سهرهتا وتار بۆچی پێویستە مامۆستایان لە قوتابخانەكان ڕەچاوی قوتابیی هەرزەكار بكەن؟
دلاوه ر شێخ بزێنی
خوێندن و قوتابخانە كە بە مەڵبەندی فێربوون و پەروەردە ناوزەند دەكرێ و هەڵبەتە بە ماڵی دووەمی قوتابیش ناونراوە , بەسەر چەند پۆل و قوناغێكدا دابەشكراوە و قوتابی تا خوێندن تەواو دەكات پۆل بە پۆل و ساڵ بە ساڵ ئەو قۆناغانە دەبڕێت , ئەوەی لێرەدا ئێمە باسی لێوە دەكەین باسی قۆناغی پۆڵی (6 تا 9) دەكەین , كە قوتابی بە شێوەیەكی گشتی لەم قۆناغەدا دەكەوێتە نێو قۆناغێكی زۆر جیاواز لە قۆناغەكانی پێشتر و دواتر ئەویش قۆناغی ( هەرزەكاری)یە , لە ناوەندەكانی خۆێندن بە هۆی نەبوونی پسپۆڕی تایبەت و مەنهەج و بابەت و وانەی لەم جۆرە مامۆستایان زانیارییان زۆر كەمە لەسەر ئەم قۆناغە و زۆرجاریش خودی مامۆستا بە هۆی شارەزانەبوون بە سیفات و ئاكار و هەڵسوكەوتی (هەرزەكار) لە قوتابخانەكان توشی كێشە و گرفت دەبێت , لەبەر ئەوەی لە قوتابی هەرزەكار تێناگات و نازانێت لەم قۆناغەدا قوتابی لە ژێر چ پاڵەپەستۆیەكی دەروونی و گۆڕانكاری فسیۆلۆژی و گەشەكردنی جەستەیی و زیادبوونی هۆڕمۆنەكاندایە.
ئەو قۆناغە كە دەكەوێتە نێوان قۆناغی منداڵی و پێگەیشتن ئەوا زانایانی پسپۆڕ و شارەزا ئەم قۆناغە بە قۆناغی دووەمی لە دایك بوون ناو دەنێن ، چونكە گۆڕانكاری زۆر لە ڕووی جەستەیی و عەقڵی و كۆمەڵایەتی و (خۆناسین)و(خودناسین) هەر لەم قۆناغەدا پێ دەگەن و درووست دەبن.
لێرەوە دەمەوێت بە مامۆستایان ڕابگەیەنم كە درووست نییە قوتابی لە نێو پۆلدا زۆر جوڵە بكا یان تەنیا خۆی پێ راست بێ لە كاتی گفتوگۆ و قسەكردن و وانەگوتنەوە , بەڵام بزانە ئەمانە هەندێك لە خاسیەت و ئاكار و هەڵسوكەوتی كەسی هەرزەكارە , دەكرێ لە كاتی وانەگوتنەوەی یەكێك لە مامۆستاكان ئەو قوتابییە هەمان كات گەشەو هۆڕمۆنی زیاد ببێ بەمەش جوڵەیەك بە بێ ویستی خۆی لە قوتابی ببینرێ یاخود سەركەشی و تەنیا گوێ ڕاگرتن لە خۆی و خۆپێ ڕاست بوون كە خاسیەتی هەرزەكارە لەو وانەیەدا ڕووبدات , ئەوسا دەبێت مامۆستا زۆر بە ئاگایانە مامەڵە بكات لەگەڵ قوتابیی هەرزەكار , هەندێك جار مامۆستا كە دەچێتە پۆلێك كە قوتابیی هەرزەكاری تیایە بێ گوێدانە بارودۆخ قسە ئاراستەی قوتابییان دەكات بە هەڕەمەكی گوایە جۆرە (بۆن)ێك دێ نازانێ كە لەم قۆناغەدا جەستە زیاد لە قۆناغەكانی تر دەرهاوێشتەی (پێست)ی هەیە و ( لە بەری پێ بگرە تاكو تەوقی سەر ) , دەبینین زۆرجار لووتیان گەورە دەبێ یاخود دەنگیان (گڕ)دەبێ , ئەمە قسەی زۆرێك لە مامۆستایانە بۆ ئەم قۆناغە ( دانیشە كوڕە هەی دەنگ گەورە ).
