وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، هیچ شتێكی نامۆ و نایاسایی لەناو لیستی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستاندا نییە و ناوە ناوە وروژاندنی بابەتی تازە بە جۆرێك لە گێچەڵ دەزانین بۆ تەگەرە خستنە بەردەم پێدانی مووچە كە مافی ڕەواو سادەی خەڵكە.

ئەمەی خوارەوە دەقی روونكردنەوەكەی وەزارەتی داراییە:-

‎لەماوەی ڕابردوو تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان ماوەی مانگێك لەهەرێمی كوردستان سەرقاڵی وردبینی بوون لە ژمارەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و بەمەیدانی سەردانی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكانییان كردوە.
‎لەلای ئێمەوە هیچ شتێكی نامۆ و نایاسایی لەناو لیستی فەرمانبەران و موچە خۆرانی هەرێمدا نییەو ناوە ناوە وروژاندنی بابەتی تازە بە جۆرێك لە گێچەڵ دەزانین بۆ تەگەرە خستنە بەردەم پێدانی موچە كە مافی ڕەواو سادەی خەڵكە.
‎ئەوەی پێویست بێت و لەچوارچێوەی داواكارییە یاساییەكانی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ بێت وەك لە ڕابردوو وامان كردووە،بەنووسراوی فەرمی وەڵامییان دەدەینەوە هیچ تێبینییەك بەجێناهێڵین.
‎لەم بابەتانەش كە پەیوەندییان بە ژیان و گوزارانی خەڵكەوە هەیە پێویستە میدییاكان نیشتیمانییانەو پیشەییانە ڕووماڵ و بڵاوكراوەیان هەبێت نەك بەجۆری دیكەو مەبەستی دیكە!.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوری. ٢٠٢٤/١/٢٣