خەبات: عەلی بانیشاری:- جیاواز لە سێ ساڵی ڕابردوو، لە سەرەتای وەرزی زستان بەشێك لە كانی و كارێز و سەرچاوەكانی ئاو لە هەرێمی كوردستان بووژانەوە، ئەوەش دوای ئەوە هات شەپۆلێكی بارانبارین بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ناوچەكەی گرتەوە و لە هەندێك شوێن زیاتر لە 200 ملم بارانباری. بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان دەڵێت: ئەو شەپۆلەی بارانبارینەی ڕووی لە كوردستان كرد، كاریگەری باشی هەبووە لەسەر بووژاندنەوەی سەرچاوەكانی ئاو و كاریگەرییەكەش زیاتر لەسەر بەشی باكووری هەرێمی كوردستان بووە. پسپۆڕێكی جوگرافیای سروشتیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، شەپۆلەكە زیاتر كاریگەری لەسەر ئەو سەرچاوە ئاوییانەی هەبووە كە درز و شەقاریان زیاترە.
كاروان سەباح، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: لەبەرئەوەی لە نێو پشووەكانی سەری ساڵی نوێدا بووین، داتاكانی زیادبوونی داهاتی سەرچاوەكانی ئاومان لە هەفتەی ڕابردوودا بەدەست نەگەیشتووە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتیی ئەو شەپۆلەی بارانبارینەی هەفتەی ڕابردوو هەرێمی كوردستانی گرتەوە، كاریگەری زۆری هەبووە لەسەر بووژاندنەوەی سەرچاوەكانی ئاو، لە هەموو ئەو سەرچاوە ئاوییانەی سەر زەوی كە هەمانە زیادبوونێكی زۆر سەیر تۆماركراوە، لە هەندێك لە سەرچاوە ئاوییەكاندا زیادبوونەكە گەیشتووەتە زیاتر لە 10 هێندە.
گوتیشی: شەپۆلەكە جگلەوەی سوودێكی زۆری بۆ كشتوكاڵ بەتایبەت دەغڵودانی زستانە هەبووە، بۆ سەرچاوەكانی ئاویش بووژاندنەوەیەكی باش بوو. زیاتر گوتی: دابارینی بەفر كاریگەری زۆرتری هەیە بۆ زیادبوونی ئاوی ژێر زەوی. ئاماژەی بەوەشدا، كۆتا شەپۆلی بارانبارین كە بارانێكی نەرم و لەسەرخۆ بوو، یارمەتیدەرە بۆ بووژاندنەوەی ئاوی سەر زەوی و كاریگەریشی هەبووە لەسەر بووژاندنەوەی ئاوی ژێر زەوی.
كاروان صباح
كاروان سەباح دەڵێت: شەپۆلەكە زیاتر كاریگەری لەسەر بەشی باكووری هەرێمی كوردستان بووە و لەوێ كاریگەرییەكەی دەركەوتووە. هەرچی بەشەكانی باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتە كەمتر كاریگەری شەپۆلەكەیان لەسەر بووە، تەنانەن بارانبارین لە هەندێك شوێن لە ئاست ساڵی ڕابردوودایە، بەڵام زۆربەی ناوچەكان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لە ڕووی بڕی بارانبارین و بووژاندنەوەی سەرچاوەكانی ئاو باشترن.
بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان دەشڵێت: جۆری دابارینی باران دیاری دەكات كە تا چەند كاریگەری لەسەر سەرچاوەكانی ئاو هەیە، بۆ نموونە بەفر بۆ سەرچاوەكانی ئاو بە تایبەتی ئاوی ژێر زەوی زۆر باشە، چونكە بەلەسەرخۆیی دەتوێتەوە و كەمتر دەبێتە لافاو. هەروەها بارانبارینی لەسەرخۆ و ورد سوودی زۆری هەیە بۆ سەرچاوەكانی ئاو، بەڵام ئەگەر لە ((ماوەیەكی كەمدا بڕە بارانێكی زۆری باری و بارانەكە توند بوو، ئەوە مەترسی دروستبوونی لافاوی لێدەكرێت تا ئەوەی سوودی بۆ بووژاندنەوەی ئاوی ژێر زەوی هەبێت)).
لەلایەكی ترەوە ڕێباز هەورامی، پسپۆڕی جوگرافیای سروشتی بۆ (خەبات) گوتی: هەر ملیمێك بارانبارین كاریگەری خۆی هەیە، سوود و كاریگەری ئەو شەپۆلەی هەفتەی ڕابردوو ڕووی لە ناوچەكە كرد لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر جیاوازە و دەگۆڕدێت، بۆ نموونە تاوەكو ئێستا زۆرترین بڕی بارانبارین لە ناوچە شاخاوییەكان تۆماركراوە كە گەیشتووەتە 300 ملم، ئەوەش بووەتە هۆی بووژاندنەوەی ئەو سەرچاوە ئاویانەی كە درز و شەقاریان زیاترە وەكو سەرچاوەی زەڵم لە سنووری شارۆچكەی خورماڵی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە كە سەرچاوەی ئاوەكە بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە.
گوتیشی: ئەمساڵ لە چەندین ناوچە زیاتر لە 200 ملم بارانباریووە، بەڵام هەندێك لە كانی و كارێزەكان هێشتا وشكن و نەبووژاونەتەوە، چونكە كەوتوونەتەوە ناوچەیەكەوە باران درەنگ درزەكانیان پڕ دەكاتەوە. ئاماژەی بەوەشدا، ئەو بارانەی لە مانگی 12ـی 2023 باری باشترە و زۆرترە لەو بارانەی لە مانگی 12ـی 2022 باری. بەڵام وەكو ئەو دەڵێت ((بارانبارین بە تێكڕای گشتیی هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی كە لە پێش ساڵی 2020 دەباری.
رێباز هەورامی
ڕێباز هەورامی دەشڵێت: ساڵانە بەلایەنی كەمەوە پێویستمان بە 700-800 ملم باران هەیە بۆ ئەوەی كانی و كارێزەكان بە گشتیی وشك نەكەن. ڕاشیگەیاند: ئەگەر ئەمساڵیش 700-800 ملم بارانببارێت، هێشتا دۆخەكە وەكو پێش ساڵی 2020ـی لێنایەوە، چونكە لە ساڵانی 2020 تاوەكو 2023 ڕێژەی لە دەستدانی ئاو زۆر زۆر بووە و پێویست دەكات لە ماوەی 4-5 ساڵدا ساڵانە 800 ملم باران ببارێت ئەو كات گرفتی وشكەساڵی نامێنێت.
بەپێی ئەو خشتەیەی دەست (خەبات) كەوتووە، تاوەكو ئێستا كۆی گشتیی بڕی بارانبارین لە سەنتەری پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەم شێوەیە: (هەولێر 194 ملم. سلێمانی 146.2 ملم. دهۆك 215.9 ملم. هەڵەبجە 213.6 ملم. كەركوك 100.4 ملم).