هاتوچۆی هه‌ولێر هۆشداریی ده‌داته‌ شۆفێران و رایده‌گه‌ێنێت، هه‌ر كه‌سێك به‌ هه‌ر جۆرێك بێت تابلۆی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی بشارێته‌وه‌ ده‌ست به‌سه‌ر ئۆتۆمبێله‌كه‌یدا ده‌گیرێت.

  پێنجشه‌ممه‌ 11ی نیسانی 2024، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هاتوچۆی هه‌ولێر بڵاوی كرده‌وه‌، كه‌ شاردنەوەی تابلۆی ئۆتۆمبێل بە قوڕ یان دەستکاری ژمارەی ئۆتۆمبێل تاوانە هەر شۆفێرێک دەستکاری تابلۆی ئۆتۆمبێلەکەی بکات، بیچەمێنێتەوە، دەستکاری ژمارەکان بکات، بە قوڕ یان هەر مادەیەکی دیکە بیشارێتەوە، دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێ و دەدرێتە دادگا.

 راشگه‌یه‌نراوه‌، ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە لە کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی ناتانپارێزێ بەڵکو تاوانێکی دیکەش ئەنجام دەدەن و رووبەرووی سزای یاسایی توند دەبنەوە.

 هاتووچۆی هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌، ئەمڕۆ دووەم رۆژی جەژن دوو ئۆتۆمبێلی تابلۆ هەولێر لە رێگای هەریر بینراون کە تابلۆکانیان بە قوڕ داپۆشیووە و تیژڕۆییان کردووە بۆ ئەوەی لە کامێراکان دەرنەچن و بەر لەوەی بگەنە بازگەیەکی کاتی هاتوچۆ لە سپیلک، وەستاون و تابلۆکانیان پاک کردۆتەوە، ئۆتۆمبێلەکان ناسراون و لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ خاوەنەکانیان دەکرێت.

له‌ كۆتاییدا هاتووچۆی هه‌ولێر رایگه‌یاندووه‌،  داوا له‌ شۆفێران ده‌كه‌ین كه‌ خۆیان له‌و جۆرە هەڵسوکەوتە نایاساییە بپارێزن.

هه‌ر ئه‌مڕۆ هاتووچۆی سلێمانی بڵاویكرده‌وه‌، هه‌ر شۆفێرێك ده‌ستكاری تابلۆی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی بكات، بیچه‌مێنێته‌وه‌، ده‌ستكاری ژماره‌كان بكات، به‌ قوڕ یان هه‌ر مادده‌یه‌كی دیكه‌ بیشارێته‌وه‌، ده‌ست به‌سه‌ر ئۆتۆمبێله‌كه‌یدا ده‌گیرێت و ده‌درێته‌ دادگا.