سهرهتا وتار پاش بۆردومانەكەی ئێران بۆ سەر هەولێر…هەولێر چی لە بەغدا دەوێ و بەغدا...
كاروان محەمەد سینو
دوابەدوای تاوانی هێڕشە تیرۆرستییە نامڕۆڤانەكەی 19ی كانوونی دووەمی 2024 كە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران كرایە سەر شاری هەولێر كە تێیدا خانووی هاووڵاتییەكی سڤیل كرایە ئامانج و لە ئەنجامدا چوار كەس شەهید بوون و شەش كەسی دیكە بە سەختی بریندار بوون، كە خاوەن ماڵ و كچە تەمەن 11مانگەکەی لەنێو شەهیدەكان بوون. ئەم ڕووداوە ویژدانی مرۆڤایەتی لە ناوخۆی عێراق و لە سەرانسەری جیهان هەژاند و لە هەموولایەكەوە تاوانەكە ئیدانە و شەرمەزار كرا.
پێویستە بەرپرسان و شارەزا و پسپۆرانی یاسایی و سیاسی و دیپلۆماسی لە هەرێمی كوردستان، هەموو پێشهاتەکان دیراسە و تاوتۆ بكەن و گریمانەكان بخەنەبەر چاو و مەزندەی خۆیان و بزانن (كەی… چۆن و چی؟) لە بەغدا بخوازن، بەرلەوەی دواتر كار لە كار بترازێ؛ ئینجا خۆزگە بخوازن>>
هەڵبەت وێڕای گوناهباركردن و شەرمەزاركردنی ئەم تاوانە؛ وەك پێشهاتێك؛ بۆ یەكەمجارە دوای 2003 دەرهاویشتەیەكی سیاسی و دیپلۆماسی لەنێوان عێراقی فیدڕال و ڕژێمی ئێرانی لێكەوتەوە؛ ئەویش كاتێك محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی عێراق لە (كۆڕبەندی داڤۆس)ـەوە هێڕشەكەی شەرمەزار كرد و بە پێشێلكردنی سەروەریی عێراق و دەستدرێژی كردنە سەر هەرێمی كوردستانی لەقەڵەمدا، كە پێشهاتێكی مەترسیدارە و پەیوەندییە بەهێزەكانی نێوان عێراق و ئێران بچووك دەكاتەوە. دوابەدوای ئەوەش عێراق وەكو وڵاتێكی فیدڕاڵی خاوەن سەروەری، ئەندام لە نەتەوە یەكگرتووەكان (21ی كانوونی دووەمی1945)، پەنای بردە بەر ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە نەتەوە یەكگرتووەكان و سكاڵایەكی فەرمی دژی ئێران تۆماركرد كە ئەویش ئەندامە لە نەتەوە یەكگرتووەكان. ئەمەش بووە جێگای نیگەرانی ئیران و دەستوپەیوەندییەكانی لە ناوخۆی عێراقدا كە هەریەكەیان بەشێكی خاوەن پێگە و توانان لە حكوومەتی بەڕێز شیاع سودانیدا. هەروها بەرێز سودانی فەرمانیدا كە دەمودەست لێژنەیەك پێكبهێنرێت و سەردانی هەولێر بكات بە سەرۆكایەتیی (قاسم ئەلئەعرەجی) وەزیری ناوخۆی پێشوو و ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی لە حكوومەتی ئێستای عێراقدا، بۆ لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون دەربارەی پاساوەكەی ئێران لە هێڕشەكە؛ كە گوایە ئەو خانووەی كە هێڕشی كردووەتە سەری بنكەیەكی هەواڵگریی ئیسرائیل (موساد) بووە.
پاش سەردانی لێژنەكە بۆ شوێنی بۆردومانەكە لەهەولێر و لێكۆڵینەوە؛ (قاسم ئەلئەعرەجی) لە لێدوانێكیدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی: ” گومانی ئەوەی كە گوایە بنكەی موسادی ئیسرائیل لێرە هەبێت، هەموو خانووەكەمان بینی و بۆمان روون بووەوە كە ئەمە خانووی بازرگانێكی مەدەنییە و ئەو پڕوپاگەندانەش دوورن لە راستی کە گوایە بارەگایەكی موسادی ئیسرائیلی كراوەتە ئامانج. بێگومان ئەمە پێشێلكردنی سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی كوردستانە و هەڵوێستێكی روونمان لە ئاست رووداوێكی وەهادا دەبێت”.
بێشك ئەم هەڵوێستانەی عێراق، ڕژێمی ئێران و دەستوپەیوەندەكانی لە عێراقدا تووشی شۆك و هەڵچوون كرد. دەمودەست پاش لێدوانەكەی (قاسم ئەلئەعرەجی) میدیا و شۆشیال میدیا و ڕاگەیاندنە سێبەرەكانی ئێران و دەستوپەیوەندەكانی ئێران لە عێراقدا كەوتنە ناشیرینكردن و لەكەداركردنی بەڕێز (قاسم ئەلئەعرەجی) و زۆر بێڕێزانە ئەوەی هاتە سەر زاریان نەیانگێڕایەوە.
