گرنگیی جیۆپۆلەتیکی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران

751
نەبەز بازیانی*
پاش چەند ساڵێک جۆرێک لە چەقبەستوویی و ململانێی هەرێمی، بە فۆرمێکی نوێ هەرێمی کوردستان دەستی کردەوە بە جووڵەی سیاسی ودیپلۆماسی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی تارانی کرد، تارانێک کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی سیاسی و ئاسایش و ئابووری بەسەر نەک هەرێمی کوردستانەوە، بەڵکوو زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە. ناکرێت باس لە فەراهەمکردنی دەستەبەری ئاسایش و ئابووری بکەین و خوێندنەوە بۆ پێگەی ئێران نەکەین، لەبەر ئەوەی ڕێڕەوی تونێلەکەی بەغداد، دەرگاکەی لەتارانە. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ماوەی 11 ساڵدا ئەمە پێنجەمین سەردانییەتی بۆ ئێران، کە دوایین جار لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢١دا بووە، لەماوەی ڕابردوودا جۆرێک لە هەنگاوی نوێمان بینی لە نێچیرڤان بارزانی لەبەغداد و تاران، گفتوگۆی بەرفراوانی هەبوو لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی عێراق و ئێران، لەو ماوەیەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیدگای خۆی بۆ قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکان خستەڕوو. لەلایەکی دیکەوە هەروەها کاتی ئەم سەردانە جێگەی سەرنجە، ئەمەش دوای ماوەیەکی کەم لە سەردانی سەرۆک کۆماری تورکیا دێت بۆ بەغدا و هەولێر لە مانگی ڕابردوودا کە ئەنجامیدا، بۆیە بەستنەوەی تاران و ئەنقەرە و بەغدا لە یەککاتدا جۆرێکە لە بەرەوپێشچوونی پەرەسەندنی داینامیکی دیمەنی دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان.
سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کاتێکی گرنگدایە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گۆڕانکاری گەورەدا تێدەپەڕێت، هەرێمی کوردستان پێگە جوگرافییەکەی وایکردووە چاوی لەسەر بێت، هەندێک ئاڵۆزیی سیاسی و خستنەڕووی هێز لە ڕابردوو وایکردووەو بووە هۆی ساردی و لێکتێنەگەیشتن و تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان، ئەمانە بوونە هۆی کردنەوەی دەرگا بەڕووی ململانێکردنی هەرێمی، تا کار گەیشتە مووشەکبارانکردنی هەولێر. ئەمە لە کاتێکدایە هەرێمی کوردستان سنوورێکی هاوبەشی لەگەڵ ئێران هەیە کە بە درێژایی ٦٠٠ کیلۆمەتر درێژ دەبێتەوە. لە دۆخی ئاشتی و ئارامیدا ئەم نزیکییە ئاسانکاری دەکات بۆ بازرگانی و جووڵە لە ڕێگەی پێنج دەروازەی سنووریی فەرمی و چەند دەروازەیەکی نافەرمی. ئەمە جگە لە مێژووە دوورودرێژە هاوبەشەکەی نێوان هەردوولا لە پەیوەندی کلتووری و نەتەوەیی و هاوکاری، هەمیشە بناغەیەک بوون بۆ دروستکردنی پەیوەندیی دولایەنە، بەڵام ئاڵۆزییە جیۆپۆلەتیکییەکان و جیاوازییە سیاسییەکان تەحەدییات دروست دەکەن کە پێویستیان بە شیکاری و گفتوگۆی ورد هەیە.
هەرێمی کوردستان لە ڕووی جوگرافیاوە کەوتووەتە نێوان عێراق و سوریا و تورکیا و ئێرانەوە، بۆیە بوونی پەیوەندیی باش لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ، کاریگەرییەکی ئەرێنی سوودبەخش و بەرچاوی ناوچەیییان هەیە، ئەمەش پێویستی بە پەیوەندیی دۆستانە و ئارام و هاوسەنگ هەیە. ڕاگرتنی ئەو هاوسەنگییەش؛ پێویستی بە ڕەچاوکردنی وردی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی لایەنەکان هەیە. بۆیە تێگەیشتنی نێچیرڤان بارزانی لەم هێڵە ستراتیژییە و ڕەنگدانەوەی لە سەردانەکەیدا دەبێتە هۆی گۆڕانکاری و دروستبوونی پەیوەندیی بنیاتنەر لەگەڵ دراوسێکان و بەتایبەت ئێران. هەرچی ئێرانیشە لەم قۆناغە باش تێگەیشتووە کە دۆستایەتیکردنی کورد لە ناوچەکەدا زۆر باشترە لە ڕووبەڕووبوونەوەی، بەتایبەت دۆستایەتی و پەیوەندییەک دەبێتە هۆی زیاتر پاراستنی ئاسایشی سنووری و برەودان بە پەیوەندیی ئابووری. هەرچۆنێک بێت سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران کاریگەری و گۆڕانکاریی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەتایبەت لە پەیوندییەکانی نێوان هەرێم و عێراق و هەندێک لە پارتە سیاسییەکانی نێو هەرێمی کوردستانیش، پێدەچێت بە زوویی کاریگەریی سەردانەکە دەرکەوێت و بەشێکی زۆر لە چەقبەستوویی سیاسی و تەمی سەر هەرێمی کوردستان بڕەوێتەوە کە ساڵانێکە لە ناوخۆ و دەرەوە گوشارێکن بۆسەر بەرەوپێشچوونی هەرێمی کوردستان.
*بەڕێوبەری ناوەندی توێژینەوەی ڕەوەندی کوردی بۆ پڕۆسەی سیاسیی عێراق و کوردستان.