مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی دامەزراوەی کوردستان 24-وە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە.
لە پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتدا هاتووە: ”بە بۆنەی هەشتەمین ساڵی دامەزراندنی دامەزراوەی کوردستان 24 بۆ توێژینەوە و ڕاگەیاندن و دەستبەکاربوونی کەناڵی کوردستان 24، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێوەبەری گشتی و سەرجەم کارمەندانی کوردستان 24 دەکەم و هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتریان بۆ دەخوازم.”
مەسروور بارزانی جەختیش دەکاتەوە: ”كوردستان 24، هەشت ساڵ لەمەوبەر لە کاتێکدا دامەزرا، کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بە سەرکردایەتیی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی لە ڕووبەڕووبوونەوەدا بوون لەگەڵ تیرۆریستانی داعش و لە بەرگریکردن بوون لە خاک و خەڵکی کوردستان، کە سەرەنجام پێشمەرگە قارەمانەکان، داستان و نەبەردیی گەورەیان تۆمار کرد و ئەفسانەی داعشیان تێک شکاند. كوردستان 24یش ببووە بڵندگۆ و سەکۆی پێشمەرگە و سەرکەوتنە بێوێنەکانی پێشمەرگەی بە جیهان گەیاند.”
سەرۆکی حکوومەت هیوایشی خواستووە کە ”کوردستان 24، بە شێوەیەکی پیشەییانە بەردەوام بێت لە بەجێگەیاندنی ئەرکی ڕاگەیاندنی خۆی لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و گەیاندنی ڕاستییەکان لە سەر بنەمای ڕاستگۆیی و بەرپرسیاریەتیی نیشتمانی و داکۆکیکردن لە ماف و دەسکەوتەکانی گەلی کوردستان.”