وەزیری بەرگریی ئەمریكا بە فەرمی رایگەیاند، هێرشەكانی ئەمشەویان بۆ سەر میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، لەسەر راسپاردەی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بووە.

لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریكا لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد، هێزەكانی ئەمریكا ”چەند هێرشێكی زەرووری و گونجاویان كردۆتە سەر سێ دامەزراوە كە كەتائیبی حیزبوڵای عێراق و میلیشیاكانی دیكە لە گرووپەكانی سەر بە ئێران لە عێراق بەكاری دەهێنن.“

جەختیشی كردەوە كە هێرشەكان ورد بوون و لەسەر راسپاردەی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا كراونەتە سەر میلیشیاكانی حەشدی شەعبی.

ئۆستن ئەوەشی ڕوون كردۆتەوە كە ئەو هێرشانە وەڵامی راستەوخۆی ئەمریكایە بەرامبەر بەو زنجیرە هێرشەی كە میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە دژی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا دەیكەن.