رێبوار حەمەلاو شوانی
بە درێژایی مێژووی بزاڤی رزگاریخوازیی گەلی کوردستان و شۆڕش و ڕاپەڕینە یەک لەدوای یەکەکانی، کەرکووک و کەرکووکییەکان ھەردەم کۆڵەکە و ڕاگری شۆڕش و چالاکییە سیاسی و سەربازییەکانی بوون، ھەمیشە و بەردەوام کورد کە پێکھێنەر و خاوەنی ڕەسەنی شارەکەیە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی بەدی ھێناوە. بەڵام ئەوەی بۆ پارتی وەک قوتابخانەی کوردایەتی و رێبازی بارزانی گرنگە پارێزگاریکردن لە شوناس و مێژوو و کوردستانییەتی ئەو شارەیە و هەروەها داکۆکیکردن لە مافەرەواکانی هەموو پێکهاتەکانی ناو کەرکووکە .
بۆیە، نەیارانی کورد و کەرکووک لەماوەی دەیان ساڵی رابردوو هەمیشە هەوڵی سڕینەوە و شێواندنی شوناس و گۆڕینی دیموگرافیای ئەو شارە کوردستانییەیان دا و درێغییان نەکرد لە ئەنجامدانی هەموو جۆرە تاوانکارییەک، بەتایبەت لە دوای رووخانی ڕژێمی بەعس، ئەو هەوڵانە “بەردەوامییان هەبوو هەر لە هەوڵی بەعەرەب کردن و جینۆساید کردن و دەرکردنی کورد، پێش هەر شتێك پێشێلكردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق و بەتایبەتیش ماددەی 140ی دەستورەكەیە، هاوكات هەوڵدانە بۆ شێواندنی پەیوەندیی مێژوویی نێوان پێكهاتە سەرەكییەكانی پارێزگای كەركووك.
بەتایبەت پاش هێرش و پەلاماردانی تیرۆریستانی داعش لە ساڵی 2014 و داگیركردنی مووسڵ، هەوڵەكانی ئەو ڕێكخراوە بۆ داگیركردنی شاری كەركووك بوو، بێ متمانەیی سیاسییەكانی عێراق و بێ دەسەڵاتی حكوومەت و نەبوونی هێزێكی مەشق پێكراو ڕێگاخۆشكەر بوو تا چالاكی ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە گەشە بكات و هەوڵی داگیركاری زیاتر بدەن، ئەوەبوو لەئەنجامدا دەستیانگرت بەسەر چەند ناوچەیەكی تر و تاڵان و وێرانكارییان ئەنجامدا سەرەڕای كوشتن و سەربڕینی هاووڵاتییانی سڤیل، لە كاتی جمووجۆڵی تیرۆریستانی داعش بۆ شاری كەركوك هێزە چەكدارەكانی سەر بە دەوڵەت ئەو شارەیان چۆڵ كرد و پشتیان تێكرد و ئارەزووی ئەوەیان هەبوو كەركووك ببێتە مووسڵی دووەم، بەڵام ئەو كارە سەری نەگرت و سەرۆک بارزانی وەک هەمیشە خۆی كردە خاوەنی شارەكە، ئەو بەرگرییەی پارتی كردی لە كەركووك فیداكارییەكی تر بوو لە مێژووی خەباتی ئەو حیزبە تێكۆشەرە، سەرەڕای زۆری ئاستەنگەكان لەبەردەمیان، بەڵام چۆكیان بۆ دوژمن دانەدا و تیرۆریستان نەیانتوانی بەخەونی خۆیان بگەن و شكستێكی مێژووییان تۆماركرد، ئەو شارە لە كۆمەڵێك پێكهاتەی جیاواز پێكدێت، هەموو پێكهاتەكانیش ئاسوودەبوون بە هەبوونی پارتی لەو شارە، چونكە پارتی بەبێ جیاوازی پارێزگاری لە پێكهاتەكان دەكرد و نەیهێشت زیانیان پێ بگات، بۆماوەیەكی زۆر ئاشتی و ئارامی باڵی كێشا بەسەر ناوچەكە و هاووڵاتییان بەئاسودەیی كارەكانی خۆیان ئەنجام دەدا و ترسیان نەبوو لە هاتنی تیرۆرستانی داعش و چالاكییەكانی ئەو رێكخراوە بەرەو لاوازی ڕۆیشت و ئەو هێزەی هەیانبوو لەدەستیاندا.
