سهرهتا وتار ساڵێک بە سەر کۆنگرەی ١٤ی پارتی و هەنگاوەکانی بەشی ڕێکخراوە جەماوەریی و...
سیروان گەردی
کۆنگرەی ١٤ی پارتیمان لە کات و ساتێکی گرنگ و هەستیاردا بەسترا، کە هەرێمی کوردستان لە بەردەم کۆمەڵێک ئاڵنگاریی سیاسی و ئابووریدا بوو، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان لە سۆنگەی ڕژد بوون لە سەر گۆڕانکاری، ساڵێک لەمەوبەر کۆنگرەی خۆی لە دهۆک بەست.
لەم کۆنگرە هەیکەلی حیزب و میکانیزمی نوێ هاتە کایەوە، بۆ ئەمەش وانە لە ئەزموونی شۆڕشی مەزنی ئەیلول و گونجاندنی بە سەردەمی مۆدێرن وەرگیرا، بە نموونەش ” بەرپرسی یەکەمی ڕێکخستنی شارەکان بوون” کە ئەمەش دەرخەری ئەو وانەیەیە کە لە شۆڕشی مەزنی ئەیلول کاری پێکرا، بەرپرسەکانی مەرج نییە خەڵکی هەمان شار بن.
هەنگاوەکانی بەشی ڕێکخراوە جەماوەریی و پیشەییەکان:
پارتی، بە گرنگەوە لە ڕێکخراوە جەماوەریی و پیشەییەکان دەڕوانێت، کە ئەم بەشەی مەکتەبی سیاسی بە یەکێک لە کۆڵەگەکانی پارتی دادەنرێت، هەر بۆیەش لە ماوەی ئەم ساڵەی دوای کۆنگرەی 14، بە شێوەییەکی جدی پلان و بەرنامە دانرا، بە چەند هەنگاوێک :
یەکەم: پێویستە هەر سێ ڕێکخراوی قوتابیان و لاوان و ئافرەتان، کۆنگرەی خۆیان ببەستن، بۆ ئەمەش یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان دەستی بە جێبەجێکردنی کۆنفرانسەکانی کرد، بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە توانرا کۆنفرانس ببەستن.
بۆ هەردوو ڕێکخراوی قوتابیان و لاوانیش، لە ئامادەکاریدان، کە چاوەڕێی سەرکەوتن و گۆڕانکاریی جدی دەکرێت، بۆ خزمەتکردنی زیاتری ئەم توێژانە، چونکە پارتیمان بە گرنگەوە لەم توێژانە دەڕوانێت، بۆ ئەمەش پێویستە لەگەڵ خواست و داواکارییەکانی ئێستای ئافرەتان و قوتابیان و لاوان بن.
دووەم: هەموو هەنگاو و کارئاسانییەک بۆ سەندیکا و یەکێتی و کۆمەڵەکان بەرجەستە کراوە، بە مەبەستی نوێبوونەوە و گۆڕانکاری، کە بەشێکیان کۆنگرەیان ئەنجامداوە، بەشێکی لەوانەی ماون ڕێکخراوی هاوبەشی سیاسین، بەشەکەی تری لە ئامادەباشیدان بۆ ئەم مەبەستە، کە بەشی ڕێکخراوە جەماوەریی و پیشەییەکان، چاوەڕێی چاوەڕوانیش لە لایەنە سیاسییەکانی تر دەکات، کار ئاسانی بکەن بۆ ئەم مەبەستە.
سێیەم : پارتیمان لە دوای کۆنگرەی١٤وە بە گرنگترەوە لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی دەڕوانێت لە پێناو خزمەتکردنی زیاتر بە مەودای کاری ڕێکخراوەیی و بەهێزتر کردنی دەسەڵاتی پێنجەم، چونکە ڕێکخراوەکان پڕدێکی پەیوەندیی نێوان خەڵک و دەسەڵاتن، بۆیە پارتیمان یاسای ژمارە یەکی ساڵی ٢٠١١ی فەرمانگەی ڕێکخراوەکان، بە یەکێک لە یاسا گرنگ و باشەکان دەزانێت، کاری سەرەکی بەشی ڕێکخراوە جەماوەریی و پیشەییەکان، بە چەند قۆناخێک دەبێت کە ئەوانیش ” پۆلێنکردن، بەهێز کردن و پشتگیری کردنە “.
بۆیە بەشی ڕێکخراوە جەماوەریی و پیشەییەکان، بە شێوەی ” کارکردن بە گرووپ و بەهێز لە بڕیاردان ” سەرجەم پلان و بەرنامەکانی لە چوارچێوەی پەیڕە و پڕۆگرامی پارتمان و یاسا بەرکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جێبەجێ دەکات. ئەمەش هەنگاوێکە کە پارتیمان بەوپەڕی بڕوا و گرنگەوە لە کاری ڕێکخراوە جەماوەریی و پیشەییەکان دەڕوانێت، بۆیە ساڵی ٢٠١٤ ناونرا، ساڵی نوێبوونەوە لەو بەشە گرنگەی مەکتەبی سیاسی.