بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەڵێت، بەرهەمهێانی گازی سرووشتی و وزەی کارەبا لە هەرێمی کوردستان گەڕاوەتەوە ئاستی ئاسایی خۆی.
ئەمڕۆ شەممە، 27-01-2024، ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “بەرهەمهێانی گازی سرووشتی و وزەی کارەبا لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر، گەڕاوەتەوە ئاستی ئاسایی خۆی”.
بە گوتەی ئەحمەد موفتی، ئەو هێرشەی رۆژی پێنجشەممە کراوەتە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، “کاریگەریی هەبوو لەسەر بەرهەمهێنانی گاز و کارەبا. لەمەشدا تەنها هاووڵاتییان زەرەمەرمەند بوونە. کارمەندانی کێڵگەکە توانییان بە پیشەییانە و لە کاتێکی کەمدا کێشە تەکنییەکان چارەسەربکەن”.