خەبات: سەدیق سەعید ڕواندزی:- ڕەوشی تەندروستی سەرۆكی ئەمەریكا و چوونە نێوتەمەن و پیریەتی، بە هیچ شێوەیەك لە بار نین بۆ ئەوەی جارێكی دیكە، بایدن ببێتەوە بە سەرۆكی ئەمەریكا، یان بەربژێر بكرێت. بە تایبەتیش كە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، بایدن نەیتوانی لە ئاست ئەو ڕووداو و پێشهاتە سیاسی و خێرایانە بێت، كە لە ئاستی دنیادا ڕوویاندا، وەك گەڕاندنەوەی تاڵیبان و شەڕی ئۆكرانیا و گەشەكردنی بزووتنەوە چەكداریی و میلیشیاكانی عێراق و دواتریش شەڕی غەزە و لە ئێستاشدا بە ئامانج گرتنی هێزەكانی ئەمەریكا، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

گەر سەرنج لە هەڵوێست و گوتاری كاركردنی بایدن لە ئاست ئەو ڕووداوانە بدەین، دەبینین جۆرێك لە خۆپارێزیی و ترس بە هەڵوێستەكانی ئەمەریكاوە دیارە. هەموو ئەم ڕووداوانە لەلایەك و لەلایەكی دیكەشەوە كێشەی بیرچوونەوە و تێكەڵكردن و لاوازی یادگەی بایدن، كە ئەگەری ئەوە دەردەخەن تووشی نەخۆشی زەهایمەر بوو بێت، ئەو واقیعە دێننە ئاراوە كە ئەمەریكییەكان، ئیدی پێویستیان بە بایدن نییە تا سەرۆكایەتی وڵاتە زلهێزەكەیان بكات و دەبێ سەرۆكێكی دیكە هەڵبژێرن، وەلێ هەموو ئەو ڕووداوانە و دابەزینی ئاستی جەماوەری بایدن، بە هیچ شێوەیەك نابێ بكرێنە پاساو، بۆ ئەوەی ئەمەریكییەكان جارێكی دیكە، كەسێكی هەزەلی و نا سیاسیی و بازرگان و سەرمایەدارێكی دوور لە سیاسەتی وەك ترەمپ، بكەنە جێگرەوەی بایدن. لە مێژووی هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكادا، هیچ سەرۆكێك هێندەی ترەمپ، نا سیاسیی نا لێوەشاوە، تێوگڵا و لە مەلەفی ئەخلاقی و ئابووریی و بەرتیل، بوونی نەبووە، بەڵكو هەموویان كەسانی سیاسی دیار و بڕیار بە دەست بوونە. بۆ لە سەردەمی بۆشی باوكدا، كوەیتیەكان ڕزگاركران، لە سەردەمی بۆشی كوڕدا، كۆتایی بە سەددام و دەسەڵاتەكەی هات، كە خەونی هەموو عێراقییەكان بوو، لە سەردەمی ئۆبامادا، سەركردەی دیارترین بزووتنەوەی تیرۆرستی لە سەر ئاستی دنیادا كوژرا، كە ئوسامە بن لادن بوو.

لە سەردەمی كارتەردا، ئاشتەوایی نێوان ئیسرائیل و میسر هاتە ئاراوە، كە ئێستاش بەردەوامە. لە سەردەمی كلنتۆندا، شەڕی بەڵقان یەكلایی كرایەوە و ڕێككەوتننامەی ئۆسلۆ واژۆ كرا. هەریەك لەم ڕووداوانە، وێرای ئەوەی كاریگەریەتیان لەسەر ئەوە هەبوو، كە خولێكی دیكە ئەو سەرۆكانە هەڵبژێردرێنەوە، هاوكات ناو و ناوبانگیشیان چووەتە نێو مێژوو. بێگومان ئەمەریكا، زلهێزترین و بڕیار بە دەستی سیاسەتی جیهانە، شوێن و ڕۆڵی بە تایبەتیش دوای نەمانی دنیای دوو جەمسەری، دیار و بەرچاوە، جیهان ئاراستە دەكات و لە گۆڕانكاریی و پێشهاتە سیاسییەكان، ڕۆڵی یەكلاكەرەوە دەبینێت، بۆیە دەبێت ئەمەریكییەكان، بە هوشیارییەوە سەرۆكێك هەڵبژێرن و لە پەراوێزی خراپی دۆخی تەندروستی بایدن، جارێكی دیكە ترەمپ نەهێننەوە سەر شانۆی سیاسی جیهان، بە تایبەتیش كە چوار ساڵی ئەزموونی ئەویشیان بە كردەیی بینی و تاقیكردەوە. كەواتە هەموو ئەگەرەكان، ئەوە دەخوازن كە ئەمەریكییەكان بیر لە سەرۆكێكی دیكە بكەنەوە و ئیدی كێ دەكەنە سەرۆك، ئەوەی مافی خۆیانە، بەڵام مەرج نییە لە هەڵبژاردندا، هەموو كەسێك شیاوی ئەوە بێت هەڵبژێردرێت، بە تایبەتیش بۆ پۆستێكی گەورە و گرنگی وەك سەرۆكی ئەمەریكا.