سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەنراوێکدا پشتڕاستی کردەوە، لە هێرشی ئەمڕۆی سەر شاری دیمەشقدا 4 کەس لە ئەندامانی ئەو هێزە کە بە “راوێژکاری سەربازیی کۆماری ئیسلامی” ناوی هێناون و ژمارەیەک لە هێزە سەربازییەکانی سووریاش کوژراون.
سوپای پاسداران لەو راگەیێنراوەدا هێرشەکەی خستووەتە ئەستۆی ئیسرائیل و دەڵێت، هێرشەکە بە فڕۆکە کراوە. دەشڵێت، دواتر زانیاری زیاتر بڵاو دەکاتەوە.
بەپێی هەواڵی کەناڵی سوپای پاسداران کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تەلەگرام بڵاویکردووەتەوە، لەو چوار کەسە، دووانیان فەرماندەی فەیلەقی قودسن بە ناوەکانی حاج سادق ئومیدزادە، جێگری فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بۆ کاروباری ئەمنی لەگەڵ جێگرەکەی بە ناوی حاج غوڵام موحەڕەم کوژراون.