
خەبات – ساسان دەروێش
بنەماڵەی حەیدەرییەکان، هەڵکەوتەو ئەستێرەی گەشیان تێدا هەڵکەوتووە و سەرچاوەی زانیاری و بەخشندەیی بوون لە چاپ و بڵاوکراوەکان. مامۆستا مومتاز حەیدەری نووسەرو ڕۆژنامەنووسی بەئەزموون و شەیدای کتێب و خوێندنەوەیان و خاوەن کتێبخانەیەکی دەوڵەمەند، یەکێکە لەتەواوکارەکانی ڕێگای ڕۆشنفکریی بنەماڵەکەیان، بەهەوڵی تاکەکەسی لە هەڵمەتێکدا بۆ هاندانی خوێندنەوەی کتێب و ڕۆژی کتێب و خۆشەویستی بۆ کتێب بە کۆکردنەوەی کتێبەکانی خۆی و خەرجییەکی زۆری بەرباخەڵی خۆی بۆ کڕینی کتێب، لە هەوڵێکی سەرکەوتوودا لە دوای ماندوبوونێکی زۆر کتێبخانەیەک لە شێوەی نیشتیمانی و نەتەوەیی لە چوارچێوەی ماڵێکدا پێشکەشی گەلەکەی بکات و وەک ناوەندێکی کولتووری و سەکۆیەک دەرگای کتێبخانەکەی بۆ توێژەران و نووسەران واڵا بکات لە ژینگەیەکی ئارام و پڕ لە زانیاری کتێب و سەرچاوەکان، ئەمەش لە دوای گواستنەوەی ماڵەکەی لە گەڕەکی ئازادی بۆ گەڕەکی زانکۆی 2 و کڕینی خانوویەکی تایبەت بە کتێبخانەیەک لە خەرجی خۆی بۆ کتێبخانەیەکی شیاو کە بەردەست بێت و خوێنەران و شەیدایانی کتێب سەردانی بکەن و سوود لە سەرچاوە و کتێبەکان ببینن. لە دوای نۆژەنکردنەوە و دانانی کتێبەکان و جیاکردنەوەیان لە چەند ژوورێکدا ڕووناکی بەخشیە هەموومان.
دیاری ئینستیتۆی خوێندنی کورد لە بەرلین
لەدوای ئاگادارکردنەوەی مامۆستا مومتاز حەیدەری لە سەردانیکردنم بۆ کتێبخانەکەی، بەمەبەستی پیرۆزبایی کردن و پێشکەشکردنی تاجەگوڵینەیەک و دیاری کتێبی ئەلف و بێی کوردی ئینستیتۆی خوێندنی کورد لە بەرلین، بەنوێنەرایەتی دکتۆر فەریاد فازڵ عومەر لەلایەن بەندە ساسان دەروێش و ڕزگار لەشکری وێنەگر بۆ مامۆستا مومتاز حەیدەری ، بەدەم بەخەندەو ڕوویەکی شیرینەوە چاوەڕوانم بوو، پێشوازییەکی گەرمی لێکردم.
بە بەخشینی تاجەگوڵینەکە، حەیدەری گوتی: گوڵ ڕۆحی جوانییە و سوپاس و پێزانینی بۆ دیارییەکەمان هەبوو لە تاجەگوڵینەکەو کتێبەکە لە سووڕانەوەیەک بەنێو کتێبخانەکەدا لەوە تێگەیشتم کە چەند ئاواتەخوازی ئەم کارە بووە و هەست و خۆشەویستییەکی لەڕادەبەدەری دەردەبڕی و وزەو ژیانی نوێی پێدەبەخشی و هەموویانی وەک بەشەکانی جەستەی خۆی خۆش دەوێن و ناحەوێتەوە ئەگەر لە نێویاندا پیاسە و گەڕانێکی ڕۆژانە نەکات و هیچکات بێزار نابێت لێیان، بەڵکوو هەموو ڕۆژێک چاوەڕوانی گوڵێکی نوێ و بۆنکردنیانە و چاوی لە دەرگایە بۆ هێنانی دیاری کتێب و دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەکە.
سەرەتا کتێبخانەکەی لەیەک کتێبەوە دەستیپێکردووە، تا گەیشتۆتە ئەو ڕۆژگارە. حەیدەری لەوبارەیەوە گوتی: چەندین جاریش لێمان تێکچووەو دەربەدەربووینە و ئاوارە بووین و کتێبەکان لەناوچوون و دووبارە کتێبەکانمان کۆکردۆتەوەو بە بێ ئەوەی کۆڵ بدەم درووستمکردۆتەوە، لە ئێستادا نزیکەی زیاتر لە 20 هەزار دانە کتێبی دانسقەمان هەیە جگە لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان.
