
خەبات:حەمە ئەحمەد جاف:- لە مێژووی کۆندا پاشاکان و پیاوە ئایینیەکان بایەخیان بە کۆکردنەوەی دەستنووس و دەقە بزمارییەکانیان داوە بە تایبەتی دەقە ئاینیی و ئەدەبیەکانیان ڕێکخستووە و لە شوێنی دیاریکراویان داناوە.. بەم شێوەیە (کتێبخانە) پەیدا بووە، هەڵبەت خوێندنەوەی کتێب چێژی تایبەتی خۆی ھەیە و هەبووە، ھەرگیز باوی کتێب ناڕوات و بەسەر ناچێت. هەرچەندە ئێستا پێشکەوتنێکی گەورە لە ھەموو بوارەکانی ژیاندا دروستبووە و چەندین ھۆکاری کات بەسەربردنی جۆراوجۆری وەکو (ئینتەرنێت و تەلەڤیزیۆن و یارییە ڤیدیۆیییەکان و ھتد… ) ھاتوونەتە گوڕێ، بەڵام نەیانتوانیووە و ناشتوانن جێگەی گەورەیی و پیرۆزی کتێب بگرنەوە، کتێب وەک باشترین ھاوڕێی مرۆڤ، بنەمای ھەموو شارستانییەت و پێشکەوتنێکە، ھەر گەلێک خۆشەویستی بۆ نرخ و بەهای کتێب هەبێت ، بێشک ئەو گەلە، گەلێکی خوێندەوار و خاوەن شارستانییەت و پێشکەوتووخوازە، لە گەشتێکدا بۆ شاری قەڵادزێی زێدم، سەردانی کتێبخانەی گشتی شارم کرد و چاوم کەوت بە (خاتوو سنوور محەمەد حەسەن)بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتی قەڵادزێ و ئەو دیدارەم لەگەڵدا سازکرد، ئەو خاتوونە لەدایکبووی ساڵی 1986ە، لەساڵی 2009 بۆ 2010ش پەیمانگەی تەکنیکی سلێمانی بەشی کتێبخانەکانی تەواو کردووە.
مێژووی کتێبخانە
بەڕێزیان لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت مێژووی کردنەوەی یەکەم کتێبخانە لە قەڵادزێ گوتی:
لەساڵی 1968 کتێبخانە بۆ یەکەمجار لەشاری قەڵادزێ کراوەتەوە، مەخابن تائێستا ئەو کتێبخانەیە دووجار بەر ڕاگواستنی ڕژێمی دیکتاتۆری ڕووخاوی بەعس کەوتووە و خۆشبەختانە دوای ڕاپەڕینی بەهاری 1991 جارێکی دیکە کتێبخانە لە قەڵادزێ کراوەتەوەو دواتر باڵەخانەیەکی تازەی لەمانگی نۆی ساڵی 2007 دا بۆ بنیاتنراوە، شایانی باسە تائێستا، بە منەوە شەش بەڕێوەبەری بەخۆیەوە بینیووە .
دووری کتێبخانەو کەم و کورییەکان
سنوور محەمەد سەبارەت بە ژمارەی کتێب لەکتێبخانەکەیاندا گوتی: سەرجەم ژمارەی کتێب و گۆڤار و نامیلکە و ڕۆژنامە لەکتێبخانەکەماندا دەگاتە ( 18757) هاوکات بوونی دووکتێبخانەی تایبەتی هەردوو شاعیری ناوچەی پشدەر ( مامۆستا غەریب پشدەری) و (مامۆستا حەمە ئەحمەد جاف) کەهەردووکیان بەشێک لە کتێبخانەکەیان پێشکەش بە کتێبخانەی گشتی شارەکەیان کردووە، کە ژمارەی کتێبەکانیان «2937 » کتێب وگۆڤار. لەکۆتایشدا بەڕێزیان سەبارەت بە پێداویستیی و کەم و کوڕی کتێبخانەکەیان گوتی: دووری بیناکە لەسەنتەری شارەوە کێشەی بۆ خوێنەران دروستکردووە و هاوکات بینای کتێبخانەکەشمان زۆرکۆنە و پێویستی بەنۆژەنکردنەوەی هەیە.
