بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ یەكەمجار تابلۆی ئۆتۆمبێلی هەڵەبجەی پێشكەشی خەڵكی شارەكە كرد.
كەمێك پێش ئێستا (پێنجشەممە 22/2/2024)، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ یەکەمجار تابلۆی ئۆتۆمبێل لە هەڵەبجە پێشكەشی خەڵكی ئەو شارە كرا.
ئەمڕۆ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گەیشتە پارێزگای هەڵەبجە، لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا، سەردانی مۆنیومێنتی شەهیدانی هەڵەبجەی کرد و بەشەکانی مۆنیومێنتەکەی بەسەر کردەوە و تاجەگوڵینەی لە بەردەم سیمبولی شەهیدانی هەڵەبجە دانا.
پاشان سەرۆکی حکوومەت لە یاداشتی مۆنیومێنتەکەدا وتەیەکی نووسی و ئاماژەی بەوە دا کە “شانازی دەکەم کە جارێکی دیکە سەردانی شاری هەڵەبجەی شەهید دەکەم، داوا لە خوای گەورە دەکەم گیانی شەهیدان بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و بریندارەکانیش چاک بکاتەوە.”
مەسرور بارزانی هەروەها نووسیویەتی: “خزمەتکردنی هەڵەبجە بە ئەرکی خۆمان دەزانین و پێویستە هەموومان هەوڵ بدەین تاوان بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دووبارە نەبێتەوە.”