یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارە بڵاوبوونەوەی هەواڵێک بە ناوی ئەنجوومەنی باڵای فەتواوە بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ شەممە 27/1/2024، لە روونکردنەوەیەکدا یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان بڵاوی کردەوە: “بەداخەوە دوێنێ راگەیاندنی کۆمەڵی دادگەری هەواڵێکیان بەناوی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای یەکێتی زانایان بڵاوکردۆتەوە، بێ ئەوەی بەشێوەی پیشەیی مامەڵە بکەن و وەک موسڵمان روونکردنەوە وەربگرن.”

ئاماژە بەوەش دراوە: “ئەنجوومەنی باڵای فەتوای یەکێتی زانایان هیچ فەتوایەکی فەرمی بەو شێوە بڵاونەکردۆتەوە، چونکە فەتوای فەرمی لە ئەنجومەنەوە دەردەچێت و کلێشەی تایبەتی خۆی هەیەو مۆرو ئیمزاو ژمارەو بەرواری لەسەر دەبێت و لە سایتی فەرمی یەکێتی زانایان بڵاو دەکرێتەوە.”

روونیش کراوەتەوە: هەر هەواڵ و لێدوان و فەتوایەک لە راگەیاندنی خۆمان بڵاو نەکرێتەوە، تەعبیر “لە ڕاو هەڵوێستی فەرمی یەکێتی زانایان ناکات، تکامان وایە راگەیاندنەکان لەپێناو ئامانجی خۆیان یاری بە لێدوانی کەسی و نافەرمی نەکەن و هەستپاکی زانایان نەقۆزنەوە.”