دوای لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی، بەشێکی زۆر لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتنی سەرتاسەرییان ڕاگەیاندووە.
لەسەر داوای رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ، دانیشتووانی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان دەستیان بە مانگرتنی گشتی کرد، بۆ ئیدانە و شەرمەزارکردنی لەسێدارەدانی چوار گەنجی سیاسی کورد لەلایەن حکومەتی ئێران، ناڕەزایی دەربڕینەکان لە کاتێکدان کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران تەرمی ئەو چوار گەنجە کوردەیان رادەستی بنەماڵەکانیان نەکردووەتەوە بۆ بەخاکسپاردنیان.
شەش رێکخراوی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا داوایان لە دانیشتوانی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە بە مانگرتنی گشتی و سەرتاسەری، لەسێدارەنی ئەو چوار گەنجە سیاسییە کوردە بە ناوەکانی موحسین مەزڵووم، محەمەد فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فاتیحی، ئیدانە و شەرمەزار بکەن، لە رۆژی دووشەممە لە زیندانی قزڵحەساری کەرەج لە سێدارە دران.