بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەولێر دەستبەسەرداگرتنی دەیان کیلۆ ماددەی هۆشبەریان ڕاگەیاند کە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق هەڵمەتەکەیان جێبەجێ کردووە.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا بە ئامادەبوونی ئەفسەرانی کاروباری ماددە هۆشبەرەکانی عێراق، ئەرکان عومەر، ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە لە هەڵمەتێکی هاوبەشی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان و  بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، هەڵمەتێکمان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەکانی هۆشبەر ئەنجام داوە، لەو چوارچێوەیەدا توانرا 49 تۆمەتبار دەستگیر بکرێن و ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.

گوتیشی: هەر لەو هەڵمەتەدا هەشت کیلۆ و 129 گرام تلیاک و یەک کیلۆ و 681 گرام کریستاڵ و 229 کیلۆ و 500 گرام حەبی هۆشبەری جۆری کاپتاگۆن و دوو کیلۆ و نۆ گرام هێرۆین دەستی بەسەردا گیراوە.

هیمداد حوسێن، بەرپرسی لێکۆڵینەوەی یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەوبارەیەوە گوتی: بەهۆی هەڵمەتی هاوبەشی بیست ڕۆژی ڕابردووەوە توانیمان تۆڕێکی ڕێکخراوی ماددەی هۆشبەر دەستگیر بکەین و توانرا ئەو دەستکەوتە هەبێ کە ئەمڕۆ ڕاگەیانرا.

هەر لەم بارەیەوە، ئەحمەد غێدان، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق گوتی: بەهۆی ئەو هەماهەنگییەی لە نێوان وەزیرانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەبوو توانرا تۆڕێکی بازرگانیی هۆشبەری نێودەوڵەتی دەستگیر بکرێ کە نۆ کەسن،  چواریان بیانین و داواکراوی نێودەوڵەتین.

باسی لەوەش کرد: ئەو تۆمەتبارانەی کە بەپێی ماددەی  27ی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر کراون، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی داوا کراون و دەنێردرێنەوە وڵاتەکانیان.

لە کۆتاییشدا ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە گوتی: ئەوە یەکەم جارە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق لەو جۆرە هەماهەنگییە هەبێت و ئەوەش دەستکەوتێکی ئێجگار گرنگ بوو کە تێیدا زیاتر لە چارەگە تۆنێک ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە و تەواوی تۆمەتبارانی تێوەگلاویش دەستگیر کران.