سهرهتا وتار لەپشت هەر کەسێکی سەرکەوتوو، ساڵانێک شکەست هەیە
بێلان ڕۆژبەیانی
هەموومان خەون ئامانجمان هەیە، كە دەمانەوێت پێیبگەین، بەڵام خاڵی سەرکەوتن هەیە کە بۆ خۆمان و خەونەکانمان دیاریمان کردووە و دەمانەوێت بیکەین بە واقیع. سەرکەوتن دەرئەنجامی ئامادەکاریی باش و کاری سەخت و فێربوونە لە هەڵە و کەوتن و شکەستەکانی ژیان، سەرکەوتن لە هەر پرۆژەیەکدا خۆی لەخۆیدا شتێکی مەتریاڵ و ئاسا نییە، شتێکی مادی نییە کە بتوانین بەچاو بیبینین، سەرکەوتن تەجروبەی ژیانە و کاردانەوەی لەسەر دەروونی تاک هەیە، لەسەر هەست و نەست هەیە، لەوە زیاتر هیچ پێوەرێکی دیکە نییە بۆ دەستنیشانکردنی هەر تاکێک، خۆ ئەگەر کارەکانی لە پێشووتر یاخود لەجاران باشتر بە ئەنجامگەیاند، ئەوە لەو سنوورەدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە. یەکێک لەگرنگترین نهێنییەکانی سەرکەوتن هەڵبژاردنی هاوڕێ و کەسی گونجاوە بۆ ژیان، کەسێک بێت هاوکارو پاڵپشتی فیر و بۆچوونەکانت بێت، بەو جۆرە تۆ لە سەرکەوتنەکانت نزیکتر دەبیتەوە.
زۆرجار بەشێکی زۆری خەڵک سەرکەوتن بەپارە و دەوڵەمەندیی دەپێون، بەڵام لەڕاستیدا پارەو مادە بەهیچ شێوەیەک بۆ سەرکەوتن پێوەرنین، ئەوە نەبێت زۆرجار سەرکەوتنەکان مادەو دارایی باش لەگەڵ خۆیاندا دەهێنن، گرنگترین شت کە بزانین ئەوەیە با مادە و پارە هانتبدات بۆ سەرکەوتن و پێشکەوتن، نەوەکو سەرکەوتن و پێشکەوتنەکانت بەمەبەستی كۆكردنەوەی پارەبن.
بە ئەدیسۆنیان گوت (تۆ لە دوو سەد تاقیکردنەوەدا شکەستت، هێنا کە گڵۆپ دروست بکەی، ئیتر بۆ وازناهێنیت؟ ئەدیسۆن گوتی: بەپێچەوانەوە من دوو سەد ڕێگا فێربووم کە گڵۆپیان لێ دروست ناکرێت)، كەواتە مرۆڤی سەرکەوتوو لە شکەستەکانیشدا ڕێگای سەرکەوتن فێر دەبێت، لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ نا سبەی ئەم دەرفەت نا دەرفەتێكی دیکە دێتە پێشەوە، ئەوەی لەسەر تۆیە بەردەوامیی و کۆڵنەدانە، کە بیکەی بەرێسای کارکردنی خۆت و هیچ کاتێک ئومێد لەدەست نەدەیت، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە فێربین هیچ شتێک مەحاڵ نییە و هەر مەحاڵ مەحاڵە بۆ ئەوەی سەرکەوتووبیت، دەبێ هیچ کاتێک لە شکەست نەترسیت و مەترسییە گەورەکان تێپەڕێنیت.
سەرکەوتن ماناو بەهایە، پەیوەندییەکی توندی بەژیانمانەوە هەیە تاچەند ئەوسەرکەوتنە بەرەو مەبەستە گەورەکانی ژیانمان دەبات، دەبێت ئەو هەستە لە ناخی خۆمان دروست بکەین، ڕۆژ نییە گوێمان لەوە نەبێت کە کێ سەرکەوتووە و کێ سەرکەوتوو نییە و شکەستی هێناوە، هەمیشە ئەوانەی سەرکەوتنیان لەبوارێکدا بەدەست هێناوە بەچاوی ڕێزەوە تەماشا دەکرێن و ئەوانەیشی کە لە قوناغێک لە قۆناغەکانی ژیانیان سەرکەوتوو نەبوون، وەکو دۆڕاو تەماشا دەکرێن، ئەمەیش خۆی لەخۆیدا هەڵەیەکی زۆر گەورەیە و نیشانەی خراپ تێگەیشتنە لە گۆڕانکاری تاکدا.
بێگومان هەموو کەسێک ئارەزووی سەرکەوتن دەکات و لە شکەست نیگەران دەبێت، بەڵام ئەوەی گرنگە کە درکی پێبکەین لە هەر دوو قۆناغەکەدا گۆڕان دێتە کایەوە و دەبێ ئەوەیش بزانین هەندێجار سەرکەوتن کەمتر گۆڕانی بەدواوەیە یان چەقبەستن دروست دەکات، چونکە هەندێک کەس کە سەرکەوتن بە دەست دەهێنن، ئیتر دەڵێ گەیشتووم بە مەبەستی خۆم و واز دەهێنێت و بەردەوام نابێت، نەک هەر ئەوەش هەندێ سەرکەوتن هەیە گۆڕانکاری دروست ناکات و نەزۆکە. بێنگت ڕێناندەر لە کتێبی بیرێکی چاکدا دەڵێت: کەسێک کە خاوەنی پارەیەکی زۆرە و هیچی پێ ناکات، کەسێکی سەرکەوتوو نییە).