خەبات: هێمن ئاری:- سەرۆک بارزانی لە یۆبیلی زێڕینی خەبات دەڵێت: یادکردنەوەی خەبات، بە تەنیا یادکردنەوەی ڕۆژنامەیەک نییە، یادکردنەوەی خەباتی نەتەوەیەکە، ئەم یادە، لە 4 ی نیسانی هەموو ساڵێک بە ڕۆژێکی مێژوویی و پڕ سەروەریی لە بزاڤی ڕۆژنامەگەری کوردیدا دادەنرێت کە یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی خەباتی لە ساڵی 1959 بە زمانی کوردی تێدا دەرچوو، بۆ 65 مین ساڵیادیی ڕۆژنامەی خەبات، بۆ چوونی چەند ڕۆژنامە فرۆشێک وەردەگرین کە ساڵانێکە کاری دابەشکردنی ڕۆژنامە و گۆڤار و بڵاو کراوەکان دەکەن.
جیاوازی ڕۆژنامەی خەبات
هادی ڕەشید حەسەن، بە یەکێک لە ڕۆژنامەفرۆشە ناسراوەکانی شاری هەولێر دادەنرێت لە ساڵی 1991ەوە کاری فرۆشتن و دابەشکردنی ڕۆژنامەکان دەکات، هادی ڕەشید بە بۆنەی 65 مین ساڵیادیی ڕۆژنامەی خەبات و بایەخی ئەو ڕۆژنامەیە لای خوێنەر گوتی: جیاوازی خەبات لەگەڵ ڕۆژنامەکانی دیکەدا ئەوەیە، یەکەم: هەر هەواڵ و بابەتێک کە لە خەبات بڵاو بێتەوە سەرچاوەکەی فەرمی و دیارە. ئەوەش وادەکات لای خوێنەر باوەڕ پێکراو تربێت لەگەڵ ڕۆژنامەکانی دیکەدا.
دووەم: ڕۆژنامەی خەبات، ڕۆژنامەیەکی حەریقە، ڕۆژنامەیەکی کۆن و ئەسیلە، ڕەنگە خەڵکێک هەبێت بە شێوەیەکی دیکە سەیری شتەکان بکات، بەڵام ئەگەر بە وردی خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ بکەیت و ڕاستییەکانت بۆ ڕوون دەبێتەوە. هەروەک گاندی دەڵێت: تا دەتوانی ڕۆژنامە بخوێنەوە، کە چوویتە ناو بابەت و لاپەڕەکان دەچیتە جیهانێکی دیکەوە، دەشڵێت: من لە ساڵی 1991 ەوە سەر و کارم لەگەڵ ئەو ڕۆژنامە ئازیزەدا هەیە، لە سەرەتای بەرەی کوردستانی ( خەبات کادیر) هەبوو لە شێوەی گۆڤار بوو ئەویش خوێنەرێکی باشی هەبوو.
دواتر چەند جارێک ڕۆژنامەی خەبات و برایەتی ناوەکانی گۆڕا، دواجار ناوەکە بووە بە خەبات و تائێستا بەردەوامە، هەروەها هادی ڕۆژنامەفرۆش باسی لەوەکرد ڕۆژنامەی خەبات لە هەموو سەردەم و قۆناغێکدا خوێنەری خۆی هەر هەبووە و هەیە، ئێستاش خەڵکێک هەیە ڕۆژنانە دێت خەبات دەکڕێت و دەیخوێنێتەوە. ئەوەشی ڕەتکردەوە کە دەگوترێ لە ئێستادا خوێنەری پەڕاوە کاغەزییەکان نەماون، بۆ ئەوەش گوتی: ڕادیۆی بی بی سی، لەساڵی 1936 بۆتەوە، کاتێک کە تەلەڤزیۆن پەیدابوو گوتیان ئیتر تەواو ئەو ڕادیۆیە گوێگری نامێنێت، بەڵام دواتر گوێگری خۆی هەرماو تا ئێستا بەردەوامە، من خۆم یەکێکم لە گوێگرانی ئەم ڕادیۆیە، بۆیە ڕۆژنامەی خەبات یش بەهەمان شێوە خوێنەر و موسداقیەتی خۆی هەموو کات هەیە. هیوا خوازم ئەم ڕۆژنامەیە زیاتر بەرەو پێش بچێت، خەبات تاکە ڕۆژنامەیە لەسەرتاسەری کوردستان دڵ و دەروونمان تێر دەکات لە بابەتی جوان و بە پێژ، بۆ ئەو یادە هیوای سەرکەوتن بۆ تەواوی ڕۆژنامەنووس و کارمەندانی ئەو ڕۆژنامەیە دەخوازم.
