەیەن بە حەزی خۆیان نایڵینەوە،بەڵكو بە گوشارەو زۆرینەیان شارەزای بابەتەكان نین و هیچ كەسیش نییە ڕینماییان پێ بدات هەڵبەت بەشێكییان خۆشییان نایانەوێ بەرەو پێش بچن.