خەبات: هێمن ئاری:- هونەرمەند شەماڵ جەلال سائیب لەدایکبووی ساڵی 1930ی شاری سلێمانییە، بەیەکێک لە هونەرمەندە دیارەکانی کورد دادەنرێت. لەسەردەمی خۆیدا توانی کۆمەڵێک کار و بەرهەمی جوان پێشکەش بە هەگبەی هونەری کوردی بکات. ئەو یەکەم هونەرمەندی کورد بووە دوێتی کردووەو ئافرەت لەکلیپەکانیدا ڕۆڵی بینیووە.
شەماڵ سائیب، لە تەمەنی منداڵییەوە فێری عود ژەنین بووە و لە سەرەتای ژیانی ھونەریدا شێوازی مۆسیقازان و گۆرانیبێژی میسری فەرید ئەترەشی کردووە بەڕێچکەیەکی هونەری بۆ خۆی سوودی لەهونەری ئەو وەرگرتووە، ئەو هونەرمەندە لە ساڵانی پەنجاکان بەدواوە قۆناغێکی نوێی لەڕووی لەئاواز و میوزیک هێنایە نێو ھونەری کوردی. ئەوەبوو لە ساڵی 1956 وەک دەنگێکی تازە دەرکەوتوو بە نوێکاری هاتە ناو گۆڕەپانی ئاواز و گۆرانی کوردی و گەلێک گۆرانی کوردی جوانی بڵاوکردەوە وەک « شوانە ھۆ شوانە ، بەردە بەردە ، ھاتی بۆ ھاتی ، ھاتم ھاتم ، ھەرە لەیلێ، جوان ئێمە جوانین ، هاوار سەد هاوار ، بۆتۆیە دڵ بۆتۆیە ، … هتد » هەروەها یەکەم هونەرمەندیش بووە گۆرانی بۆ منداڵان گوتووە و کۆرسی هێناوە بۆ گۆرانی گوتن. جەلال سائیبی باوکی لەچەند ناوچەیەکی کوردستان قائیمقام بووە، بەڵام وەک هونەرمەند شەماڵ سائیب خۆی ئاماژەی بۆ دەکات لەژیانێکی سەخت و پڕ لەناخۆشی و نەبوونی ژیاوە، بەو هۆیەوە عودەکەی فرۆشتووە بۆ ئەوەی شتێک پارەی بێتە گیرفانی.
شەماڵ، دوای تەواوکردنی قۆناغی سەرەتایی و خوێندن دەچێتە کۆلێژی مەلیک فەیسەڵ لەشاری بەغدا کەقوتابخانەیەکی دواناوەندیی بووە بەزمانی ئینگلیزی خوێندوویەتی. هەروەها بەیەکەم هونەرمەندی کوردیش دادەنرێت لەکۆتایی چلەکانی سەدەی ڕابردوو بەشێوەیەکی ئەکادیمی مۆسیقای خوێندووە و چووەتە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغدا و دوایی هەر لەئێزگەش دامەزراوە. ئەو هونەرمەندە لەسەر ئاستی عێراقیش یەکەم هونەرمەند بووە 10 گۆرانی بەهاوکاری دەرهێنەرێکی فەڕەنسی بەناوی شیراک کلیپ کردووە و ئافرەت لەکلیپەکانی ڕۆڵیان بینیووە و دوێتی گۆرانیشی لەگەڵ ئافرەتکردووە.
ئەو هونەرمەندە رۆشنبیرییەکی باشی لەمیوزیک هەبووە، لەتەمەنی 17 ساڵییەوە لەڕۆژنامەو گۆڤارەکانی ئەو کات بابەتی لەبارەی میوزیک و هونەر بڵاوکردۆتەوە، شەماڵ سائیب، لەساڵی 1956 دوای تەواوکردنی کۆلیژی ئاداب بەشی مێژوو لەزانکۆی بەغدا، لەساڵی 1959 لەپەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغدا دەبێت بەمامۆستا. بۆ یەکەمجاریش لەساڵی 1961 لەسەر قەوان سروودی ئەی ڕەقیب تۆماردەکات کە لەئاوازی شێخ حوسێن بەرزنجی و هۆنراوەی دڵداری شاعیرە.
ئەو هونەرمەندە لەساڵی 1961 دەچێتە واشنتۆن و لەشوققەیەکدا دەژیێت، لەساڵی 1970 بڕوانامەی ماستەر لەمێژووی ئیسلام لەزانکۆی ئیندیانا بەدەست دێنێت. لەساڵی 1971 بۆ دامەزراندنی کۆلیژی ئاداب لەزانکۆی دەگەڕێتەوە کوردستان و دەبێتە مامۆستای زانکۆ. لەساڵی 1982 دوای گواستنەوەی ئەو زانکۆیە بۆ هەولێر، ئەویش ماڵی دەگوازرێتەوە هەولێر و دوای ئەوە جارێکی نایەوێت بچێتەوە سلێمانی و تاکۆتاییەکانی تەمەنی لەشاری هەولێر دەمێنێتەوەو ساڵانێک لەشوققەکانی ئیسکان ژیان بەسەر دەبات، هۆکاری نەگەڕانەوەکەشی بۆ سلێمانی بەهۆی دڵ شکانییەتی لەوشارە، وەک دەگوترێ داوایکردووە بکرێت بەسەنتەری هونەری کوردی، بەڵام بەهۆی هەڵسوکەوتی نەشیاو لەلایەن چەند میوزیکژەن و هەمەرمەندێکی سلێمانی بووەتە هۆی نیگەرانی و دوورکەوتنەوەی لەو شارە، ئەوەندە هەستی بەنیگەرانی کردووە کە زۆرجاران لای دۆستە نزیکەکانی گوتویەتی خۆم بەهەولێری دەزانم و وەسیەتیشی کردبوو دوای مردنی لەهەولێر بینێژن وەک وەفایەک بۆ ئەو شارە تا ببم بەشێک لەخاک و خۆڵی ئەو شارە. شەماڵ سائیب لەشاری هەولێر دۆستایەتییەکی باشی لەگەڵ شێخ سەڵاحەدینی باقلانی و عەبدولڕەحمان بێلافی کوڕی شێخ سەڵاحەدین دەبێت و لەکاتی نەخۆش کەوتنیشی ئەوان ئاگاداری دەبن و ئێستاش بەشێک لە کەلەوپەل و یادگارییەکانی لای بێلاف ماون. تەنانەت شەماڵ سائیب خۆشی وەسیەتی ئەوەی کردبوو دوای مردنی گۆڕەکەی لەهەولێر بێت، لەسەرمەرگدا لەگەڵ تێکچوونی تەندرویتی هەواڵ بە براکەی دەدەن تەندروستی شەماڵ خراپە و لەکۆتاییەکانی ژیانیەتی، براکەی لەسەرمەرگدا بەهانایەوە دێت و دەیبەنەوە بۆ سلێمانی و لەوێ بە 7/ 11/1986 لەتەمەنی 55 ساڵی کۆچی دوایی دەکات و لەوێ لەگردی سەیوان دەینێژن.