گەیاندنی دەنگ خەڵک
دواتر بەهحەت خدر، ئەویش 20 ساڵە کاری فرۆشتنی کتێب و ڕۆژنامە و گۆڤارە، بە بۆنەی 65 ساڵیادیی دەرچوونی ڕۆژنامەی خەبات بۆمان دواو گوتی: خەبات یەکێکە لەو ڕۆژنامانەی لەسەرەتای دەرچوونییەوە تا ئێستا توانیوویەتی خزمەتێکی باش بە خوێنەر و بزاڤی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا بکات. یەکێکە لەو ڕۆژنامانەی جیا لە بواری سیاسی بایەخی بە تەواوی بوارەکان داوە، هەر لەبواری پەروەردە و فێرکردن، ئابووری، ئافرەتان، کشتوکاڵ، … هتد. ئەوەش ئەوە دەردەخات کە ئەم ڕۆژنامەیە بووەتە مینبەرێک بۆ گەیاندنی دەنگی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بەبێ جیاوازی.
هەڵهاتنی تیشکی خۆر
هەروەها بەهجەت خدری ڕۆژنامەفرۆش گوتیشی: من 20 ساڵە کارم ڕۆژنامە فرۆشتنە، هەموو بەیانییەک بێ ئەوەی هەستم بە ماندووێتی کردبێت لەگەڵ هەڵهاتنی تیشکی خۆر بە ماتۆڕ ڕۆژنامەی خەباتم گەیاندۆتە دەستی خوێنەران چ لە فەرمانگە و بەڕێوبەرایەتییەکان بێت یان لەماڵ یان هەر شوێنێک کە خوێنەر داوای کردبێت، هەروەها سەبارەت بە ناوەڕۆک و ئەو بابەتانەی لە ڕۆژنامەی خەبات بڵاو دەبێتەوە گوتی: ڕاستە ئێستا لەگەڵ ساڵانی پێشوو هەموو شتێک جیاوازی هەیە و قۆناغ و سەردەمەکە گۆڕاوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانم بڵێم خەبات خوێنەری خۆی هەرماوە و جێی خۆی لە دڵی خوێنەراندا کردۆتەوە، گوتیشتی بە گۆڕانکاری لە دیزاین و گەورەبوونی قەبارە و هەمەجۆری بابەتەکانی دەتوانم بڵێم ئێستا لە ئاستێکی باشتردایە بە بەراورد لەگەڵ پێشووتر دا، لە کۆتایشدا گوتی: ئەو یادە لە سەرنووسەر و تەواوی ڕۆژنامەنووسانی ئەو ڕۆژنامەیە پیرۆزدەکەم هیوادارم هەر بەردەوام بێت.
خەبات باشترینییانە
ڕۆژنامەفرۆش ڕەشید جەعفەر ناسراوە بەسوورە، لە ساڵی 1991 ەوە لەشاری هەولێر کاری ڕۆژنامەفرۆشی دەکات. ئەویش بە بۆنەی 65 مین ساڵیادی ڕۆژنامەی خەبات گوتی: پێش هەمووشت پیرۆزبایی لە سەرنووسەر و رۆژنامەنووسانی ئەم ڕۆژنامەیە دەکەم. گوتیشی: لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و بواری ڕاگەیاندن بەگشتی، خوێنەری کتێب و ڕۆژنامەکان هەر ماوە، خوێنەری ڕاستەقینە ئەو تام و چێژەی لە خوێندنەوەی پەڕاوی کاغەز وەردیدەگرت لە بوارەکانی دیکەی ڕاگەیاندن وەریناگرێت. ئێستا من ڕۆژنامە و کتێب و گۆڤارەکان دەفرۆشم لە ناویشیاندا ڕۆژنامەی خەبات دەتوانم بڵێم خەبات لە هەموو ڕۆژنامەکانی دیکە باشترە، خوێنەر هەیە بابەتێک سەرەنجی ڕادەکێشێت دەیکڕێت، هەیە بابەتی خۆی تێدایە، هەیە بۆ ئاگادارییەکان دێت دەیکڕێت.











