به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی نه‌هێشتنیی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانیی هه‌ولێر بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌ولێر سێ بازرگانی مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستگیر كران.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 6ی 1ی 2024، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی نه‌هێشتنیی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانیی هه‌ولێر بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ دوای ئەوەی لە چەند رۆژی ڕابردوودا زانیاری ئەوەیان پێگەیشت کەوا بڕی پێنج کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ هێنراوەتە ناو شاری هەولێر بە مەبەستی فرۆشتن و ساغکردنەوەی، لەلایەن تیمەکانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌یان لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونیان كرد.
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو، كه‌ له‌ ئه‌نجامدا توانرا شوێنی دوو کەسی بیانی لە هۆتێلێک دەستنیشان بكه‌ن، دوای وەرگرتنی ڕه‌زامه‌ندیی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاساییش، لە شەوی 6/5ی 1ی 2024 سێ کەس دەستگیر کران، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەدا بڕی پێنج کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ لەناو ئۆتۆمبێلەکەیان کە زۆر بە وردی جێسازی بۆ کرابوو، دۆزرایەوە و دەستی بەسەرداگیرا.