خەبات: سەید فاتیح بەرزنجی:- هونەرمەند حەسەن عەلی خان، یەکێکە لە دەرهێنەر و هونەرمەندە بە تواناکانی کورد، لە ساڵی ١٩٩١ەوە کاری هونەری دەکات، سەرەتا لە هونەری شێوەکاری و شانۆ دەستی پێکردووە و خاوەنی شەش کورتە فیلم و پێنج فیلمی سینەماییە، کە بەناو بانگترینییان گەڕەکی دەهۆڵەکان و شیرین و سڵاو پێشمەرگە و …هتد هەروەها بەشداریی لە دەیان فیستیڤاڵی نێو دەوڵەتیی و ناوخۆی کردووە و خاوەن پێنج خەڵاتی جیهانییە. کاری دەرهێنانی بۆ چەندین فیلمی سینەمایی کردووە، ئێستا خاوەنی کۆمپانیایی بەرهەمهێنانی سینەما و درامایە، بەناوی (کنگ هاوس).

دواین کاری هونەری ئەو دەرهێنەرە درامایی (ئەدیابین)ە، کە بەرهەمی دەزگەی سەتەلایتی کوردستانە، نووسینی سیناریۆکەی لە لایەن (کەریم عەبدوڵڵا)یە و لە دەرهێنانی (حەسەن عەلی خان)ە، ئەم درامایە كه‌ له‌ مانگی ڕەمەزان پەخش دەکرێت بینەرێکی زۆری هەیە و بە شێوەیەکی پێشکەوتوو بەرهەم هێنراوە، زیاتر لە سەد کارەکتەر و ٢٠٠٠ کومارس ڕۆڵیان تێدا بینیووە، چیرۆکی دراماکە باس لە مێژووی ساڵای ١٩١٨ دەکات کاتی کۆتایی هاتنی سەردەمی عوسمانییەکان دەگێڕێتەوە لەگەڵ هاتنی ئینگلیز بۆ کوردستان و دابەشکردنی کوردستان. هەروەها باس لە گواستنەوەیی ململانێی سیاسی ئەو سەردەم و چەند چیرۆکێکی جیاواز دەکات.

سەبارەت بە بیرۆکەی دراماکە حەسەن عەلی بۆ خەبات گوتی: ماوەی چەند ساڵێکە لە هەوڵی بەرهەمهێنانی ئەم درامایە مێژووییەدام، کە زۆرێک لە ڕووداوە مێژووییەکان وەک چیرۆک بۆ بینەران بگوازینەوە، ئەوەش هەنگاوێکە بۆ پێش خستنی درامایی کوردی، درامایی ئەدیابین، ئێستا بینەرێکی زۆری لە کوردستان و دەرەوەی کوردستان هەیە و زۆر قسە و باسی لەسەر دەکرێت، ئەمە هەنگاوێکی زۆر باشە.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەکتەرەکانیش لە نێو دراماکە حەسەن عەلی گوتی: هەوڵمداوە بۆ هەر کارەکتەرێک ئەکتەرێکی پڕ بەپێست بۆ ڕۆڵەکە بدۆزمەوە کە بتوانێ ئەم ڕۆڵە وەک خۆیی بگەیەنێ، بۆ ئەوەش پێموابێ لە هەڵبژاردنەکەم تا ئاستێکی باش سەرکەوتووبووم، ئەوەی دیکەش دەگەڕێتەوە بۆ سەر بینەر، جگە لەوەش هەوڵی خۆم داوە پرۆڤەی زۆر لەگەڵ ئەکتەرەکان بکەم، چونکە باس لە مێژووی سەدەیەک دەکەین، ئەوەش کارێکی ئاسان نییە کارەکتەر بتوانێت ڕۆڵەکەی وەک خۆیی بەرجەستە بکات، بۆیە پێویستمان بە جۆرێک لە ئەدای کلاسیکییە، سەبارەت بە تەکنیکش لەم درامایە دا حەسەن عەلی دەرهێنەر گوتی: ئەو هەنگاوەی ئێمە جێگەی خۆی گرتووە و بینەری کوردی لە درامای تورکی و بیانی ڕەواندەوە، هیوادارم بەرهەمی درامایی کوردی لە داهاتوو زیاتر بێت.

ئەبێت ئێمەش هەوڵ بدەین بۆ پێشخستنی درامایی کوردی و لەو شێوازەی جاران نەمێنێتەوە، بە گوێرەی ئەو ڕەنگدانەوەی ئەو چەند ڕۆژی ڕابردوو لە پەخشی درامایەکە هەست دەکەم شتێکمان بەشێک کردووە نیشانەی ئەم گۆڕانکاریەیە، دەشڵێت: ئەوەی ئەمجارە کردوومانە هەست دەکەم لە کاری دراما هەنگاوێکی باشە، داواش دەکەم شارەزایان و پسپۆرانی ئەم بوارە کاری باشتر لە داهاتوو بکەن لەسەر کێبڕکێ بۆ کاری باشتر.