ئەم قۆناغە زۆر تینووی (ئازادی و گوێگرتنە) زۆر بەداخەوە لەم قۆناغەدا نەك هەر قوتابی بەڵكو لە دەرەوەی قوتابخانەش هەرزەكار دەكەوێـتە بەر هێرشی (قسە پێگوتن و دەمكوتكردن) , بە پێچەوانەوە پێویستە لەم قۆناغەدا هەرزەكار ئازادی پێ بدرێ و گوێی بۆ رابگرین و زۆر بە دروستی و بێ شاردنەوە (وەڵامی پرسیارەكانیان) بدەینەوە , رۆژانە بە هۆی ئەو گۆڕانكارییە نوێیانە كە ئەو لە پێشتر نەبینیوە و شارەزایی لەسەر نییە بۆی دێنە پێش و هەرزەكار لەبەرامبەر ئەو جۆرە ڕوودا و گۆڕانكارییانە بێ وەڵامە و وێلە بەدوای وەڵامییان , كەچی وشەی (عەیبە) وەكو بڤە پێشی دەگرێ و ناهێلێ بگاتە وەڵامی دروست بۆ ئەو پرسیارانەی ئەو , بۆیە زۆر پێویستە لە سیستەمی خوێندن ئەم بابەتە دابنرێ و بەبێ (عەیبە) و بڤە باسبكرێ , یاخود ڕێگا بە كەسانی شارەزا بدرێت (كۆڕ و سمینار و وتار) ئەنجام بدرێن لە ناوەندەكانی خوێندن بەتایبەتی بۆ پۆلەكانی (6 تا 9) كە تەمەنی قوتابی لە نێوان 14 ساڵییەوە تا 20 ساڵی دەبێت.
لە هەمان كاتیشدا دایك و باوك یان برا و خوشكی گەورە زۆر كاریگەری هۆشیاری پێدان و وەڵامیان لایە بۆ پرسیار و ئەو گۆڕانكارییانەی كە ئەو تێدا تێپەڕدەبێت.
ئەگەر دایك و باوك و كەسانی نزیك و مامۆستا نەبن بە ڕێپیشاندەر بۆ هەرزەكار ئەوا هەرزەكار پەنا بۆ كەسێكی تر دەبات و بەناچاری هەموو نهێنییەكان و گۆڕانكاری و پرسیارەكانی ئاراستە دەكا , ئەویش (هاوڕێ)یە , ئەوجا لێرەدا زۆرجار دەبینین هەرزەكار لە هەڵبژاردنی هاوڕێ سەركەوتوونابێت یاخود بڵێین هاوڕێی باش و بە سوود و شارەزا نا دۆزێتەوە , بۆیە هەموو ئەو شتانە بە هەڵە بۆ (كۆپی – پێست)دەبن و لە ئەنجام هەرزەكارێكی سەرەڕۆ و توندڕەو ناتەندروست دروست دەبێت و لە دایك بوونی دووەمدا بە خراپ و ناتەندروست پێ دەێنێتە جیهان و قۆناغی (پێگەیستن)و كامڵ بوون و لەسەر ئەو ڕێچكە ناتەندروستە بە بەردەوامی هەنگاو دەنێت. ئەوەشمان بیر نەچێت كە هەموو هەرزەكارێك خۆی لە خۆی دا ( یاخی ) یە و خۆشەویستی” كاریگەری زۆری هەیە بۆ ئەو قۆناغە یاخود ڕازی بوون لە خود , ئەگەر هەرزەكار خۆشەویست نەبێ لای دەورووبەر ئەوا بەیانی ئەویش گەورە دەبێ و دەورووبەری خۆی خۆش ناوێت , ئەگەر ڕێزی هەرزەكار نەگیرێ ئەوا دیسان بەیانی ئەو هەرزەكارە گەورە دەبێ شتێك لای دروست نابێ كە پێی بگوترێ (چەمكی رێزگرتن) , ئەگەر بە شێوەیەكی دروستی وەڵامی پرسیارەكانی نەدرێتەوە ئەوا نەك بەیانی بەڵكو (هەر ئەمڕۆ) تووشی هەزاران هەڵدێر دەبێ و بەدوای سەراب دا دەڕوات و كۆتاییەكی باشی نابێت .هەڵچوونی بێ هۆكاری بەرجەستە یاخود دیار ” هەرزەكار زۆرجار هەڵدەچێ لە راستیدا هۆكار هەیە , بەڵام ئێمە بە چاوی خۆمان نابینین لە كاتێكدا ئەو زۆر خۆی پێ راستە و بە هیچ شێوەیەك نكۆڵی لەوەناكات كە مافی خۆیەتی لەسەر فلانە شت هەڵچووە , بۆیە نابێ ئێمە پێداگری بكەین لەوەی ناحەقی و بۆ وا هەڵدەچی و چی بووە، بۆ وا دەكەی ؟
بۆیە لەم بابەتەدا زیاتر باسی قوتابیمان كرد , چونكە رێژەی زیاتر لە 80% ئەو قوتابییانەی لە قوتابخانە هەڵاتوون (بەجێیان هێشتووە) لە تەمەن و قۆناغی هەرزەكاریدا بوونە , بۆیە لە كۆتاییدا داوا لە وەزارەتی پەروەردە و لایەنی پەیوەندیدار و مامۆستایانی خۆشەویست دەكەین , ڕەچاوی قۆناغی هەرزەكاری بكەن و لە قوتابی هەرزەكار تێ بگەن و هەوڵبدەن لەم بوارەدا زانیاریی پەیدا بكەن.