سهرهتا وتار بۆ نەهێشتنی کورد ئەوەی پێیانکرا کردیان و ئێمە هەر ماوین
سوورە مەرگەیی
دوژمنانی میللەتەکەمان، بە هەموو فکرە و ئایدیا و جیاوازییە سیاسی و مەزهەبییەکانیانەوە، بۆ نەهێستن و لەناوبردنی ئێمەی کورد، ئەوەی پێیانکرا کردیان و لەمەودواش ئەوەی پێیانبکرێ دەیکەن، ئێمەش هەر ماوین و هەر دەشمێنین.
رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، هەر لە مەلیکەوە بگرە تا دەگاتە رژێمی بەعس و سەددام حوسێن، بۆ لەناوبردن و سڕینەوەی کورد دریغییان نەکردووە و ئەوەی پێیانکرابێ کردوویانە، ئەوە ئەنفال و کیمیاباران، ئەوە کۆمەڵکوژی و زیندەبەچاڵ، ئەوە راگواستن و وێرانکردنی کوردستان، ئەوە تەعریب و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی کورد، ئەوان هەموویان چوونە زبڵدانی مێژوو و ئێمەی کوردیش هەر ماوین.
ئێستاش بۆ زەوتکردنەوەی ئەو دەستکەوتانەی لە سەردەمی جەهالەتی رژێمە شیعەکانیش بە خوێن و خەبات لە رژێمەکانی پێشوو سەندراون، ئەوە هەڕەشە و گوڕەشەکانیان، ئەوە قووت و مووچەبڕین و سیاسەتی برسیکردن، ئەوە درۆن بارانکردن و ناوزەدکردنمان بە ئیسرائیلی دووەم و مووشەک بارانکردنی کوردستان؛ جا نازانرێ لەکاتی زیاتر بەهێزبوونیاندا چیتر لە هەگبەی جەهالەتی سیاسی و مەزهەبیی دژە کوردبوونیاندا هەیە.
لێرەوە دەگەینە ئەو راستییە مێژووییەی، کە دوژمنانی کورد تەنها لە کاتی لاوازی و بێهێزیدا دەستی درۆزنانەی دین و برایەتی بۆ کورد درێژ دەکەن و، هەرکاتێکێش بەهێز بوونەوە، کەمتیارئاسا پڕ دەدەنەوە کورد و لە هیچ تاوانێک ناپرینگێنەوە.
ئەوەی جێگای داخ و کەسەرێکی گەورە و لەبیر نەکراوە، هەندێ کەس و تاقم و گرووپ کەڵک لەو مێژووە تاڵە وەرناگرن، کە دوژمنان بۆ لەناوبردنی کورد بە شوێن پێی یەکتریدا هەنگاو دەنێن، دەبێ ئەو کەس و تاقم و گرووپانە کەڵک لە مێژووی پڕ شەرمەزاری خیانەتکارانی پێش خۆیان وەربگرن و بزانن، کە ئالەتێکی بەکارهێنراون و هەر کاتێک ئیشیان پێیان نەما بەرەڵا دەکرێن؟!.
داگیرکەرانی کوردستان، بەلایانەوە گرنگ نییە ئەو کوردە هەڵگری چ بیروبۆچوونێکی سیاسییە، کوردیش بە هەموو چین و توێژ و بیروبۆچوونە سیاسییەکانییەوە، یەک چارەنووسیان هەیە و داگیرکارانی کوردستان بە یەک چاو سەیریان دەکەن، بۆیە دەبێ و ئەرکێکی مێژوویی و ئەخلاقیشە، کە حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانیش، لە دیدگای کوردبوونەوە لەو دوژمنکارییەی داگیرکەران بڕوانن و بە هێزی کوردایەتی بەرەنگاری ئەو دوژمنکارییە ببنەوە، کە داگیرکەران لە پڕۆسەی لەناوبردنی کورد یەک دەخاتەوە.