سهرهتا چاوپێكهوتن ئەگەر سیستەمی پریپەید لە ئامێدی سەركەوتوو بوو، لە شارەكانی دیكەش جێبەجێ دەكرێت
خەبات- عەلی بانیشاری:
وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان لە 15ی ئایاری ئەمساڵەوە، سیستمی كارەبای پریپەید (پارەدانی پێشوەختەی)ـی لە 30 پڕۆژەی نیشتەجێبوون جێبەجێكردووە و هەفتەی ڕابردوویش كارەبای ئامێدی كردە هەمان سیستم و لە ئێستادا دانیشتووانی سەنتەری قەزاكە 24 كاتژمێر كارەبای نیشتیمانیان هەیە. وتەبێژی وەزارەتەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، پەیڕەوكردنی سیستمی پریپەید لە ئامێدی وەكو پڕۆژەیەكی نموونەیی ئەزموونی سەیر دەكرێت. سەبارەت بە كەمكردنەوەی نرخی كارەبای ئەو پڕۆژانەی نیشتەجێبوون كە سیستمی پریپەیدە، ئومێد ئەحمەد دەڵێت ((چاوەڕێی ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانین)).
وەزارەتی كارەبا دەڵێت: تێچووی ساڵانەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وێستگەكانی (هەولێر، چەمچەماڵ، خورمەڵە، بازیان، دهۆك، خەبات، باعەدرێ، ئەگریكۆ و هەردوو وێستگەی هایدرۆ پاوەری دۆكان و دەربەندیخان) زیاتر لە دوو ملیار دۆلارە، نیووەی ئەو بڕە پارەیە شایستەی دارایی كۆمپانیا وەبەرهێنەرەكانی كارەبایە و نیووەكەی دیكەشی تێچووی سووتەمەنی وێستگەكان بووە.
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: ساڵانی ڕابردوو تێچووی بەرهەمهێنانی هەر كیلۆواتێك كارەبا 80-120 دینار بووە، بەڵام بۆ ئەمساڵ نازانرێت خەرجی كارەبا چەندە، چونكە هێشتا بڕەی پارەكە دەرنەهێنراوە. گوتیشی: لە ئێستادا توانای بەرهەمهێنانی كارەبا گەیشتووەتە 3000 مێگاوات، بەڵام خواست لەسەر كارەبا 4500 مێگاواتە. ئاماژەی بەوەشدا، گرفتی دابینكردنی غازیان بۆ وێستگەكانی كارەبا هەیە و هەردوو وەزارەتی كارەبا و سامانە سروشتییەكان لە هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی گرفتەكە و چاوەڕێی پارە و سووتەمەنی دەكەن.
لەبارەی فرۆشتنی كارەبا بە هەردوو پارێزگای موسڵ و كەركوك، ئومێد ئەحمەد گوتی: وەكو وەزارەتی كارەبا 400-700 مێگاوات كارەبا بەو دوو پارێزگایە دەفرۆشین و بەپێی بارودۆخ ئەو بڕە زیاد و كەم دەكات. گوتیشی: فرۆشتنی كارەبا بە موسڵ و كەركوك لەبەر دوو هۆكارە، هۆكاری یەكەم: وەزارەتی كارەبا هیچ بڕە پارەیەكی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بۆ خەرج ناكرێت تا بدرێت بە وەبەرهێنەرەكانی كارەبا. دووەم: سووتەمەنی پێویست نییە بۆ كارپێكردنی یەكەكانی كارەبا. زیاتر گوتی: بەپێی ئەو وزەیەی پێشكەشی ئەو دوو پارێزگایەی دەكەین، مانگانە پارەكە دێتە سەر ژمارە حسابێك و ئێمەش دەیدەینەوە بە وەبەرهێنەرەكانی وەزارەتی كارەبا.
سەبارەت بە جێبەجێكردنی سیستمی پریپەید، وتەبێژی وەزارەتی كارەبا دەڵێت: لە ئێستادا كارەبای سەنتەری قەزای ئامێدی كراوە بەو سیستەمە و كارەكە وەكو پڕۆژەیەكی نموونەیی ئەزموونی سەیر دەكرێت، ئەگەر تێیدا سەركەوتوو بووین لە ڕووی هونەری و كۆنتڕۆڵی خواست و ئەو لایەنە هونەرییەی لە نێو پێوەری زیرەكدا هەیە، هەمووی ئەزموون دەكەین و دواتر فیدباكی دەرئەنجامەكەی وەردەگرینەوە و بەپێی فیدباكەكە ئەتوانین هەنگاوی دیكە بنێین و پڕۆژەكە بۆ هەموو كوردستان فراوان بكەین.
پاش ئەوەی كارەبای ئامێدی كرا بە سیستمی پریپەید، وەزارەتی كارەبا لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، پریپەیدی كارەبا سیستەمێكی پێشكەووتووی جیهانییە و بەهۆیەوە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە و ئابوورییانە كارەبا بەكاردەهێنرێت و هاووڵاتیان دەتوانن بە شێوەیەكی باشتر و زیاتر و دادپەروەرانەتر سوود لە كارەبا وەربگرن. وەزارەتەكە دەشڵێت: لە پلانماندایە سیستمی پریپەید لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكەین.
لەبارەی كەمكردنەوەی كرێی كارەبای ئەو پڕۆژانەی نیشتەجێبوون كە سیستمی پریپەیدە و نرخی هەر كیلۆواتێك كارەبا لە 18 دینارەوە بۆ 156 دینار بەرزبووەتەوە و ئەوەش ناڕەزایەتی دانیشتووانی یەكەكانی لێكەوتووەتەوە، ئومێد ئەحمەد ڕایگەیاند: بە زۆرینەی دەنگی ئەنجوومەنی وەزارەتی كارەبا، نرخی كارەبای پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون لە 21ـی ئەیلوولەوە كەمكراوەتەوە و بۆ ئەو مەبەستە نووسراو ئاڕاستەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران كراوە و چاوەڕێی گەڕاندنەوەی ڕەزامەندین.