دواتر لەپیلان و خیانەتێکی دوژمنكارانە لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017 ئەو شارە لەلایەن تاقمێکی دیاریكراوی كوردستان ڕادەستی میلیشاکان و دەسەڵاتی بەغدا کرا، هەڵبەت بە پاڵپشتی وڵاتانی دراوسێ، ئەو كارە لەدژی هەوڵە سەرکەوتووەکانی پارتی و بارزانی ئەنجامدرا، ترسیان لەوە هەبوو پارتی دەسەڵاتەکانی زیاتر بێت و جەماوەرێكی زۆر بەدەست بهێنێت و شكست بە پارتەكانی تر بهێنێت، دڵسۆزیی و فیداكاریی پارتی بۆ ئەوە بوو كەركووك نەبێتە مۆڵگەی دووەمی تیرۆریستانی داعش و مەترسی بكەوێتە سەر سنوورەكانی كوردستان، دوای ئەو ڕۆژە ڕەشەی كە بەخیانەت خاكی كەركووك فرۆشرا، پارتی وەكو هەندێك لایەن ڕووی نەهات لەژێر سێبەری دوژمنان درێژە بە كاری سیاسیی خۆی بدات، لەگەڵ كشانەوەی پارتی ئاسایش و ئارامی هاووڵاتییان كەوتە مەترسی و جموجۆڵی تیرۆریستان و گروپە توندڕەوەكان دەستیان پێكردەوە كە ڕۆژانە دەیان كاری تیرۆریستی و تاڵانی ئەنجام دەدەن، بەشێك لە دانیشتووان لەگەڵ ئەو پشێوییانەی كە ڕۆژانە دەكران ئەو شارەیان جێدەهێشت و بۆ سەلامەتی گیانی خۆیان ڕوویان دەكردە ئەو ناوچانەی كە ئاسایش و ئارامی بەرقڕار بوو.
هەموو كەركووكییەكان باش ئەو راستییە دەزانن كە گەڕانەوەی پارتی واتە گەڕانەوەی كوردە بۆ كەركووك، ئەمە لای هێزە عێراقییەكان وا پێناسە دەكرێت، چونكە لە رابردوو زۆر رێگری و كێشە لەبەردەم گەڕانەوەی پارتی بۆ شارەكە دروست كرا، پارتیش هەموو كات گوتوویەتی كەركووك داگیر كراوە و دەبێت ئەو دۆخە چاك بكرێت، ئێستەش بوونی پارتی لە كەركووك دۆخەكە بە تەواوی دەگۆڕێت و لە داهاتوو پارتی قسەی خۆی لەسەر ئەنجومەنی خۆجێیی شارەكە دەبێت، لاوان و هەموو چین و توێژەكانی تر هیوایان بە پارتی هەیە كە بتوانێت ئەو گۆڕانكارییە لە شارەكە بكات. لای هەمووان روون و ئاشكرایە، كە پارتی هێزێكی كاریگەر و گەورەی كەركووكە و خاوەن جەماوەرێكی زۆرە، لەو ماوەیەی كە كەركووك داگیركراوە ڕووبەڕووی ستەمكاریی زۆر بووەتەوە ، دواتر هێزێكی زۆری میلیشیا هاتنە شارەكە و ئیدارەی شارەكە بە تەواوی كەوتە دەستی عەرەب، ئەمانە وایان كرد دۆخی شارەكە بە تەواوی تێك بچێت، پارتیش هەموو كات ئاماژەی بەوە كردووە كە كەركووك داگیر كراوە و دەبێت بگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاساییی خۆی.
بۆیە، ئێستا كەركووك و کەرکووکییەکان لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە سیاسەتی پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ گەڕانەوەی متمانە بۆ دانیشتووان و كاسبكاران، لەڕۆژانی داهاتوو هاووڵاتییان خۆیان دەنگ لەسەر گەڕانەوەی پارتی دەدەن و دوژمنان شەرمەزار و ریِسوا دەبن، ئەوكات ئەو شارە ڕوو لە گەشەكردنی ئابووری و پێكەوەژیان دەكاتەوە، سیاسەتی راستەقینەی پارتی بەردەوام وابووە؛ پارێزەری گشت پێكهاتەكان و بەرگریی لێ كردوون، هەمیشە پابەندی دەستوور بووە، ڕێكارە یاسایەكانی وەك خۆی جێبەجێ كردووە و هیچ كات دژی دەستوور و بنەماكانی دەوڵەت سیاسەتی نەكردووە، ئەمەش بۆتە هۆكاری سەركەوتنی پارتی لە كوردستان و عێراق و ناوچەكە، چونکە گەڕانەوەی پارتی واتا گەڕانەوەی کورد و سەقامگیرییە بۆ کەرکووکییەکان دوای شەش ساڵ لەداگیرکردنی کەرکووک و خۆسەپاندنی نایاسایی و عەسکەرتاری.