دوابەدوای ئەم هەڵوێستانەی عێراق؛ ئێستا(18ی1ی2024) كە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق گەڕایەوە لە(داڤۆس)، كاتی ئەوە هاتووە بپرسین… ئاخۆ هەولێر چی لە بەغدا دەوێ و بەغدا دەتوانێ چی بكات؟
لای هەموومان روون و ئاشكرایە؛ پاش ڕووخانی ڕژێمی دیكتاتۆری بەعسی سەددام حوسێن و كشانەوەی فەرمی ئەمریكا لە عێراق، عێراقی نوێ وەك بەرخێكی ساوا كەوتە باوەشی ئێران كە چەندین ساڵ بوو ئێران خەونی بە داگیركردنی جیۆسیاسی و مەزهەبی عێراق دەبینی، لەسایەی دووركەوتنەوەی كردەیی ئەمریكا لە عێراق ئەم خەونەی ئێران هاتەدی. لەوەتەی ئەمریكا لە عێراق كشاوەتەوە (ئاداری 2020) تاكو ئێستا، ئەوەی لە بەغدا چاوەڕوان دەكرا كە دەتوانێ بیكات دژی ئیران بەرانبەر شكاندنی سەروەریی خاکی عێراق شتێكی وانەبوو كە شایانی باس بێت، بەڵام ئەوەی چاوەڕوان نەكراوبوو دوایین هەڵوێستی عێراق بوو لەنەتەوە یەكگرتووەكان بەرانبەر بۆردومانكردنی هەولێر لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران، بۆیە پرسیارەكەی سەرەوەمان جێگای هەڵوەستەیە.
ئەگەر بێتو ئێمە سەیری هەگبەی پێشووی نەتەوەیەكگرتووەكان بكەین لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو مژارانەی كە هاوشێوەی بۆردومانەكەی هەولێر بوونە، چەند ئاكار و رێكار و میكانزمێك دەبینین جێبەجێ كراون كە هەندێكیان ئاشتەوایین وەك ڕێككەوتن و پەیماندان و بەرپرسیارەتی و گەرەنتی كردن و پێ بژاردن. بەڵام لەهەمان كاتیشدا هەندێكی دیكە سیمای سزادان و تەنانەت زۆرەملێ و بەكارهێنانی هێز بووە (لەژێر بەندی7 كە 13ماددەی لەخۆگرتووە بۆ بەكارهێنانی هێز دژی تاوانباران). لێرەدا هەوڵدەدەم بەكوتی ئەو رێكار و میكانیزمانە بخەمەڕوو، كە عێراق دەتوانێ لە نەتەوە یەكگرتووەكان داوا بكات دژی ئێران بەرانبەر ئەو تاوانەی لە هەولێری كردووە و لەهەمان كاتدا شكاندنی شكۆ و سەروەریی خاکی عێراق بوو. ئینجا بۆ ئەوەی سەروەری و شكۆی عێراق بگەڕێتەوە، ئەبێ بەرلەوە دڵنەوایی و گرەنتی بە هەولێر ببەخشێت. لەم رووەوە پێشبینی دەكرێت نەتەوەیەكگرتووەكان بەپێی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی تاوانەكە و قەبارەی زیانەكان، ئەم رێكارانە پەیڕەو بكات:
یەكەم: ئامۆژگاریكردنی هەردوولا بە هێوركردنەوەی دۆخەكە و گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی ئاشتییانەی گرەنتیدار، كە هەندێكجار ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان هەڵدەستێ بە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی كەیسەكە و نێوەندگیریی لەپێناو ڕێككەوتن.
دووەم: ئەگەر مژارەكە رووەو ناكۆكی و ڕووبەروڕبوونەوە هەنگاوی نا؛ ئەنجومەن بەپەلە ڕێگری لە پێكدانان دەكات، بەناردنی چاودێرانی عەسكەری و هێزی پاراستنی ئاشتی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان(UNIFIL).
سێیەم: هەروەها ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەتوانێ هەندێك بڕیاری سزادار بسەپێنێ وەك: سزای ئابووری بەسەر تاوانبار، گەمارۆی سیاسی و ئابووری و تەكنەلۆژیا و دیپلۆماسی وهتد. (هەر بۆ ئاگاداری ئێستا هەموو ئەم سزایانە لەسەر ئێران هەیە).
چوارەم: هەنگاوی توند و كاریگەر كە نەتەوە یەكگرتووەكان هەڵیدێنێت ئەگەر بێ هیوابوو لە هەنگاوەكانی سەرەوە كاتێك هەڕەشە دەكەوێتە سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی و تاوانكاری دەكرێ بەرانبەر خەڵكی سڤیل لە هەر وڵاتێك، ئەویش بریتییە لە بەكارهێنانی هێزی بەکۆمەڵ دژی تاوانبار لە ژێر بەندی 7 لە میساقی نەتەوەیەكگرتووەكان.
ئەمانە ئەو رێكارانەن كە هەرجار نەتەوە یەكگرتووەكان دەیگرێتەبەر كاتێك وڵاتێك بەفەرمی سكاڵا دژی وڵاتێكی دیكە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان تۆمار دەكات لە میانەی كێشە و ناكۆكی و هێڕش و هەڕەشەی نێوان وڵاتان. بۆیە پێویستە بەرپرسان و شارەزا و پسپۆرانی یاسایی و سیاسی و دیپلۆماسی لە هەرێمی كوردستان، ئەم خاڵ و تێبینییانەی سەرەوە بەورد و دیراسە و تاوتۆ بكەن و هەموو پێشهات و گریمانەكان بخەنەبەر چاو و مەزندەی خۆیان و بزانن (كەی… چۆن و چی؟) لە بەغدا بخوازن، بەرلەوەی دواتر كار لە كار بترازێ؛ ئینجا خۆزگە بخوازن.