کتێبی ئەلف وبێی کوردی
مومتاز حەیدەری، لەبارەی کتێبی ئەلف و بێی کوردی مامۆستا ئیبراهیم باڵدار دەڵێت: کلیلی زمانی کوردییە و مامۆستا باڵدار بە مامۆستای هەموومان دەزانرێت، هەر مرۆڤێک و خاوەن قەڵەمێک و نووسەرێک هەر پسپۆڕێک لە مەیدانی کولتووری کوردەواریماندا کتێب لەبارەی ئەلف و بێی کوردی بۆ منداڵان بەرهەم بهێنێت، دەستکەوتێکی گەورەیە، بۆیە زمان بڕبڕەی پشتی هەر نەتەوەیەکە، هەرچەندە بەداخەوە زمانی کوردی لە نێو دووڕێیانێکی مەترسیداردایە و زمانی کوردی بە بڕیاری سیاسی لەتکرا، سەدام حوسین، بە هەموو هێزو توانایەوە نەیتوانی زمانی کوردی لەتبکات بە پلانەکانی لە ڕۆژنامەی بزاڤی ئاسۆو بەنداوی بێخمە و چەندین پلانی تر هەوڵەکانی بۆ لەتکردنی زمانی کوردی شکستی هێنا. لەمەیدانی کوردستانی نووسەرەکانیان بە میزاجی حزبی بە زمانی کوردی دەنووسن، ئەمەش سەرلێشێواندنێکیتری تێدایە، بۆیە هەر کتێبێک لەم بابەتە بڵاو بکرێتەوە، بەتایبەتی کتێبەکەی دکتۆر فەریاد فازڵ، کارێک و دیارییەکی گەورەیە بۆ نەتەوەی کورد، ئەم دیارییە جوانەی بۆ منداڵانی کورد و پەروەردەکردنیان لەسەر بنەمایەکی زانستی و زانیاریی بەسوود و پەروەردەکردنی منداڵانی کورد، پەیمانگەی بەرلین بۆ خوێندنی زمانی کوردی، کە ئەو سەرۆکیەتی و پێشتریش خەڵکانیتر هەبوون. د. فەریاد فازڵ، خاوەن قەڵەم و بیروباوەڕی ڕۆشنفکرو ڕوناکبیری کورد لە ڕوانگەی زمانی کوردی، ڕۆڵی گرنگی بینیوە لەو پەیامە ڕۆشنفکرییەی دەربارەی زمانی کوردی هەیە و هەوڵەکانی بۆ چڕکردۆتەوەو خزمەتی زمانی کوردی دەکات و کتێبەکەی کردۆتە سەرمەشقی خەباتێکی نوێ بۆ منداڵان وپەروەردەکردنیان، کاتێکیش هاتەوە کوردستان لەبارەی کتێبەکەی چەندین سمینارو کۆڕی سازکرد و خ بەرهەم و چاپکراوەکانیشی تیایدا خستنەڕوو. کارو کردەوەکانی دەبێتە پرس لە مێژووی هاوچەرخی کورددا.
کتێبخانە و ئەرشیفی نووسهر و ڕۆژنامهنووس مومتاز حەیدەری
بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی کتێب لە 23ی نیسانی 2024، بە ئامادەبوونی بەشێک لە بەرپرس لە حکوومەت و پەلەمانتاران و ژمارەیەک لە نووسەر و ڕۆشنبیران و کتێب دۆستان، کتێبخانە و ئەرشیفی نووسهر و ڕۆژنامهنووسی بهئهزموون و دیاری کورد و شاری هەولێر مومتاز حەیدەری لە ڕێوڕەسمێکدا کرایەوە.
مومتاز حەیدەری لەساڵی 1938 لە شاری ههولێر، له بنهماڵهیهكی زانستپهروهری ئایینی و له ئامێزی خێزانێكی نیشتمانپهروهر و شۆڕشگێر پهروهرده بووه و چەندین کتێبی بڵاو کردۆتەوە و كۆبهرههمیشی کە بەم دواییانە چاپ و بڵاو کردۆتەوە بەناونیشانی (زادهی تهمهن، ڕهوسهی قهڵهمهكهم) له توێی (18) بهرگ و كۆی گشتیی (8،500) لاپهڕه یە و هەر بەرگێک بەناونیشانێکە.