بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر ئاگادارییەکی بۆ شۆفێران بڵاوکردەوە و رایگهیاند، لە 20ی ئەم مانگەوە هەر ئۆتۆمبێلێک دوکەڵ بکات دەستی بەسەردا دەگیرێت.
فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر راگەیاندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە، بەمەبەستی پاکڕاگرتنی ژینگەی شار و دابینکردنی مەرجەکانی توندوتۆڵی لە ئۆتۆمبێلەکان بەگشتی و بارهەڵگرەکان بەتایبەتی ئەو هەنگاوەیان گرتووەتەبەر.
هاتوچۆ سەرجەم شۆفێرەکانیش ئاگادار دەکاتەوە، کە نابێت ئۆتۆمبێلەکانیان دوکەڵ بکات و گازی ژەهراوی دەربکات.
وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە، لەمڕۆ 9ی مانگەوە تا 20ی ئەم مانگە مۆڵهت دەدرێتە شۆفێران ئۆتۆمبێلەکانیان چاک بکەنەوە، بەپێچەوانەوە دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکانیاندا دەگیرێت.
دەشڵێت، لەدوای ئەو بەروارەوە هەر ئۆتۆمبێلێک لەسەر رێگاوبانەکان ببینرێت و دوکەڵ بکات و گازی ژەهراوی دەربکات، راستەوخۆ لەلایەن مەفرەزەکانی هاتوچۆ و ئەفسەر و کارمەندانەوە دەستی بەسەردادەگیرێت، خاوەنەکەی ناچاردەکرێت بە چاکردنەوەی، بەپێچەوانەوە ئۆتۆمبێلەکە لە گەراجی دەستبەسەرداگرتن دەمێنێتەوە تا چاکی دەکاتەوە.










